ئابووری

حكومه‌ت له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا كارێك له‌سه‌ر مووچه‌ ده‌كات

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومه‌ت له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا كارێك له‌سه‌ر مووچه‌ ده‌كات

مه‌ودا میدیا-

پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت "کار دەکرێت تاوەکو لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی راستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی وەزیفییان رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بکرێت".
 
له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بەڕێوەچوو، ده‌شڵێت "ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووریی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان دەکات".
 
دەقی راگەیه‌ندراوەکەی حکومەتی هەرێم:
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە یادی (63)ــه‌مین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، کە شۆڕشێکی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵکی کوردستان بوو، بە گشت پێکهاتە جیاوازەکانییەوە لەپێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی.
 
پاشان تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە خرایە ڕوو، کە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ کاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاووتوێکردنی ڕێکار و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەکانی حکومەتی هەرێم، بە جۆرێک هیچ بیانوو و بەهانەیەک بۆ وەزارەتی داراییی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە، بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجکردنی شایستەی داراییی مووچەخۆرانی هەرێم.
 
ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی پەسەندکراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەکە، و بڕیاری کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بۆ خەرجکردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردستان کە بێبەش کرابوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).
 
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی هێنانەکایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەکراون و ڕەچاوکردنی تێبینی وسەرنجەکانی دیکە، بە جۆرێک لە نزیکترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستکراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان ڕەوانەی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرانبەردا حکومەتی فیدڕاڵ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی پێشوو بنێرێت، کە خەرجکردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بکرێت و ئامادەکاریی پێویستیش بکرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
 
دواتر هەریەک لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتیەکان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستە ڕوو، کە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حکومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر کردووە و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی، لە میانەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووریی فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری کشتوکاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەکردن، مۆڵەتی کارگەکان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، پۆلێنکردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و کەرتی بانکی.
 
ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی کارکردنی لیژنە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور.
 
سەرۆک وەزیران هیوای خواست ئەو کەشە ئەرێنیی و لەیەکتێگەیشتنەی لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆی تێدا کرا ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی گشت کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەردوولا.
 
دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان بگیرێت.
 
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵیی بۆ ئابووری و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغدا بۆ بەردەوامیدان بە کۆبوونەوە و دانیشتنەکان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی کە ماون.
 
پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان