ئابووری

كێشەی هاوتانه‌كردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی ئاشكرا كرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


كێشەی هاوتانه‌كردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی ئاشكرا كرا

مه‌ودا میدیا-

كێشەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی په‌یوه‌سته‌ به‌ كێشەی مووچەی ئەفسەرەكان، چونكە بەهاوتاكراوی ئەوان زەرەرمەند دەبن  و مووچەكەیان كەم دەكات.

فەریقی یەكەم جەبار یاوەر، شارەزای بوارەكانی سەربازی و ئەمنیی ئاشكرایكرد "خانەنشینانی پێشمەرگە به‌شێكیان كارمەندان و به‌شێكیان ئەفسەرن، كاتێكیش مووچه‌یان هاوتا بكرێت، ئه‌وانه‌ى كارمەندن سوودمەند دەبن و مووچەكانیان زیاد دەبێت، كه‌ تێیاندا هه‌یه‌ مووچەی 250 هەزار دینارە، بەڵام كه‌ هاوتاكرا كەمترین مووچە دەبێتە 500 هەزار دینار".

وتیشى "ئه‌وه‌ى بووه‌ته‌ كێشه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ ئەفسەرن، چونكە ئەو مووچە بنەڕەتییەی لە هەرێمی كوردستان دەدرێت بە ئەفسەران كەمترە، بۆ نمونە ئه‌فسه‌رێكى له‌ هه‌رێم پله‌كه‌ى عەقید بێت ملیۆنێك و 400 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام هەمان پلە لە بەغدا مووچەكەی ده‌گاته‌ دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار، ئەوەش وایكردووە ئەفسەرەكانی هەرێم لەو یاساییە زەرەرمەندبن".

روونیشیكرده‌وه‌ "لە یاسایی ژمارە نۆی خانەنشینی یەكگرتووی عیراقدا، مووچەی بنەڕەتی و ساڵەكانی خزمەت هەژمار دەكرێت، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئەفسەرانی هەرێم زەرەمەند دەبن، چونكە مووچە بنەڕەتییەكەیان كەمە و ده‌بێته‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى مووچەكەیان به‌راورد به‌و مووچەیەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان وەریدەگرن". 

ناوبراو، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "ئه‌وه‌ى بووەتەهۆی راگرتنی مووچەی مانگی حه‌وت ئه‌و كێشه‌یه‌یه‌ و لیژنەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی دارایی دروستكرا به‌ مه‌به‌ستى چارەسەكردنی ئەو كێشەیە و بڕیارە لیژنەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق كۆببێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی یاسایی بۆ كێشەكە بدۆزنەوە، كه‌ بە جۆرێك بێت ئەو ئەفسەرانە زەرەرمەند نەبن".

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan