کوردستانی
بارزانى و مهزڵوم عهبدى كۆبوونهتهوه؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مهودا میدیا-
سەرچاوە نافهرمییهكانى کوردستانی سووریا باس لەوە دەکەن رۆژی هەینی رابردوو بە نێوەندگیریی فەڕەنسا و ئەمهریکا، مەزڵووم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەردانی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کردووە لە پیرمام، هەندێکیشیان دەڵێن تەنیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە.
رۆژی دووشەممەى ئهم ههفتهیه، بۆ یەکەمجار لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی یەک هەڵوێستی کورد لە سووریای نوێدا کۆ بوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کراوە لەسەر بەردەوامبوونی دیدارەکان و پەلەکردن لە چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکی لەسەرەکان.
ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسيی شێروان ئیبراهیم باس لە ووردەکاری دیداری نێوان مەسعوود بارزانی و مەزڵوم کۆبانی دەکات کە رۆژی هەینی رابردوو بە نێوەندگیریی فەڕەنسیەکان مەزڵوم کۆبانی سەردانی مەسعوود بارزانی کردووە و گفتوگۆیان کردووە لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و دیالۆگی کوردی – کوردی و لێکنزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکان بەتایبەت کە ئەنەکەسە رەتی دەکردەوە لەگەڵ هەسەدە دابنیشێت، بەمەبەستی پێکهێنانی وەفدێکی هاوبەش و رەوانەکردنی بۆ دیمەشق بۆ قسەکردن لەسەر ئاییندەی سووریا و مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ئاییندەی سووریای نوێدا.
هەروەها سەلاح خدر رۆژنامەنووسی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان شەوی رابردووی بڵاویکردەوە "مەزڵوم کۆبانی و مەسعوود بارزانی رۆژی هەینی رابردوو بە نێوەندگیری فەڕەنسییەکان کۆبوونەتەوە".
هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن لە نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم کۆبانی پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامدراوە نەک دیداری رووبەروو.
ع