د.شیلان فەتحی
گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گرنگیی هێناوە و بە جیهانناساندنیان
بەهۆی جینۆسایدی ئەنفالەوە، کە رژێمی سەدامی لەناوچوو بەسەر نەتەوەی کورددا هێنای، هەزاران گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دۆزراونەتەوە، یەکێک لە ئەرکە هەر لەپێشینە و سەرەکییەکانی دەسەڵاتی کوردی و خەمخۆرانی ئەو بوارە هێنانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە و دروستکردنی مۆنۆمێنتی نیشتمانیی گەورەیە بۆیان، دواتر کارکردنە بۆ ئەوەی بەجیهان بناسرێن کە چۆن رژێمی سەدام حسێن بۆ چەندینجار نەتەوەی کوردی جینۆساید کردووە.
تازەترین گۆڕی بەکۆمەڵ کە دۆزرایەوە گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە بوو کە مرۆڤ تووشی شۆک دەکات، وێنەکانی قوربانییەکان و تێکەڵبوونی جەستەیان و دەیان دیمەنی شکۆهێنەر، بابەتی دەیان نووسین و سیناریۆی فیلم و چیرۆک و رۆمانن، هەروەها دۆکیۆمێنتکردنیان یەکێک لە کارە گرنگەکانە کە نابێت دوابخرێت.
لەو سەروبەندەدا بینیمان چۆن شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق ئازایانە هاتە سەر هێڵ و سەردانی مەیدانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کرد و بەڵێنیدا هەموو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی روفاتی پیرۆزی ئەو جینۆسایدکراوانەمان بهێنێتەوە بۆ ناو کەسوکاری خۆیان، کە ئەوە ئەوپەڕی وەفایە و پێویستە رێزی لێ بگیرێت. هەروەها دەبێت دان بەوەشدا بنێین کە خانمی یەکەمی عێراق تەنها سیاسەتمەداری خەمخۆرە کە خاوەندارێتیی لە کەیسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکات و هەموو هەوڵ و پێگەی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی شکۆدارانە بهانهێنێتەوە بۆ کوردستان.
لە سەرووی ئەوەیشەوە هەوڵەکانی بە جیهانناساندنی جینۆسایدی نەتەوەی کورد و ئاشناکردنی دەوڵەتانی زلهێز و نەتەوە یەکگرتووەکان بەو گۆڕە بەکۆمەڵانە، پێویستە ئەکتیڤ بکرێن و لۆبی بۆ بکرێت و دەیان کۆڕ و کۆنفرانسی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان لەسەر سازبکرێن، ئەوە وادەکات ببێتە گرەنتی رێگرتن لە دووبارەبوونەوەیان.
بەگرنگییەوە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و هێناننەوەیان دەبێت بکرێتە یەکێک لە کارەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی تایبەتیان بۆی هەبێت و بودجەی گەورەی بۆ تەرخان بکرێت، نەک بەشێوەیەکی رۆتینی و هەر لە ئاستی قسەدا بووترێت گرنگییان پێ دەدرێت.
حەسرەتی کەسوکاریان بۆ هێنانەوەی روفاتی ئازیزانیان، کە هاوکات کەسوکاری ئازیزی ئێمەیشن، لەسەر هەموومانی پێویست دەکات کە هەوڵەکانمان لەسەر چەندین ئاست بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی روفاتەکان بهێنرێنەوە ئامێزی پیرۆزی نیشتمان و بیکەینە بەشێک لە یادەوەریی نەمری هەموومان.
خ.غ
خ.غ