د.شیلان فەتحی
کەرکوک، کەرکوک، کەرکوک
چاوی زەقی دوژمنکارانەی رژێمی بەعس و ویستی تەماحکاری دەوڵەتانی دراوسێ و بەرژەوەندیی زلهێزان لە سەردەمە جیاوازەکان بەسەر کەرکوکەوە لە خۆڕایی و مەرامێکی سەرپێی نەبووە، هەر بۆیە بەگشتی کوردەکان و بەتایبەتی لە ستراتیژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا ترس و ئەگەرەکان لە هەموو قۆناغە جیاوازەکان ئیشی لەسەرکراو بوونە بۆ هەر پێشهاتێک. دەمێکە لە زاری هەڤاڵ مام جەلالەوە بەمەبەستی حاڵیکردنی ناحەزان و دوژمنان چوواندنێک کراوە لەنێوان (قودسی عەرەب و قودسی کوردان)، تاکو بزانن گرنگی و پێگەی کەرکوک و پیرۆزی خاکەکەی بەلای کوردانەوە چەندە.
درێژەدان بە ژیان و کوردبوون لە کەرکوک لە هەموو قۆناغ و دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی عیراقی بەئێستایشەوە جیاوازە، بەجۆرێک کە پشوودرێژی و ئیرادە و بەرەنگاری و ئومێد پێویستییەکی کەرکوکییەکانە، ئەگەرنا لەناو جوگرافیایەکی تەندراو بە تان و پۆی بەرژەوەندی و مەرامی دەوڵەتان بێ پسانەوە، ئاسان نییە کوردبوونی کەرکوکییانە.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرەڕای هەڕەشە و پیلانگێڕی ناوخۆیی و دەرەکی کە تائێستاش ناسنامەی نیشتمانی و خاوەنداری گەلێکی لە گیرفانە، ماوە ماوەش (بەشانازییەوە) تاوانبار دەکرێت بە هاوکاریی کوردانی چوار پارچە، بە جێگیری ویست و دید و ئامانجی لەمەڕ کەرکوک ئاشکرا و بێ ڕتوشە و بە هەموو شێوەیەک تاکە بەرگریکاریی خاک و خەڵکەکەیەتی.
راپەڕین و رزگارکردنی شارەکە یەکێکە لە دەستکەوتە هەر پیرۆزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، کە هەم یەکێتی و هەم خەڵکی شارەکە پێی دەنازن.
گەیاندنی دوایین پەیامی رێکخستنەکان بە چرپە چرپ، جرت و فرتی ئازاکان، نزای پیرەپیاوێکی کوڕ شەهید، بانگی دایکێکی کەوتو لە داخی سێدارە، سەرەتاتکێی کچان بۆ بەسەلامەت گەیشتنی مەفرەزەکانی پێشمەرگە بە گەڕەکە خامۆشکراوەکان، سەری ساڵی کوردی و نەورۆز و راپەڕین و رزگاری، لە بەهاری راپەڕیندا، بوون بە تاجی شانازی گەلێک، بەیەکەوە هەمووان وەک یەک جەستە رووبەڕووی زوڵمی لەمێژینەی دەسەڵاتەکە بوونەوە، بە قارەمانیەتی پێشمەرگە خەونی چەندین ساڵەی ئازادییان کرد بە حەقیقەت، کەرکوک لە نەخشەی راپەڕیندا، وەک سەدان بەڵگە و دێکۆمێنتی مێژووی تر کوردستانییە، وەک چۆن دوا شاری رزگارکراو بوو لە دەستی بێگانە.
لەم یادەدا
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە هەمان ئامانج و جۆشی راپەڕین بەگوێرەی ژینگە و دۆخی سیاسی و هاوکێشەکان تێدەکۆشێ بۆ کەرکوک، دەستبەرداربوون لە کەرکوک جاڕی نەمانی ئەو حزبە تێکۆشەرەیە، حزبێک کاتێک دەزگاکانی راگەیاندن لە سەرۆکەکەی دەپرسن پەیامتان چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: کەرکوک و کەرکوک و کەرکوک.
خ.غ
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە هەمان ئامانج و جۆشی راپەڕین بەگوێرەی ژینگە و دۆخی سیاسی و هاوکێشەکان تێدەکۆشێ بۆ کەرکوک، دەستبەرداربوون لە کەرکوک جاڕی نەمانی ئەو حزبە تێکۆشەرەیە، حزبێک کاتێک دەزگاکانی راگەیاندن لە سەرۆکەکەی دەپرسن پەیامتان چییە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: کەرکوک و کەرکوک و کەرکوک.
خ.غ