د.شیلان فەتحی

د.شیلان فەتحی

یادکردنەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پرۆژەیەکی نیشتمانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرۆژەیەکی کوردستانییە و تەواوکەری چەمکی نیشتمانیی عیراقە، هەروەک نوێنەرایەتیی گوتارێکی زیندوو دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئەزموونی دیموکراسی لە عیراق و ناوچەکەدا.

دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەدەستپێشخەریی سەرۆک مام جەلال  لە ساڵی 1975دا لەگەڵ ژمارەیەک لەو تێکۆشەرانەی کورددا کە خەمی خەباتی سیاسیی کوردستانییان لەگەڵ خەمی نیشتمانیی عیراق تێکەڵ کردبوو، بەو پێیەی ئەو بژاردەیە بژاردەیەکی ستراتیژییە بۆ باشترین شێوازی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی کورد بەمەبەستی پتەوترکردنی بژاردەی دیموکراسی و نیشتمانیی فراوان، کە لەلایەک دابڕاندنی نەتەوەیی تێپەڕێنێت و  لەلایەکی دیکەشەوە لەناو چارەسەرە نیشتمانییەکاندا ئاوێتەی بکات وەک پێشینەی پرۆژە عیراقییەکە.

پێش قۆناغی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چەند قۆناغێکی دیکەدا خەبات هەبووە لە بواری گەشەپێدانێکی کارای ئەدەبیاتی سیاسی و فیکری وەک هەوڵێک بۆ هێنانەدیی هاوسەنگییەک لەنێوان خواستە نەتەوەییەکانی کوردستان و شەئنی عیراق بەشێوەیەکی گشتی و نێوان ناوەڕۆکە دیموکراتییەکان و خواستە کۆمەڵایەتییەکان بەو پێیەی کوردەواری و کۆمەڵگەی عیراق فرە چین و توێژی کۆمەڵایەتین، هەروەک هێنانەدیی هاوسەنگی لەنێوان شۆڕشی بەرگریی چەکداری و پێداویستیی گەشەپێدانی پیادەکردنی دیموکراسی لەسەر ئاستی هەموو نیشتمان، بەبێ ئەوەی ئەمە بەو مانایە بێت کە زیادەڕۆیی لە بژاردەی بزووتنەوەی چەکداریدا بکرێت، یاخود نەرمی لە بەرانبەر بەگژاچوونەوەی دیکتاتۆریی رژێمی بەعس بنووێنرێت کە هەموو توانایەکی لەناوبرد بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی سیاسی و ئاشتیانە و هەموو ئەو مەکۆ و سەنتەرانەی کاری سیاسیی کۆنترۆڵکرد کە ئەگەری هەبوو لێیەوە کار بە ئاراستەی خەباتی ئاشتییانە و مەدەنییانە بکرێت.

بەکورتی، ئەزموونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوە رووندەکاتەوە کە شۆڕش و خەباتی هەمەلایەن کایە و مەودای بەشداریی میللی فراوان دەکات و بژاردە جۆربەجۆرەکان ئەکتیڤ دەکات لەبەردەم هێزە سیاسییەکان و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا.

بەم هۆیەشەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرەڕای ئاراستە و بیرکردنەوە کوردستانییەکەی، بووەتە باخچەی پشتەوەی خەباتی نیشتمانیی عیراقیش، جا چ لە رێگەی ناوچە ئازادکراوەکانی سەردەمی شۆڕشەوە بووبێت، یاخود لە رێگەی مەودای هاوپەیمانییە نیشتمانییە عیراقییەکەی بووبێت لەگەڵ هێزە جیاجیاکانی عیراق بە جیاوازیی ئاڕاستەی سیاسییانەوە کە هەمووان لەسەر ئەرکێک کۆک بوون، ئەویش رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی بەعس  بوو وەک ئامانجێکی رەوا کە هەموان جەختیان لەسەر دەکردەوە، دوور لە هەڵوەستەکردن لەسەر ناکۆکییە بێ کۆتاکانی دیکە.

لەپێناوی ئەوەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، بۆ هەریەک لەو هۆکارانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لەسەر شێوازی بەرەیەکی نیشتمانیی و مایەی هیوای خەڵکی کوردستان و عیراق پێکهێنرا لەپێناوی بنیاتنانی سیستمی بەها و چەمکەکان و سەرەتایەک بۆ بنیاتنانی هێزێکی سیاسی کە چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەی لێبکرێت و هیوای سەرکەوتنی سیاسی و پێشمەرگەیی لەیەککاتدا بۆ بخوازرێت.

بەڵێ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پشتبەستن بە کەلەپووری سەرۆک مام جەلال تەلارێکی پتەوی لە هاوپەیمانیی نیشتمانی بنیاتنا لەگەڵ زۆربەی هێزە کوردستانی و عیراقییەکاندا و لە سەردەمی دواتریشدا تەلارێکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنیاتنا، لەو کاتەی کە رژێمی بەعس مەترسیی دروستکردبوو و دوژمنکارییەکانی چوارچێوەی عیراقی تێپەڕاندبوو، بەڵکو ببووە گرێکوێرەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کە ئیدی بەرپێگرتنی ببووە پێویستیی لە فراوانترین چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا.

 هەربۆیە دواجار خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ هێزە عیراقییەکانی دیکە و دۆستانی گەلی عیراقدا تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا کە لە رووخانی رژێمی دیکتاتۆریی بەعس و کردنەوەی دەرگای ئەزموونی دیموکراسی و دەستووریدا بەرجەستەبوو، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ  و کەلێنانەی لەبەردەوامیدایە.

هەر لەم سۆنگەیەشەوە یادی دامەزراندنی حزبەکەی مام جەلال، یادێکی کوردستانی و نیشتمانیی عیراقییە و دەرفەتێکی بەنرخیش دەهێنێتەدی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەکێتی و بنیاتنان لەسەر ئەو ئەزموونە بەو جۆرەی کە خزمەت بە کاروانی دیموکراسیی بکات لە عیراقدا و بەشداریی کوردستانیانە لە پرۆژەی عیراقیدا پتەوتر دەکات.

*مامۆستای زانکۆ

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan