عیراقی

کار بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


کار بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران دەکرێت
مەودا میدیا-

وڵاتانی دراوسێی سوریا هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان دەستپێکردووە، دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەڵام بەشێکی زۆر لە کۆچبەرەکان گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان لەم قۆناغەدا رەتدەکەنەوە، بەرپرسانی عیراقیش جەخت دەکەنەوە کە تاوەکو ئێستا داواکاریی گەڕانەوە بۆ سوریا تۆمارنەکراوە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند "تاوەکو ئێستا هیچ داواکارییەکیان لە سورییەکانەوە پێنەگەیشتووە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەڵام کاتێک بڕیارێک هەبوو هەموو ئەوانەی ئارەزووی گەڕانەوە دەکەن، هاوکاریی دەکرێن".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "دۆسییەی گەڕانەوەی سورییەکان نەکراوەتەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەتایبەت ئەوانەی کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا سوریایان جێهێشت".

ئەوەشی خستەڕوو "گەڕانەوەی سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان پێویستی بە ئامادەکارییەکانی وەک ئاسایشی سنوورەکان و دابینکردنی گواستنەوە و چەند رێوشوێنی تر هەیە"

وتیشی "تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی سورییەکان لە عیراقدا نییە، بەڵام خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەیان بە سەدان هەزار کەس دەبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، شەپۆلی کۆچی سورییەکان لە دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە کۆتایی ساڵی 2011 و سەرەتای 2012 دەستیپێکرد و چەند ملیۆن هاوڵاتی سوری لەناوخۆی وڵاتەکەیان و دەرەوە ئاوارەبوون.

ب ح

Qaiwan
Qaiwan