عیراقی
خێزانە داعشەکان دەگەڕێنەوە عیراق
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆلی باکووری سوریا، کە لە زیندانەکانی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان هەنگاوێکی پێشوەختەیە بۆ تێکچوونی دۆخی ئەمنیی عیراق.
رۆژنامەی زەمانی عیراقی رایگەیاند "بڕیاری گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆلی سوریا پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتیی هەیە بۆ دڵنیابوونەوە لە نیشتەجێکردنیان، وە هەروەها ئەم پرۆسەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە لەسەر دۆسییە ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەکان، بەو پێیەی گەڕاندنەوەی نزیکەی 25 هەزار کەس ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ باری ئەمنیی و ئاسایشی عیراق".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "ئازادکردنی خێزانە داعشییەکان لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کە ئێستا لەشەڕدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، راستەخۆ دەبێتەهۆی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، بەڵام حکومەتی عیراق بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ هەسەدە دەیەوێت خێزانە عیراقییەکانی ناو کەمپی هۆل بگەڕێنێتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "لیژنیەکی باڵا لە هەریەک لە (ئیڤان جابر، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، حەمید شەتری،بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری) بۆ گەڕاندنەوەی خێزانە داعشییەکان پێکهاتووەو لیژنەکە ژمارەیەک بڕیار و راسپاردەی دەرکردووەو بڕیارە بخرێتەبەردەست (محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق) بۆ بڕیاردان لەسەر دۆسییەکە".
لای خۆیەوە موختار موسەویی، پەرلەمانتاری عیراق رایگەیاند "دامەزراندنی کەمپی هۆل بۆ کوکردنەوەی داعش و تیرۆریستەکان بیرۆکەیەکی هەواڵگری جیهانیی بوو".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە "وڵاتانی رۆئاوا و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە نایانەوێت تیرۆر کۆتایی پێبێت بەڵکو دەیانەوێت وەک کارتی فشار بەکاریانبهێنن بە پلەی یەکەم بۆ پاراستنی ئیسرائیل و دواتر درێژەدان و هێشتنەوەی نەوەی تووندڕەوەکان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
ب ح
بیروڕا



