ئابووری

ناردنى به‌نزینی حکومی بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم له‌ عیراقه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

مەودا میدیا - سلێمانی |


ناردنى به‌نزینی حکومی بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێم له‌ عیراقه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
مه‌ودا میدیا-

بڕیاره‌ پێش هاتنى مانگى دوو، ناردنى بەنزینی حکومی بەنرخی پاڵپشتیکراو بۆ هەرێمی کوردستان ده‌ستپێبكات و ئه‌ندامێكى لیژنەی نەوت و وزەش لە ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت "چەند ڕێکارێکی کەمی هونەری ماوه‌ و لەم هەفتەیەدا یەکلایی دەبێتەوە".

به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى پێشتر له‌ نێوان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عیراق ئه‌نجام دراوه‌، پێویسته‌ حکومەتی فیدراڵی رۆژانە زیاتر لە 360 هەزار لیتر بەنزین ره‌وانه‌ى هەرێمی کوردستان بكات، بەڵام وا ساڵێک و دوو مانگە عیراق پرۆسه‌كه‌ى راگرتووه‌ و بەنزینی حکومی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هه‌رێم نانێرێت.

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق ئاشكرایكردووه‌ "بابەتى ناردنى ئه‌و جۆره‌ به‌نزینه‌ ئه‌م هەفتەیە له‌ وەزارەتی نەوتی عیراق یەکلایی دەبێتەوە و ته‌نیا چەند رێکارێکی کەمی هونەری ماوه‌".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، به‌هۆى قه‌یرانى به‌نزینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان نرخى به‌نزین به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رزه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ مایه‌ى نیگه‌رانى هاوڵاتییان و شۆفێران.

پ ح ع
Qaiwan
Qaiwan