ئابووری
مامۆستایانی گرێبەست ھەوڵەکانیان بۆ بە هەمیشەییکردن دەستپێدەکەن
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
مامۆستایانی گرێبەست دەڕۆنە بەغدا و ھەوڵەکانیان بۆ بە هەمیشەییکردنیان دەستپێدەکەن، نوێنەرەکانیشیان رایدەگەیەنن "لە داھاتوودا ھەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە".
ئەمڕۆ شەممە 25ی1ی2025، نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکیان بۆ مەودا میدیا ناردووە، ئاماژە بەوەدەکەن "ئەمڕۆ نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بۆ دوو مەبەست سەردانی هەریەک لەبەڕێزان ( سۆران عومەر ) و ( د. بڕیار رەشید ) ئەندامانی پەرلەمانی عیراقیان کرد".
یەکەم: داوامان کرد داوا بکرێت ناوی مامۆستایانی گرێبەست بچێتەناو لیستی مووچەخۆرانی عیراقەوە و لە رێگەی لیژنەی دانووستانکار لەگەڵ بەغداد، فشار بکرێت تا لەکۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی هەردوو وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێم، ئەو بابەتە جێگیر بکرێت و پارەی مامۆستایانی گرێبەست بخرێتە سەر بەغداد.
دووەم: هەرێم لە رێگەی هەمان لیژنەی دانووستانکارەوە دەتوانێت دوای بڕیاری خانەنشینی بەپێی یاسای ( حذف و الٳستحداث ) لەجێی 7000 مامۆستای خانەنشینکراو، 7000 مامۆستای گرێبەست بەپێی پێوەر و ساڵی خزمەتی زۆریان، بکاتە هەمیشەیی، ئەمەش یاسایەکی ڕێپێدراوە کە لەجێی هەر وازهێنانێک، یان خانەنشینبوونێک پێشتر لە عیراق کاری پێکراوە.
راشیانگەیاندووە "لەو رۆژانەی داهاتوودا هەوڵەکانمان لەگەڵ تیمی دانووستانکاری هەرێم و بەغداد چڕتر دەکەینەوە، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم لەکۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەیان لەگەڵ دارایی عیراق راشکاوانە داوای ئەو پلە وەزیفییانە بکات کە بەهۆی یاسای خانەنشینییەوە لەوەزارەتی پەروەردە بەتاڵ دەبێت، لەجێیان مامۆستایانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی".

پ ح ع
بیروڕا



