ئابووری
بەغدا داواکاریی نوێی دەبێت
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
پەرلەمانتارێکی عیراق ئاشکرای دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری چارەسەری کێشەی مووچە، خۆی بووەتەهۆکاری بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە لە بەغداوە و ئامادەنییە ژمارە و داتای دروست بداتە وەزارەتی دارایی عیراق.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی بە مەودا میدیای راگەیاند "مووچەی مانگی یەک دەدرێت بەڵام بەغدا داوای ژمارەی حسابی فەرمانبەران دەکات و حکومەتی هەرێمیش ئەم داوایەی بەغدای رەتکردووەتەوە، بۆیە بۆ مانگەکانی داهاتوو، ئەمەش سەرەتای کێشەیەکی نوێیە و تەنها فەرمانبەران باجەکەی دەدەن".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد "بەرپرسانی وەزارەتی دارایی هەرێم رایانگەیاندووە کە ئەگەر بەغدا راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران دابەشبکات، ئیتر مانایەک بۆ بوونی ئەوان نامێنێتەوە، لە هەموو کۆبوونەوەکاندا وەفدەکانی هەرێم پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت خۆیان پارەی مووچە لە بەغدا وەربگرن و تەمویلی مووچەی فەرمانبەران بکەن لە رێگەی هەژماری منەوە".
ئەوەشی خستەڕوو "ساڵی رابردوو حکومەتی هەرێم 89 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی تەنها ملیارێک و 355 ملیۆن دۆلاریان بۆ ماوەتەوە لە کاتێکدا ئەم 89 ملیۆن بەرمیل نەوتەی هەرێم لە رێگەی سۆمۆوە بفرۆشرایە داهاتەکەی شەش ملیارو 23 ملیۆن دۆلار دەبوو".
باسی لەوەشکرد "حکومەتی هەرێم زۆر بێباکە بەرانبەر ژیانی فەرمانبەران و هاونشتمانیان، لە کاتێکدا داهاتی ناوخۆی ساڵی رابردووی هەرێم چوار تریلیۆن 600 ملیار دینار بووە، 10 تریلیۆن و 700 ملیار دیناری لە بەغداوە بۆ هاتووە بەڵام مووچەی مانگی 12 دیار نییە".
ب ح
بیروڕا



