راپۆرت

گەرمیان لە مەترسیدایە و نەخۆشی ترسناك بڵاودەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەرمیان لە مەترسیدایە و نەخۆشی ترسناك بڵاودەبێتەوە
مەودا میدیا-

كۆمپانیایەك لە ئیدارەی گەرمیان ماوەی سێ مانگە مووچەی كارمەندەكانی پاككەرەوەی سنورەكەی نەداوە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەڕەشە دەكات و دەڵێت سكاڵا لە وەزارەتی شارەوانی و دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكەم، سەرۆكی شارەوانیش دەڵێت، رۆژانە بە سەدان تەن خۆڵ و خاشاك دەكەوێت و مەترسی دروستكردووە.

بەهۆی نوێنەكردنەوەی گرێبەستەكانیان، ماوەی سێ مانگە ئەو كرێكارانەی ژینگە پارێزی لە گەرمیان مووچەیان پێنەدراوە و ئەوانیش وازیان لە كاركردن هێناوە و ئێستا هیچ كەسێك ئەو خۆڵ و خاشاكە كۆناكاتەوە.

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ماوەی سێ مانگی تەواوە مووچەی كرێكارانی پاككەرەوەی خۆڵ و خاشاك لە ئیدارەی گەرمیان دابەشنەكراوە، هۆكارەكەشی كەمتەرخەمی چەند كەسێكی نابەرپرسە".

ئاماژەی بەوەشكرد "ئەگەر تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەی داهاتوو مووچەی ئەو كرێكارانە دابەش نەكرێت سكاڵا لە وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكەن".

ئەكرەم ساڵح، سەرۆكی شارەوانی ئیدارەی گەرمیان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی دواكەوتنی گرێبەستەكەو نوێنەكردنەوەی، وایكردووەی مووچەی ئەو كرێكارانە ماوەی سێ مانگە نەدراوە".

وتیشی "چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەكەین بۆ ئەوەی رەزامەندی نیشان بدات بۆ پێدانی مووچەكانیان، لە ئێستادا گەرمیان شێواوە و رۆژانە نزیكەی 400 تەن خۆڵ و خاشاك بەو كۆڵانانە دەكەوێت و مەترسی بڵاوكردووەتەوە لەسەر ناوچەكە و بەرەو گەرماش دەكەین زۆر خراپە ئەوەی ئێستە روودەدات لە نەخۆشی كۆرۆنا خراپترە بۆ ناوچەكە".

ئەندامەكەی ئەنجومەنيش دەڵێت "پێویستە هەرچی زووە مووچەی كرێكارەكان بدرێت، بە فڕێدانی ئەو خۆڵ و خاشاكە ناوچەكە لەژێر مەترسیدایە".

كارمەندانی پاككەرەوە كەمترین مووچەیان هەیە و لە لایەن كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتەوە بەشێوەی گرێبەست كاردەكەن و ئەركی پاككردنەوەی تەواوی كۆڵان و گەڕەك و بازاڕی ناوچەكەیان لە ئەستۆدایە.



Qaiwan
Qaiwan