کوردستانی

دواین زانیاری سەبارەت بە کۆنگرە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی یەکێتی

مەودا میدیا - سلێمانی |


 دواین زانیاری سەبارەت بە کۆنگرە و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرکردایەتی یەکێتی
مەودا میدیا-سازگار ئەحمەد

جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەردەوامە و لە ئێستادا دەنگەکانی بازنەی کەرکوک جیادەکرێتەوە.

 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لە رۆژی یەکەمیەوە تاوەکو ئێستا کۆنگرە بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچووە، هەروەها ئەندامانی کۆنگرە بە پەرۆشییەوە لە کۆنگرەدا بەشداریان کرد و بەوردی کارەکانی خۆیان جێبەجێ کرد".

ئاماژەی بەوەشکرد "لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتییدا ژمارەیەکی زۆر لە کچ و کوڕی گەنج بەشدار بوون".

سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی "دوێنێ دەنگدان دەستیپێکرد بۆ هەڵبژاردنی 121 ئەندام بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، هەروەها تاوەکو ئێستا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت بۆ ئێوارە تەواو ببێت".

سەبارەت بە دیاریکردنی سەرۆک و جێگری یەکێتی ئاشکرای کرد "کە ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرۆک و جێگری سەرۆکی یەکێتی هەڵدەبژێرێت، هەروەها ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا دەکات و جێگیری دەکات و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەلایەن ئەنجومەنی سەرکردایەتییەوە دیاری دەکرێت". 

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە رۆژی 21ی کانونی یەکەمی 2019 دەستی بەکارەکانی کرد بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکە و ئەمڕۆش ماوەی چوار رۆژە پرۆسەکە بەردەوامە.
Qaiwan
Qaiwan