راپۆرت
نرخی نەوتی ماڵان هەرزان بوو
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بەهۆی كەمبوونەوەی خواست لەسەری و دابەزینی لە بۆرسەی جیهانی، نرخی نەوتی ماڵان بەشێوەی بەرچاو هەرزان بووە كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو بەو شێوەیە دانەبەزیووە.
نەوتی ماڵان لە وەرزی باران و سەرما زۆرترین خواستی لەسەرە بەهۆی ئەوەی ماوەی چوار ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی پێویست نەوت دابەش ناكات بەسەر هاوڵاتیان و ئەو بڕەشی كە دەدرێت لە بەغداوە دەگاتە شارەكەو زۆر كەمەو بەشی ناوچە شاخاوییەكان دەكات.
بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئێستا كە لە وەرزی گەرماداین نرخی یەك بەرمیل نەوت بۆ خوار 100 هەزار دینار دابەزیووە، ئەوەش نرخێكی كەمەو پێشتر بەو شێوەیە دانەبەزیووە و لە هاوینیشدا لە نێوان 115 هەزار بۆ 120 هەزار دینار بووە.
بەشێك لەو دابەزینە پەیوەستە بە كەمی خواست لەسەری و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت لە سەر ئاستی جیهان كە ئێستا یەك بەرمیل نەوتی لە نێوان 30 بۆ 31 دۆلاردا مامەڵەی پێوە دەكرێت.
حسێن ئەحمەد، نەوت فرۆش بە مەودا میدیای راگەیاند "خواست لەسەر نەوتی بە یەكجاری كەمبووەتەوە و نرخەكەشی هەرزان بووە، ئێستا كەس پێویستی بە نەوت نییە و ئەوەش وایكردووە هەرزان بێت، هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهانیش نرخەكەی هەرزان بووە".
وتیشی "ئێستا یەك بەرمیل نەوت لە خوار 100 هەزار دینارەوەیە و هەركەسیش بیەوێت بۆی دەبینە ماڵەوە، بەڵام خواست نییە، لەكاتێكدا لە وەرزی زستان و باران بارین زۆرترین خواست لەسەر نەوت هەیە، بەڵام ئێستا فرۆشمان زۆر زۆر دابەزیووە".
باسی لەوەشكرد "كەسانێك كە دەیانەوێت بۆ زستان تووشی كەم نەوتی و بە نرخی زۆرتر نەیكڕن ئێستا ناوە ناوە داوای نەوت دەكەن بەڵام رێژەكە كەمەو زۆرنییە".
لە وەرزی زستاندا بەهۆی زۆری خواست لەسەری، یەك بەرمیل نەوت دەگاتە 140 هەزار دینارو زۆترین خواستیشی لەسەرە ئەگەر چی نرخەكەی گرانە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان چوار ساڵە هیچ بڕە نەوتێكی دابەش نەكردووە، بەڵام بەغدا وەك هاوكارییەكی نەوتی بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان ناردووە و بۆ ناوچە شاخاوییەكان و ناو شارەكان دابەش كراوە كە بەرمیلێك بە 45 و 46 هەزار دینار بووە.
كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو نەوتەی كە لە ماوەی رابردوو دابەشكراوە، ئەوەی بەغدا بووە، بڕەكەشی زۆر نەبووە و زیاتر بۆ ناوچە شاخاوییەكان بووە".
ئەوەشی وت "نەوتی ماڵان ئێستا كەمتر خواستی لەسەرە، بەشێك لە دابەزینی نرخەكەی پەیوەستە بەو كەمی خواستەوە، بەدڵنیایەوە ئەگەر لە وەرزی زستان باین و نرخی نەوت لە بۆرسە هەرچەند كەمیش بێت، بەڵام بۆ ماڵان هەر گران دەبێت و خواستی زۆری لەسەرە، كاتێك حكومەت نەوت نەداتە هاوڵاتی، نەوتی بازاڕ خواستی لەسەرەو نرخی بەرزدەبێتەوە".