عەدالەت  عەبدوڵڵا

عەدالەت عەبدوڵڵا

برینی زۆرینەی پەرلەمانی و جوڵەی بەرەنگاربوونەوە

رەنگە درک بەوە کرابێ کە گرژیی نێوان یەکێتی و پارتی بەھۆی رووداوەکەی7ی ئایاری پەرلەمانەوە، کەمتر پەیوەندیی بە پاڵپشتیکردنی پەرلەمانتار"سۆران عومەر"ەوە ھەبوو. تەنانەت بابەتی لادانی پارێزبەندیی لەسەر ئەو 4 پەرلەمانتارەش کە ناویان ھاتبوو، تەفسیری رووداوەکە ناکات. راستە، ھەم ستەمکردن لەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی کۆمەڵ و ھەم گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان بۆ لادانی پارێزبەندیی لەسەر چەند پەرلەمانتارێک بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و 6 فراکسیۆنی سەرەکیی ناو پەرلەمان، جێی تووڕەیی یەکێتی بوو، بەڵام رووداوەکە لەوە گەورەترە.

 ئەو گرژییە، پێش ھەر شتێ، زادەی کولانەوەی برینێکە کە تا ئەمڕۆ تەنانەت لەناو خودی یەکێتی خۆیشیدا، ناوبەناو، دەکولێنرێتەوە، مەبەست لە قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی کۆتایی سێپتەمبەری 2018ی ھەرێمی کوردستانە کە ئاکامەکەی بە مانای قبوڵکردنی زۆرایەتی پارتی و ھاوپەیمانەکانی بوو لە پێکھاتەکان لەناو پەرلەمان و کۆنترۆڵکردنی ئەم دامەزراوەیەش دوای کۆنترۆڵکردنی ھەردوو دەسەڵاتەکەی تر کە سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانن. 

 ئەو برینە، دەرەنجامی بڕیارێکی خێرا و دیراسه‌نه‌كراو بوو کە تا ئێستاش زۆربەی سەرکردایەتیی ئەم حزبە، ئەوانەیان کە لە خولی پێشووشدا سەرکردە بوون، خۆیان ناکەنە خاوەنی و بێ ئاگایی خۆشیان پیشاندەدەن. لەواقعشیدا وایە، ھەتا ئێستا ھیچ دۆکۆمێنتێک نییە بیسەلمێنێ كه‌ قبوڵکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە بە ئیمزای (م.س)ی حزبەکە، یان بڕیاری کۆمیتەی پێشووی سەرکردایەتییەکەی بووبێت.

 هەڵەیەکی گەورەی کۆنگرەی چواری یەکێتی ئەوەبوو کە بە بیانووی دروستنەبوونی لێکترازان، لە چەندین دۆسییەی مەترسیداری لەم بابەتەی نەکۆڵییەوە، زۆر دۆسییە و کاربەدەستی حزبی کە دەکرا لەناو کۆنگرەدا لێکۆڵینەوە و لیژنەیان لەسەر بگیرێ، چاوپۆشیان لێکرا، بگرە ھەندێ بەرپرس بە وەرگرتن و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرکردایەتی، پاداشتیش کران، کارێک کە بێگومان ئەم حزبە، درەنگ یان زوو، باجەکەی دەدات.

 برینەکە لەوەدا نییە کە ئەنجامی ھەڵبژاردنێک قبوڵ کرا کە پارتی ساختەکاریی تیادا کردووە. پارتی و ھێزە سیاسییەکانی تر، یەکێتی-یشیان بەھەمان ساختەکاری تۆمەتبار دەکرد. برینەکە لەوەوەیە کە زانیاریی ئەوە ھەبوو قەبارەی پێشێلکارییەکانی ھەڵبژاردن لە سنوری ھەولێر و دھۆکدا، زۆر زیاترن، بۆیە لە ئەگەری رەتکردنەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردندا، گرەوەکە وا دەبوو کە، ئەودەم پارتی، لانیکەم، ناچار دەبێ کە لە دووبارەکردنەوەی پرۆسەکەدا، ئەمجارەیان نەتوانێ دژی سیستەمێکی بەھێزی چاودێریی قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن و چاودێریی توندتری رێکخراوی نێودەوڵەتی و بیانی بێت، بەوەش، لە ھەڵبژاردنێکی تردا کە کەمتر ساختەکاریی تیادا بکرێت، ئەگەر ھێزێکی وەک یەکێتی چەند کورسییەکیش کەم بکات، ئەوا بۆ پارتی، ئەگەری لەدەستدانی کورسی زۆرتر دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر پێش دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن، بە وردی و پیشەیی پاکسازیی تەواو لە تۆماری دەنگدەراندا بکرێتەوە، بەوەش، بێگومان، لە ئاکامدا، زۆرینەی پەرلەمانی ناكه‌وێته‌ ژێر رەحمەتی ھێزێکی سیاسیی دیاریکراوەوە، بەڵکو لە ھەموو دۆخێکدا دەنگەکان و کورسییەکان زیاتر دابەشدەبوون، بەھۆی ئەوەشەوە پارتی، بۆ ھەموو یاساو پرسێک، کە بەدەنگدان یەکلابکرێنەوە، ناچار بە سەودای سیاسی دەبوو لەگەڵ لانیکەم یەک دوو لەو 6 فراکسیۆنەی کە 7ی ئایار بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانیان کرد.

   لایەنێکی تری برینەکە ئەوەیە کە لە کۆتاییدا، وەک عەرەب دەڵێ:(انقلب السحر علی الساحر). لە خولەکانی پێشووتری پەرلەماندا، بە دیاریکراویش لە خولی دووەمدا، یەکێتی ھەر خۆی، لە چوارچێوەی لیستی کوردستانیدا (ھاوپەیمانێتیی یەکێتی و پارتی)، ھاوکار بووە بۆ ئەوەی کورسیی کۆتای پێکھاتەکان بەو رێژەیە بمێنێتەوە و ھیچ ھەموارکردنەوەیەک بەخۆوە نەبینێ، لەکاتێکدا کە ئەم کارە بە یاسایەك کراوە کە دەکەوێتە ساڵی (2004)ی خولی یەکەمی پەرلەمانەوە کە لەدوای 31ی ئابی 1996ەوە، لەژێر کۆنترۆڵی پارتی خۆیدا بووە.

  یەکێتی، ئەو سیناریۆیەی لەبەرچاو نەگرتبوو کە دەشێت رۆژێک دابێ ئەو پاڵپشتییە لە کورسیی کۆتاکان ببێتە چەکێکی سیاسی لە دژی خۆی و فراکسیۆنەکانی تری ناو پەرلەمان و ئەو دامەزراوەیەی پێ کۆنترۆڵ بکرێت، بەتایبەتی لە ھەر ھەڵبژاردنێکدا کە تیایدا بیەوێت بە لیستی سەربەخۆ بەشدار ببێ و لە پارتی جیا ببێتەوە وەک ئەوەی لە خولی چوارەمی (2013)دا، روویدا. ئێستا کە یەکێتی و 5 فراکسیۆنی تر، دژی ئەو بەکارھێنانە سیاسییەی کورسیی کۆتاکانن، ھەڵوێستەکە وەک جۆرێک لە (نەتەوەپەرستی) شکاوەتەوە، لەکاتێکدا تاقە ھێزێک کە ساڵانێکە خۆی وەک نوێنەری نمرە یەکی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ھەرێمدا نمایش بکات، تەنيا پارتی دیموکراتی کوردستانە نەک ئەوانیتری ناو پەرلەمان کە بریتین لە ھێزی چەپ و لیبراڵ و ئیسلامی کە ھیچ یەکێکیان دژی مافی راستەقینەی پێکھاتەکان نین. 

بەشێکی تری برینەکە بۆ یەکێتی، فۆرمی مەقعەدییانەی زۆرینەیە لە پەرلەماندا لەسەر حسابی فۆرمی دیموکراتییانەی زۆرینە. پارتی کە لە 7ی ئایاردا پەرلەمانی کۆنترۆڵکرد، ئەم پرۆسەیەی بە 57 کورسی :(45 پارتی +11ی کۆتای پێکھاتەکان + تاقە کورسییەکەی سۆشیالیست و ھاوپەیمانەکانی) سەپاند کە لەرِووی دیموکراتییەوە تەنيا نوێنەرایەتیی (717 ھەزارو 448) دەنگ دەکەن، لە کاتێکدا ئەو شەش فراکسیۆنەی کە بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کرد، ئەگەرچی بە کورسی بێت تەنيا (53)کورسی بوون، بەڵام نوێنەرایەتیی (921 ھەزارو830) دەنگ دەکەن، واتە (208 ھەزارو 618) دەنگیان لە دەنگی زۆرینەکەی 7ی ئایار زۆرترە، ئەمە جگە لەوەی یەکێتی لە سنوری دەسەڵاتی پارتیدا (ھەولێر و دھۆک پێکەوە) ھێزی دووەمە، لەکاتێکدا کە پارتی لە سنوری نفوزی یەکێتیدا (سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین) ھێزی چوارەمییش پێکناھێنێت، بەڵام ھاوکێشەی کورسیی پەرلەمانی وا دەکات کە دواجار کۆنترۆڵی تەواوی یاساکانی پەرلەمان لەبن دەستی ھێزێکی دیاریکراودا بێت.

ئێستا، ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان ھەبێت، یەکێتی کەوتۆتە جوڵە و هه‌وڵی ئەوەیە کە لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی تردا کە بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی 7ی ئایاری پەرلەمان کۆیکردوونەتەوە، سنورێک بۆ ئەو زۆرینە مەقعەدییە دابنێت کە لە رێی بەکارھێنانی پێکھاتەکانەوە سەپێنراوە، بۆ ئەوەش دەیەوێت لەچوارچێوەی دوو جۆر گفتوگۆ و رێککەوتندا ئەو کارە بکات، ھەم گفتوگۆ و رێککەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ خودی پارتی خۆیدا بۆ ئەوەی، بەبێ رەزامەندیی ئەو، چیتر پەنا بۆ ھیچ زۆرینەیەکی پەرلەمانی نەبات و بیر لە تاکڕەوی نەکاتەوە و پابەندی پرەنسیپی دیالۆگی پێشوه‌خت و سازان بێت، ھەم لەگەڵ بایکۆتکارانی 7ی ئایاریشدا لە ھاوئاھەنگی و رێککەوتندا بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئەو زۆرینە مەقعەدییە له‌ یاساو پرسه‌كانی تردا کە ھەم ھەڕەشەیە بۆ سەر یەکریزیی خه‌ڵك و خاك و پەیوەندیی نێوان ھێزە سیاسییەکان، ھەم رەنگدانەوەی نوێنەرایەتیکردنێكی دیموکراتییانەی دەنگی خەڵکی کوردستانیش نییە و بە یاسایەک سەپێنراوە کە لەدەمی خۆیدا پارتی لە غیابی ھێزەکانی تردا، دەریکردووە.
https://www.youtube.com/watch?v=U532UfVGX0M

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan