یوسف عومەر

یوسف عومەر

پەتای 27 ملیار دۆلارەكە

ناوبەناو وەك زەنگێك بابەتی قەرزداری حكومەتی هەرێم لێدەدرێت، كۆمەڵێك دەستەواژەو ئاماژەی نادیار هەن كە دەكەونە پشت ئەم پرسەوە، هەمووشیان وابەستەن بە دوو دەستەواژەوە كە بریتین لە كەرتی نەوت‌و ئابووری سەربەخۆ.

تا فرۆشتنی نەوت لەرێگەی بۆری، سەرەتایەكی دروست بۆ قەرزكردنی هەرێم نییە، جگە لەو چەند ساڵەی كە بودجەی هەرێم كورتهێنانی پلانرێژی هەبووە كە لەنێوان (2009-2011) نزیكەی 4 ملیار دۆلارەو ئەو كات لەنێوان كابینەی شەش‌و حەوت ئەم دەست‌و ئەو دەستی پێكراوە.

لەكابینەی هەشتەم، وەزیری دارایی دەڵێت 18 ملیار دۆلار قەرزدارن جگە لە كەیسی دادگایی دانەغاز، دواتر ئەم بڕە لەپڕ دەبێتە 27 ملیار دۆلار.
پرسی قەرزەكانی حكومەت هێندەی بابەتێكە بۆ رادەست نەكردنی دەسەڵات نیو هێندە بابەتێكی تەندروست‌و واقع نییە، هەر لایەنێك بیەوێت دەسەڵات وەربگرێت، دەبێت ئامادە بێت بچێتە ژێرباری ئەو بڕە پارەیە، چونكە ئەوەی دەبینرێت، قەرزەكانی حكومەت وەك هەموو كارەكانی دیكەی ناڕونن.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ئەم كابینیە، لەماوەی كەمتر لەیەك ساڵدا، دووجار ئەو دەستەواژەیەی بەكارهێناوە، كە حكومەت 27 ملیار دۆلار قەرزدارە، هێندەی وەك تانەو تەشەرە بۆ كابینەكانی رابردوو، گرێی ناداتەوە بە شكستی حكومڕانی لە هەرێمدا نەك كابینەكەی، لەماوەی یەك ساڵی كابینەكەیدا باسی لەوە نەكردووە كە ئەم كابینەیە چەند قەرزی كردووە؟.هەربۆیە دەبێت چاوەڕێ بكەین سەرۆك وەزیرانی داهاتوو پێمان بڵی ئەم كابینەیە چەند قەرزدارە.

لەسیاسەتی قەرزكردندا بابەتی نرخی سوود‌و وادەی گەڕانەوە، دوو بنەمای سەرەكین، لەم قەرزەی حكومەتی هەرێم، ئەم بابەتە رون نییە، هیچ كەسیك نازانێت نرخی سوود چەندە؟، تێپەڕینی كات چ زەرەرێك بە خەڵك‌و حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت؟، ئەگەر (10%)نرخی سوود بێت، ئەوا سودی ساڵانەی ئەو قەرزە (2.7)ملیار دۆلارە.
رۆژانە بابەتی سەیر سەیر لەسەر كەرتی نەوتی هەرێم دەبینرێت، لەوانەیە لەناكاو دەربكەوێت بەشێك لە خاكی هەرێم دراوە لەجیاتی قەرز یان بۆتە موڵكی كۆمپانیاكانی نەوت.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan