ئابووری

دارایی لەسەر دابەشكردنی مووچە زانیاری ئاشكراكرد

مەودا میدیا - سلێمانی |


دارایی لەسەر دابەشكردنی مووچە زانیاری ئاشكراكرد
مەودا میدیا-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە بارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران زانیاری ئاشكرا دەكات و دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین بەڵام هیچ پارەیەك لە بەردەست نییە بۆ دابەشكردنی مووچە.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "هیچ وادەیەك و كاتێك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران لەلایەن حكومەت و وەزارەتی دارایی نییەو چاوەڕێی ئەوە دەكرێت وەفدی هەرێم بچێتە بەغداو رێككەوتن بكرێت لەسەر  كێشەكانی نێوانیان".

ئەوەشی خستەڕوو "حكومەتی هەرێمی كوردستان 400 ملیارەكەی بە قەرز داوەتەوە و بە وتەی خۆی پارەی لە بەردەست نییە بۆ دابەشكردنی مووچە، هیچ بەرچاو روونییەكیش نییە ئایا هەرێم و بەغدا رێكدەكەون یان نا".

وتیشی "لەگەڵ وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیداین، كێشەكە ئەوەیە دۆخەكە چەق بەستووە، تا ئێستاش هیچ شتێكی فەرمی نییە لەسەر ئەوەی دەستكاری مووچە بكرێت لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی دووی فەرمانبەران".

Qaiwan
Qaiwan