ئارێز عەبدوڵڵا

ئارێز عەبدوڵڵا

داگیرکاری تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم

قەوارەی هەرێم بۆ گەلی کوردستان هێندە گرنگە دەبێ هەموومان وەک بیلبیلەی چاو بیپارێزین، بەڵام پاراستنی ئەو قەوارەیە هەر تەنیا بەپێی پێویستیی و حەز و نزا ناکرێ، بەڵکو دەبێ حکومەت و لایەنە سیاسییەکان هەموو رێکارەکانی ئەو پێویستییە بگرنەبەر.

ئێمە باش لە سیاسەت و ستراتیژیەتی دەوڵەتی تورک تێدەگەین، پیلان و کردارەکانیشی لەناو خودی تورکیا و لە رۆژئاڤا و باشوور هێندە زەقن شرۆڤەکردنی ناوێ. لەبەرئەوەی تائێستاش بۆی چووەتەسەر رۆژ دوای رۆژ پیلان و پلانەکانی لە دژی مافە رەواکانمان گەورەتر و چڕتر دەکاتەوە.

چەندین ساڵە لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی ناوچە سنوورییەکان دەکات و بەو هۆیەشەوە وێڕای شەهید و برینداربوونی سەدان هاوڵاتی سڤیل، دەیان گوندیشی خاپور و وێران کردوون، بەڵام هێرش و پەلامارەکانی ئەمجارەی هەر تەنیا سەربازی نین، بەڵکو مەرامێکی سیاسی گەورەتریشی هەیە. بۆ ئەو مەرامەشی:

یەكەم:  بەهەر شێوەیەک و هەر هۆکارێک بێ ئەمەریکای بێدەنگ کردووە.
دووەم: لەگەڵ ئێران هەماهەنگی هەیە.
سێیەم: بارودۆخی نالەباری عیراقی قۆستووەتەوە.
چوارەم: ئەگەر بە رێککەوتن بێ، یان نا حکومەتی هەرێمی بێدەنگ کردووە.

ئەو داگیرکاری و پەلامارانەی تورکیا ئەگەر لەلایەک پێشێلکردنی یاسا نێودەڵەتییەکان و سەروەریی خاکی عیراق و هەرێم بێ، لەلایەکی دیکە ئەوەندەی بۆ دواڕۆژی خودی ئەو هەرێمە بێدەنگە مەترسیدارە هەرگیز هێندە بۆ پەکەکە نا، چونکە:

-  مانەوەی هێزەکانی تورکیا دەبێتە دومەڵێکی شێرپەنجەیی سەر جەستەی هەرێم.
-  بێدەنگبوونی حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو داگیرکاری و پێشێلکارییانەی تورکیا هانی حکومەتی عیراق دەدا کە هێزەکانی بەرەو ناو هەرێم و ناوچە سنوورییەکان بجوڵێنێ.
-  ئێستا لە ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەکانی عیراق دەنگێکی گەورە دەبیسترێ کە دەڵێن: بۆچی حکومەتی هەرێم رێگە بە سوپای داگیرکەری تورکیا دەدا، بەڵام رێگە بە سوپای نیشتیمانی عراقی نادا؟!

کەواتە هەبوونی هێزەکانی تورکیا لەسەر خاکی کوردستان مەترسیدارە و لە دوا رۆژیشدا ئەگەر لەلایەن عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە  ناچاریش بە پاشەکشەکردن بکرێ، ئەوا بەبێ گەڕانەوەی هێزەکانی عیراق ناوچەکە چۆڵناکات و گەورەترین بیانووشی داوەتە دەست ئەو عیراقەی کە دوای خەبات و قوربانیدانی سەد ساڵەی گەلەکمان ئەم هەرێمەمان لێ وەدەستهێناوە، ئەمڕۆش ئەو بە نوێژی نیوەڕۆ ستراتیژیەتی هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێ دەکات.

بەدڵنیاییەوە پێشێلکاری و سیاسەتە دوژمنکارانەی تورکیا ئاییندەی قەوارەی هەڕێم بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەبات. بۆیە بێدەنگبوون لێی لە خیانەتی نیشتیمانی بترازێ هیچی تر نییە.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan