چاوپێكەوتن

رەفیق سابیر: داواکاری گشتی گڵۆپێکە، پلاکەکەی بەدەستی دەسەڵاتەوەیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


رەفیق سابیر: داواکاری گشتی گڵۆپێکە، پلاکەکەی بەدەستی دەسەڵاتەوەیە
مەودا میدیا- خەڵەف غەفور

رەفیق سابیر شاعیر و رەخنەگر و لێکۆڵەرێکى ئەکادیمییە، زیاتر لەهەموو ئەوانەش قەسیدەى "لاوکی هەڵەبجە" وی ناساند. سەروەختى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان بوو لەنێوان ساڵانى 2009-2011 چاوپێکەوتنێکى دوورودرێژم لەگەڵ سازکرد، لەوێ لێمپرسی ئایا پەرلەمان ئازادییەکانى لێ زەوتنەکردووە و ئەویش وەڵامەکەى ئەوەبوو ئازادی خۆ بەهەرچى شتى دنیا هەیە ناگۆڕێتەوە.


دواى ساڵانێک لە وازهێنانى رەفیق سابیر لە پەرلەمانتارى و گوزەران بەسەر ئەو چاوپێکەوتنەدا، لەگەڵ مامۆستا رێککەوتین درێژە بەو چاوپێکەوتنە بدەین و بزانین بۆ دەستى لە پەرلەمانتارى کێشایەوە و زۆر پرسیار و دەمەتەقێى دیکەیش بکەین.

بەشى یەکەم
لە چاوپێکەوتنی پێشووماندا، ئێوە وتتان ئەگەر نەتوانن، لە پەرلەمانی کوردستان، پارێزگاری لە بەرنامەکەتان "بەرنامەی لیستی کوردستانی" بکەن و پابەندی ئەو بەڵێنانە بن، کە بە خەڵکتان داوە، دەستلەکاردەکێشنەوە. بینیمان وازتان لە پەرلەمانتاری هێنا، پەرلەمانتان چۆن بینی؟ هۆکارەکانی وازهێنانتان چی بوون؟
رەفیق سابیر: پەرلەمانی کوردستان، بەگوێرەی بڕیاری ژمارە یەکی ساڵی 2005ی پەرلەمان، مەرجەعی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی هەرێمی کوردستانە، واتا هیچ دەسەڵاتێک لەسەرووی پەرلەمانەوە نییە، بەڵام ئایا رێز لەم بڕیارە گیراوە؟ ئایا رێگە دراوە و دەردێت، پەرلەمان ئازادانە کارەکەکانی خۆی بکات؟
ساڵانێکە پەرلەمان، بە مەبەست پەراوێز دەخرێت، لاواز و بێدەسەڵات و زەبوون دەکرێت، بۆ ئەوەی نەتوانێت چاودێریی دەزگاکانی حکومەت و لێپێچینەوە لە دەسەڵات بکات، یاسا و بڕیارەکانی خۆی بسەپێنێت و سنوورێک بۆ فەسادی و بێدای دابنێت.
لیستی کوردستانی، لە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 کۆمەڵێک بەڵێنی گرنگی بە خەڵک دا، لەوانە سەردارکردنی یاسا، پێشخستنی دیموکراتی، چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، یەکخستنەوەی دەزگاکانی حکومەت.. تاد، بەڵام زۆربەی بەڵینە گرنگەکان، وەک قسەی رووت مانەوە. لەوەش زیاتر، هەوڵدرا پەرلەمان لاوازتر و بێدەسەڵاتتر بکرێت، لە جیاتیان شوێنێکی تر، دەسەڵاتیکی تر، بە نایاسایی و بە زەبری هێز، بکرێتە سەرچاوەی بڕیار و مەرجەعی گەلی کوردستان. واتا هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی تاکەکەسێکدا، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، چڕ بکرێنەوە. ئەمەش بۆ خۆی یاساشکێنی و بەرهەمی عەقڵییەتی تاک حزبی بوو، کە لەگەڵ دیموکراتی  و سیستمی پەرلەمانیدا ناگونجێت.
بۆ زەمینەخۆشکردنی ئەم کارەش، فراکسیۆنی کوردستانی، کە من ئەندامی ئەو فراکسیۆنە و سەرۆکی لیژنەی نەزاهەت بووم، دەیویست، بە هێزی زۆرایەتی، یان وەک من هەندێکجار دەمووت، بە قامچیی زۆرایەتی، هەندێک بڕیار و یاسای نادیموکراتیانە و تەنانەت ترسناک، بسەپێنێت و رێگا لە دەرچوونی یاسای دیموکراتیانە بگرێت، بێئەوەی بایەخێک بە را و سەرنجی ئۆپۆزیسیۆن و لایەنەکانی تر، یان بە بەرنامەکەی خۆی و پرسی دیموکراتی و بەرژەوەندیی خەڵک بدات. پرۆژە یاساکان سەرەتا، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی کوردستانی، باس و لێدوانیان لەبارەوە دەکران. کاتێک بەشێک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی دژی دەوەستانەوە، پارتی پەنای بۆ بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەبرد، ئەوانیش فشاریان بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتی دەهێنا تا پرۆژە یاساکە تێپەڕێنن. ئەم فشارانە پەیوەندییان بە منەوە نەبوو، چونکە نە ئەندامی یەکێتی بووم، نە هیچ جۆرە بەرژەوەندییەکی تایبەتم هەبوو، بیپارێزم.
لەو دوو ساڵ و چەن مانگەی من لە پەرلەمان بووم، چەند یاسایەکی مەترسیدار و نادیموکراتیانە و دژ بە ئازادی و بەرژەوەندیی گەلی کوردستان، دژی چاکسازی و سەروەربوونی یاسا، سەپێدران. من دژی ئەو یاسایانە دەنگم دا، لاموایە جارێکشیان لە کۆبوونەوەکە بەشدار نەبووم. هەموو جارێکش هۆکاری دژایەتیکردنی ئەو یاسایانەم، لەناو پەرلەمان و زۆربەی جاریش لە  مێدیاکاندا، مەترسیی یاساکەم، بۆ رەوشی دیموکراتی و داهاتووی هەرێمی کوردستان، بۆ رای گشتی، باس دەکرد. بۆ نموونە یاسای خۆپێشاندان و کۆبوونەوە گشتییەکان، کە لە ناوەڕاستی نۆڤەمبەری 2010 سەپێندرا. ئەم یاسایە خۆپێشاندان، لە مافێکی گشتییەوە، بە رەزامەندی (نەک ئاگادارکردن)ی دەسەڵات، دەبەستێتەوە. واتا لە ناوەڕۆکدا، مافێکی سروشتی خەڵک، زەوت دەکات. ئایا کام دەسەڵاتی نادیموکرات و ئیستبدادی، هێندە میهرەبان، یان گەمژەیە، رێگا بە خەڵک بدات، بە خۆپێشاندان، فشاری بۆ بەرن تا مافە زەوتکراوەکانیان وەربگرنەوە؟! لەو کاتەوە تا ئێستا، ئەم یاسایە چەندان جار، وەک تیڵا و قامچی، دژی خۆپیشاندەران، بەکارهێندراوە و بە بەهانەی ئەوەی مۆڵەتیان وەرنەگرتووە، بە توندی پەلامار دراون، بەڵام هێشتا یاساکە رووە تاریک و ترسناکەکەی بە تەواوی دەرنەخراوە. بە باوەڕی تەواوەوە دەڵێم ئەم یاسایە ناشەرعییە، چونکە بە دەنگ و ئیرادەی کەمایەتییەک لە پەرلەمان تێپەڕێندراوە. لە کۆی 111 ئەندام پەرلەمانتار، تەنیا بە دەنگی 45 پەرلەمانتار سەپێندراوە. چونکە تەنیا 75 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. ئەوانی تر خۆیان لە کۆبوونەوەکە دزییەوە. سەپاندنی کەڵەگاییانەی پرۆژە یاساکە، بە دەنگی کەمایەتی، ناڕەزایی و بێزارییەکی فراوانی لە هەرێمی کوردستان دروستکرد. دوای ئەوە، لە چەند کەناڵێکی راگەیاندنەوە، باسی خراپی و ترسناکی یاساکەم کرد و داوام لە سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێم کرد، کە پەسندی نەکات و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان. لە لێدوانێکدا، رۆژی 20ی نۆڤەمبەری 2010 بۆ کەناڵی تەلەڤزیۆنی کەی ئێن ئێن و سایتی سبەی وتم "ئەگەر بەو شێوەیەی ئێستا پرۆژە یاسای خۆپیشاندان و کۆبوونەوە گشتییەکان پەسند بکرێت، ئەوا هەنگاوێکە بەرەو دواوە و سەرەتای شکستی پرۆسێسی دیموکراتییە، لە هەرێمی کوردستان... بۆیە بە گرنگی دەزانم و هیواداریشم کە سەرۆکی هەرێم ئەو پرۆژە یاسایە بگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بداتە پەرلەمانتاران گفتوگۆی زیاتر، لەبارەیەوە، بکەن، چونکە ناکرێت بە یاسا ئازادیی خەڵک سنووردار بکرێت، بە پێچەوانەوە پێویستە ئێمە ماف و ئازادیی خەڵک بە یاسا بچەسپێنین".
داواکاریی ئێمە و سەدان هەزار کەس، کە دژی ئەم یاسایە بوون، رەتکرایەوە. ئەم یاسایە غەنیمەتێک بوو دەستی هەندێک لایەن، یان تێکڕای دەسەڵاتی سیاسیی کەوتبوو، ئامادە نەبوون دەستبەرداری بن. بەڕای من یاسای زەوتکردنی خۆپێشاندان، زەمینەی خۆپێشاندانەکانی حەڤدەی شوباتی 2011ی زیاتر ئامادەکرد. تەنیا دوو مانگ و چەند رۆژێک، دوای پەسندکردنی یاساکە، لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، خۆپێشاندانەکان دەستیان پێکرد.

یاسایەکی تری فرەترسناک، یاسای ئاژانسی پاراستن بوو، کە بەبێ سەرپەرشتی و چاودێریی حکومەت و پەرلەمان کار دەکات و رێگا بەو دەزگایە و سەرۆکەکەی دەدات، هەر کەسێکی بووێت، تەنانەت سەرۆکی حکومەتیش، پەلبەستی بکات، بێ ئەوەی هیچ دەزگا و لایەنێک بتوانێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکات، یان بزانێت جۆن سەدان ملیۆن دۆلاری خەڵک، کە بۆی تەرخان دەکرێت، چۆن و بۆچی خەرج دەکات!! ئەمە شتێکی فرە ترسناکە، چونکە ئەم دەزگایە، لە سەرەتای حەفتاکانەوە، بە دەزگایەکی تۆقینەر و بەدناو ناسراو بوو، ئەو کاتە تۆمەتی ئەشکەنجەدان و کوشتنی دەیان کەسی درابووە پاڵ، لەوانە کۆمەڵێک کادیری جوامێر و دڵسۆزی حیزبی شیوعی هەبوون، کە هاوشاری و هاوڕێ و ناسیاوی من بوون.

هەروا رەتکردنەوەی پرۆژە یاسای داواکاری گشتی، کە بە هەماهەنگی نێوان دەستەی داواکاریی گشتیی هەرێم و دیوانی چاودێریی دارایی سلێمانی  و لیژنەی نەزاهەت، ئامادە کرا و نێردرایە پەرلەمان. کەچی لە 110 پەرلەمانتار بە دەنگی تەنیا (52) ئەندام رەتکرایەوە!! ئەمەش گولــــلەیەکی تر بوو بە دیموکراتی و سیستمی دادەوە نرا. خەڵکی کوردستان، دەبێت تا ساڵانێکی زۆر، باجی ئەو بڕیارەی پەرلەمان بدەن، لەبەرئەوەی دەزگای داواکاری گشتی، لە بری ئەوەی دەزگایەکی سەربەخۆ بێت و داکۆکی لە بەرژەوەندیی گشتی بکات، کرایە دەزگایەک/ئامرازێکی تری دەسەڵات و ناتوانێت لێپێچینەوە لە دەسەڵات بکات، چونکە دەبێت بە مۆڵەت و فرمانی ئەو کارەکە بکات. بە کورتی دەزگای داواکاری گشتی گڵۆپێکە، بەڵام پلاکەکەی بەدەست دەسەڵاتەوەیە. کەی بیەوێت هەڵی دەکات، کەی نەیەوێت دەیکوژێنێتەوە.

دوای رێگرتنی پەرلەمان لە دەرچوونی قانوونەکە، رۆژی 29-6-2010 ئەم کورتەنووسینەم، لە ژمارە 230 رۆژنامەی ئاوێنەدا، بڵاو کردەوە. ئەگەر دەرفەت هەبێت، حەز دەکەم لێرەدا، وەک خۆی، بڵاو بکرێتەوە:
"هەفتەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (15)ی خولی سێیەمیدا، پەرلەمانی کوردستان، لەسەر داوای لیژنەی یاسایی و بەدەنگی کەمتر لە نیوەی ئەندامان (تەنیا 52 دەنگ) بڕیاری دا لێدوان لەبارەی پرۆژەی یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان رەت بکاتەوە.
ئەم بڕیارە بە پەلەیە بۆ ئێمە، لە لیژنەی دەستپاکی (نەزاهەت)ی پەرلەمان، جێگای سەرنج بوو، چونکە پێشتر، بە نووسراوێکی رە‌سمی، داوامان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو کە لێدوان، لەبارەی ئەم پرۆژە یاسایە‌، بخاتە دانیشتنەکانی سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بۆ ئەوەی ئێمەیش‌ راپۆرتی خۆمان لەبارەیەوە‌ بەتەواوی ئامادە بکەین.

ئێمە لە سەرەتای دانیشتنەکەدا هەستمان کرد کە سەرۆکایەتیی پەرلەمان‌ وەک پێویست پێشنیازی لیژنەکەمان بە گرنگ وەرناگرێت، بۆیە‌ لەبەردەم ئەنداماندا باسی گرنگی پرۆژە یاساکە‌مان کرد و پێشنیازی لیژنەی دەستپاکیمان دووبارە کردەوە. لەهەمانکاتدا روونمان کردەوە کە دەستەی داواکاری گشتی، لە دوو کۆبوونەوەی تایبەتدا لەگەڵ لیژنەکەمان باسی هەندیک گرفتی دەستەکەیانیان کردووە و داوا دەکەن، کە پەرلەمان بە‌ یاسایەکی نوێ‌ ئەو گرفتانەیان بۆ‌ چارەسەر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە جۆرێکی بێلایەنانە ‌و ئۆبجێکتیڤانە رەفتاری لەگەڵ پێشنیازی ئێمە و لیژنەی یاساییدا نەکرد، بەڵکو لایەنگرانە پێشنیازەکەی لیژنەی یاسایی خستە دەنگدانەوە، کە پێدەچوو پێشتر زەمینەی سەرخستنی بۆ ئامادەکرابێت.

رەتکردنەوەی بە پەلەی ئەم پرۆژە یاسایە چەند راستییەک دەر دەخات:
یەکەم-لە کوردستاندا هێشتا (کە‌ نە یاسا سەروەرە‌، نە دادگا سەربەخۆیە ‌و نە هاوڵاتییان لەبەردەم یاسادا یەکسانن) هۆشیارییەکی یاسایی، لەبارەی گرنگی دەزگای داواکاری گشتی‌، دروست نەبووە. لەهەمانکاتدا ئیرادەیەکی سیاسی نییە بۆ ئەوەی دەزگایەکی سەربەخۆی لەم جۆرە پێکبهێندرێت و بە پێی یاسایەکی تایبەت، کار بۆ سەرداربوونی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکات و بتوانێت، وەک نوێنەری بەرژە‌وەندی و مافی گشتی، لەکاتی پێویستدا، هەر هاوڵاتییەکی کوردستان، لە هەر  پلەو پۆستێکدا بێت، بداتە دادگا.

دووەم- پەرلەمانی کوردستان تەنیا یاسای گرنگ و بەسوود بۆ کوردستان دەرناکات، بەڵکو ئەگەر بەرژەوەندیی حزبایەتی بخوازێت، دەتوانێت بە زەبری هێزی زۆرایەتی، دەرچوونی ئەو جۆرە یاسایانەش دوا بخات، کە زەمینە بۆ سەرداربوونی یاسا، لە کوردستاندا، خۆش دەکەن.

سێیەم-  پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان‌ کە ساڵی 1992 دانراوە و دواتر کەمێک هەموار کراوە‌، بە عەقڵییەتێکی نادیموکراتیانە ‌و تەنانەت عەسکەرییانە داڕێژراوە، بۆیە لایەقی پەرلەمانێک نییە کە نوێنەرایەتیی خەڵک بکات. بەپێی ئەم پەیڕەوە ناوخۆیە،‌ زۆربەی دەسە‌ڵاتەکان لە دەستی سەرۆکی پەرلەماندا کۆکراونەتەوە‌. بەڕێزی ئەگەر بیەوێت ‌دەتوانێت وەک دیکتاتۆرێک رەفتار بکات و مافی ئەندامانی پەرلەمان پیشێل بکات و تەنانەت بە بێ هۆکار کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دوا بخات. لەکاتێکدا لە سیستمی دیموکراتیدا ئەندام پەرلەمان سەنتەره ‌و سەرۆکی پەرلەمانیش ئەندامێکە، بەڵام کار و کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەڕێوە دەبات‌.‌ بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان، پێش ئەوەی یاسای تر بۆ وڵات دابنێت، چارەسەری ئەم گرفتە کوشندەیەی خۆی بکات و بەپێی یاسایەکی نوێی دیموکراتیانە کارەکانی خۆی رێک بخاتەوە.
ئەم جارەیان پرۆژەی‌ یاسای داواکاری گشتی لە هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە، بەڵام کارکردن بۆ سەرداربوونی یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی و مافی گشتی، لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەماندا، هەر بەردەوام دەبن.
"نووسینەکە تەواو بوو"
                                               
بە کورتی پەرلەمانی کوردستان، لە مەرجەعی بریاردانی چارەنووسی گەلی کوردستانەوە، بەرەو خۆکوشتن، پەلکێش دەکرا، بۆ ئەوەی بکرێتە کارخانەی دروستکردنی دیکتاتۆریا. لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا، بە دەنگی بڵند، هۆشداریم دا کە تارمایی دیکتاتۆریا، بە هەرێمی کوردستاندا دەسووڕێتەوە.
سەرەنجام من لەناو پەرلەماندا خۆم بە نامۆ دەهاتە بەرچاو. وردە وردە بەو باوەڕە گەیشتم کە هێشتا، لە کوردستاندا، ئیرادەیەکی سیاسی بۆ چاکسازی و بەرەنگاریکردنی گەندەڵی، دروستنەبووە، بەڵکو رێگری لەم کارانە دەکرێت. بۆ نموونە چەندان جار، لە لیژنەی نەزاهەت، داوای ئەو راپۆرتانەی دیوانی چاوێریی دارایی سلێمانیمان کرد، کە لەبارەی گەندەڵییەوە، بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ناردبوونی، بۆ ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بکەین، کەچی سەرۆکی پەرلەمان نەیهێشت بیان بینین. یان کاتێک ویستمان بەدواداچوون بۆ‌ چۆنیەتیی خەرجکردنی دەیان ملیۆن بودجەی پەرلەمان، بکەین، کە تەخشان و پەخشان دەکرا، هەروا بەدواداچوون بۆ دامەزراندنی هەندێک‌ فەرمانبەری پەرلەمان بکەین، کە بە پێی رۆژنامەیەکی ئەهلی، بە نایاسایی دامەزرێندرابوون، سەرۆکی پەرلەمان پێشی پێ گرتین و نەیهێشت ئەم کارە بکرێت. من ئەو کاتە بە چەند ئەندامێکی لیژنەکەم وت، ئەگەر نەهێڵن پۆخڵەواتی دەوروپشتی خۆمان، پەرلەمان، پاک بکەینەوە چۆن رێگەمان دەدەن دەست بۆ دەزگاکانی تر بەرین. ئەو دەمە دەمویست دەست لە سەرۆکی لیژنەی نەزاهەت هەڵگرم، بەڵام لەسەر داوا و پێشنیازی هەندێک هاوڕێ و چەند ئەندامێکی لیژنەکەمان ئەم کارەم دواخست.

بەڵام دوای رووداوە خوێناوییەکەی 17ی شوباتی 2011  لە سلێمانی و دەستڕێژیکرن لە خەڵکی مەدەنی، کە لە بنەڕەتدا بۆ پشتگیریکردنی‌ خەڵکی راپەڕیوی میسر و لە دژی گەندەڵی، لە کوردستاندا، خۆپێشاندانیان کردبوو، مانەوەم لە لیژنەی نەزاهەت بێ مانابوو. بەتایبەت کە هەرسێک سەرۆکایەتییەکەی هەرێم (سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکومەت و هەرێم) و تەنانەت سەرەتا بزوینەوەی گۆڕانیش، لە بەیاننامەکانیاندا، خۆپێشاندەرانیان مەحکوم کرد و بە ئاژاوەگێڕ و فیتنەساز ناویان بردن، وەک ئەوەی ئەوان خوێنی لاوانی کوردستانیان رشتبێت! ئەم هەڵوێستە، لە ناوەڕۆکدا، سروشتی ناعادیلانە و نابەرپرسانەی دەسەڵاتی سیاسی و ترسنۆکی و بودەڵەیی ئۆپۆزیسۆنی دەرخست و‌ رەوایی بە گولەبارانکردنی خۆپێشاندەرانی مەدەنی بەخشی.

ئەو کاتە پشووی زستانەی پەرلەمان بوو. من بە سەردان چووبووم بۆ سوید. کاتێک هەواڵەکەم بیست، یەکسەر گەڕامەوە کوردستان. رۆژی 21/2/2011 بە راگەیاندراوێکی نووسراو، وازم لە سەرۆکی لیژنەی نەزاهەت و ئەندامێتیی لیژنەکە هێنا. چوومە ناو خۆپیشاندەرانی بەردەرکی سەرای سلێمانی و لە سەکۆی ئەوانەوە وتم: وا ئاژاوەگێڕێک (یان گێرەشێوێنێک)ی تریش هاتە ناوتانەوە!!

لە نامەی وازهێنانەکەمدا هاتبوو "من کە یەکێکم لە نوێنەرانی پارێزگای سلێمانی لە پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی نەزاهەم، بە فەرمی و لەڕێگەی ئەم نامەیەوە رایدەگەیەنم کە لە بەرانبەر خوێنی بە ناهەق رێژراوی جوانەمەرگان رێژوان عەلی و سورکێو زاهیر و هاوڕێ بریندارەکانیاندا، کە بە هەق قوربانییانی خەباتی دژە گەندەڵین، لام شەرمە سەرۆکی لیژنەیەک بم لە پەرلەماندا، کە گوایە بۆ دژایەتیی گەندەڵی پێکهێندراوە. من مۆراڵی ئینسانیم و گیانی کوردایەتی و پەیامی شاعیرانەم، رێگەم پێ نادەن ئەم زوڵمە گەورەیە قەبووڵ بکەم و سەرۆکی لیژنەیەکی پەرلەمانیی دەستبەستراو بم. هەر بۆیە بەم نامەیە بەڕێزتان ئاگادار دەکەمەوە، کە لەم ساتەوە هیچ پەیوەندییەکم بە لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانەوە نییە".
ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ وازهێنان لە پەرلەمان. رۆژی 3ی ئوکتۆبەری 2011 کۆتاییم بە کاری پەرلەمانتاری هێنا و ئەم نووسراوەم بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان نارد:

  بۆ/ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان     
  بابەت/ دەستلەکارکێشانەوە
لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیمەوە وەک شاعیر و نووسەر، کێشەی نیشتمانیی نەتەوەکەم و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئازادی، هەمیشە خەون و ئامانجی من بوون، تەواوی کار و بەرهەمەکانیشم هەڵگری ئەم خەون و ئامانجانە بوون. لە هەر جێیەکیش هەستم کردبێ کە دەرفەتی ئەوەم پێ نادرێت، وەک پێویست، کار بۆ ئەو خەون و ئامانجانە بکەم، خۆم لە ناو هیچ دەزگا و دامەزراوەیەکی سیاسیدا بەند نەکردووە.
کاتێکیش قبووڵم کرد کە، وەک کەسێکی سەربەخۆ، بۆ پەرلەمانی کوردستان کاندید بکرێم، پێموابوو‌ پەرلەمان، وەک باڵاترین دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا،‌ دەتوانێت شێوازی حوکمڕانی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بەرەوپێش بەرێت و سەروەریی یاسا و پاراستنی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشگرتن لە بێدادی بکاتە ئامانجی سەرەکیی خۆی. ئێمە لە کاتی هەڵبژاردنیشدا بەم هیوا و بەڵێنانەوە، روومان لە خەڵکی کوردستان کرد.
بەڵام بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان هێشتا لە‌ پەرلەمانی گەلێک ناچێت کە‌ سەدەیەکە بۆ ئازادی و دادپەروەری خەبات دەکات و لەم پێناوەدا سەدان هەزار قوربانیی داوە.
ئەو شێوە کارکردن و بەڕێوەبردنەی، لە ماوەی ئەزموونی دوو ساڵی رابردوومدا، لە پەرلەمانی کوردستاندا بینیوومن، بە ئەندازەیەک لە بارەی رۆحی و‌ ویژدانییەوە ‌نیگەرانیان کردووم، کە نەتوانم لەوە زیاتر‌ درێژە بە کارەکەم بدەم، بۆیە بەم نامەیە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەم لە پەرلەمان، بە ئێوە و هاوڕێ پەرلەمانتارەکانم و رای گشتیی کوردستان، رادەگەیەنم.

بە گشتی ئەزموونی پەرلەمانی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
رەفیق سابیر
: پەرلەمانی کوردستان، لە سەرەتادا، جێگای هیوای خەڵکی کوردستان بوو. کۆمەڵێک یاسای باش و بەسوودی، بۆ هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی وەزارەت و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پەسند کرد، بەڵام سەپاندنی دەسەڵاتی حزب، بەسەر پەرلەمان و حکومەت و کۆمەڵدا، پەرلەمانی بەرەو لاوازبوون برد. لە ئەنجامدا پەرلەمانیش، وەک دەزگاکانی تری حوکمڕانی، پێشمەرگە و هێزی چەکداری، دادگا، خوێندن و پەروەردە، زانکۆکان، و تاد، دەستی بەسەردا گیرا.
ئەزموونی پەرلەمانی کوردستان پێشانی داین، ئەگەر لە وڵاتێکدا دەستوور نەبێت، یاسا سەروەر نەبیت، دەزگای بەکار و بەهێزی دەوڵەت، دانەمزرێندرابن، یان نەتوانن دەستوور بپارێزن و  یاسا سەروەر بکەن، پەرلەمان مانای نامێنێت. درەنگ یان زوو، دەکرێتە دیکۆرێک، یان ماسکێک، بۆ داپۆشینی روخساری ناشرینی دەسەڵات. سەرەنجام وەک ئامرازێک، دژی دیموکراتی و خەڵک بەکار دەهێندرێت.
پەرلەمانی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، بەتەنگ پەیڕەوکردنی یاساکان و سەروەریی یاساکانەوە نین. چاویان لە ستەم و بێدای و زەوتکردنی سیستمی داد و زەبوونکردن و  کودێتاکردن بەسەر پەرلەماندا پۆشیوە. پەرلەمان خۆی لە دەستدرێژییە بێ سنوورەکانی دەسەڵات بێ دەنگە، بۆچی؟ ئاشکرایە لەبەرئەوەی هەموو لایەنەکان، لەو نێچیرە راوکراوە، کە ناوی هەرێمی کوردستان، یان موڵک و سامانی زەوتکراوی گەلی کوردستانە، پشک و بەشیان هەیە. سەدان هەزار دۆنم زەویوزاری کوردستان، کە بایی چەندان ملیار دۆلار دەبن، وەک غەنیمەت، دەستیان بەسەردا گیراوە. یان پەرلەمان خۆی، بە "یاسا" و بە بەهانەی وەک وەبەرهێنان، رەوایی بە تاڵانکردنیان داوە و بەرگی یاسایی بۆ دووریون. هەر شتێک بە زەبری هێز دەستی بەسەردا بگیرێت چەتەییە، چەتەیی بە (یاسا)ی هێز رەوا ناکرێت. تاڵانکردنی ئاشکرای نەوت و غاز و سامانی کوردستان و دزینی مووچەی کارمەندان، بنەماڵەی شەهیدان، خانەنشینان و کەمئەندامان وێرای ستەم و تیرۆر و سەردارکردنی یاسای جەنگەڵ، هیچ بایەخ و مانایەکیان بۆ پەرلەمان و تەنانەت سیستمی داد و تێکڕای سیستمی حوکمڕانی نەهێشتووەتەوە. بۆیە سەیر نییە، دوای نزیکەی سیی ساڵ ئەزموونی پەرلەمان و حوکمڕانی، دوای ئەو هەموو یاسا و بڕیارە پەرلەمانییانە، لە جیاتی دەستوور و دامەزراندنی دەزگای نەتەوەیی و بناخەی دەوڵەت، تازە کولتووری بارەگا، کە بەرهەمی رۆژانی رەشی شەڕی نێوخۆ و خەباتی چەکداری و چەتەگەرییە، بۆ هەرێمی کوردستان، دەگەڕێندرێتەوە.

بە کورتی ئەزموونی پەرلەمانی و تێکڕای ئەزموونی حوکمڕانی، لە هەرێمی کوردستان، شکستیان هێناوە. من پێش چەند ساڵێک و لە چەند نووسین و دیدارێکدا وتوومە، کە هەرێمی کوردستان لەناو دەستێکی پاک و ئەمیندا نییە.
دەسەڵات وەک داگیرکەرێک، گەلی کوردی بە بارمتە گرتووە و   هەرێمی کوردستانی وەک غەنیمەتێکی پێنچ ئەستێرەیی زەوت کردووە. بۆیە خۆی بە خاوەنی وڵاتەکە نازانێت، بە پەلە و بە هەڵپەوە، وڵاتەکە تاڵان دەکات. هەرچی لە هەرێمی کوردستان پارەی تێدا بێت، یان پارە بکات، دەستیان بەسەردا دەگرێت، یان هەڕاج دەکرێن. هەرچی پارەی تێ بچێت، بەت ایبەت پرۆژەی گرنگ و ژێرخانی ئابووری، رێگاوبان، قوتابخانە، نەخۆشخانە، هونەر و کولتووری، پشتگوێی دەخرێن. ئێستا نۆرەی هەڕاجکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و باڵەخانە و کولوپەلەکانیانە، بە کۆمپانیاکانی خۆیان. داوا لە خەڵکی کوردستان و نوینەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەم کە لە رێگای پەرلەمانی عێراق و دادگای دەستووری و دادگاکانی تری عێراقەوە، پێش بە هەڕاجکردنی دەزگاکانی حکومەت بگرن.

جەنابتان ماوەیەک لە دامەزراوەی کوردۆلۆجی بوون لە سلێمانی، ئەم دامەزراوە چۆن دامەزرا؟ چۆن ئەو ئەزموونەتان دەستپێکرد و بۆچی لەوێش وازتان هێنا؟
رەفیق سابیر: مەڵبەندی کوردۆلۆجی، لە کۆتایی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی پێشوو، دامەزرێندرا، بەڵام سەر بە زانکۆی سلێمانی بوو. بارەگاکەی لە خانویەکی کۆن، نزیک فولکەی کانێسکان و هەمان جێگای ئێستای بوو، بەڵام ستافی کار و بودجەی تایبەتی خۆی نەبوو. بۆیە بێ پلان و چالاکی، وەک ناوێکی بێ ناوەڕۆک، مابووەوە.
پێش ئەوەی دەست بە کارکردن لەو سەنتەرە بکەم، داوام کرد لە زانکۆ داببڕدرێ، وەک دەزگایەک راستەوخۆ، بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ببەسترێتەوە. بەکورتی سەنتەرەکە لە بنەڕەتەوە، بە جۆرێکی تر، دابمەزرێندرێتەوە. ئەمە کارێکی ئاسان و بێ کۆسپ نەبوو، بگرە گرانیش بوو، بەڵام کاک عومەر فەتاح، کە ئەو دەمە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان (ئیدارەی سلێمانی) بوو، لە گرنگی پرۆژەکە گەیشتبوو، پشتگیری کرد. بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی لە دکتۆر ئەختەر نەجمەدین، وەزیری خوێندنی باڵا، دکتۆر شەونم وەزیری پەروەردە، دکتۆر گەزنەیی، وەزیری ئەوقاف و دکتۆر محەمەد دلێر، راگری کۆلێجی ئاداب، پێکهێنا، تا پێەوە باسی ئەم مەسەلەیە بکەین. دوای روونکردنەوەی ناوەڕۆک و ئامانج و گرنگیی پڕۆژەکە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانیان، ئەوانیش بە باشیان زانی سەنتەرەکە سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت، نەک زانکۆی سلێمانی.

رۆژی 8ی ئاداری 2006 بە بڕیاری ژمارە 136 سەنتەری کوردۆلۆجی دامەزرێندرا. لە مادەی دووەم، بڕگەی 1 ی بڕیارەکەدا هاتبوو (دامەزراندنی مەڵبەندێکی ئەکادیمی بە ناوی مەڵبەند (سەنتەر)ی کوردۆلۆجی لە هەرێمی کوردستان) کە جێگەی ناوەندی کوردۆلۆجی سەر بە زانکۆی سلێمانی دەگرێتەوە، لە گشت ئەرک و مافەکانیدا و خاوەنی کەسایەتیی مەعنەویی یاسایی و سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی خۆی دەبێت و راستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە و دەتوانێت هەموو رەفتارێکی یاسایی ئەنجام بدات، بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی. ناوەندی سەرەکیی مەڵبەند لە شاری سلێمانی دەبێت و بۆی هەیە لقی خۆی لە شارەکانی تری هەرێم و دەرەوەیدا بکاتەوە). هەر بەپێی ئەم بڕیارە (ناوەندی کوردۆلۆجی سەر بە زانکۆی سلێمانی، بە سەرجەم ماڵ و موڵکی گواستراوە و نەگواستراوە و فەرانبەرانی دەگوازرێنەوە بۆ سەر میلاکی مەڵبەند.
بڕیاری دامەزراندنی کوردۆلۆجی، زیاتر لە چوار مانگی پێچوو. من نزیکەی سێ ساڵ و نیو سەرۆکی مەڵبەندەکە بووم، دوای ئەوە دیسان، لەژێر فشاری پارتیدا، خرایەوە سەر زانکۆی سلێمانی. کاتێک دەستم بە کارەکە کرد، تەنیا کارمەندێک و سێ باجی و سێ پاسەوان، لەوێ مانەوە،ن ئەوانی تر چوونەوە زانکۆ. دەبوو کارمەند و توێژەر و وەگێر پەیدا بکەین بەشی ئیداری، دارایی، وردبینی، کۆمپیوتەر و توێژینەوە و وەرگیڕان و دابمەزرێنین و سەنتەرەکە سەقامگیر ببێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە ماوەی دوو ساڵدا، وەک رۆژی 20ی ئەیلولی 2008 لە گۆڤاری هەفتەنامە، وتوومە (نزیکەی بیست کتێب و یەکەم ژمارەی گۆڤاری (کوردۆلۆجی) بڵاو کرایەوە.

سەنتەرەکە پێویستیی زۆری بە چەند توێژەر و پسپۆڕ هەبوو، کە لەبری ئەوەی لە زانکۆ دەرس بڵینەوە، بێن لە کوردۆلۆجی کار بکەن، کاتی خۆیان بۆ باس و لێکۆڵینەوە تەرخان بکەن، بەڵام دوو گرفتی سەرەکی هەبوون:

یەکەمیان: ئەوانەی خوێندنی دکتۆرایان تەواوکردووە و زۆربەی ئەوانەی بڕوانامەی ماجستێریان هەیە، لە زانکۆکان دادەمەزرێن. کەچی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا، بەشێک لەو جۆرە پسپۆڕانە، لە سەنتەرەکانی باس و لێکۆڵینەوە، کار دەکەن، ئەگەر کات و دەرفەتیان هەبێت، یان زانکۆ زۆر پێویستی پێیان بێت، هەفتەی چەند سەعاتێکی دەرس دەڵینەوە. بۆیە لەو وڵاتانە، نەریت و پرەنسیپ و دیسپلینی باس و لێکۆڵینەوە، چەسپاو و بەهێزن و پشت بە نوێترین تیۆری دەبەستن. لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بەم جۆرە نییە و باس و لێکۆڵینەوە لاواز و کەمبایەخ کراون. زۆربەی مامۆستایانی زانکۆکان، بۆ تەرقییەکردن و وەرگرتنی تایتڵی زانستی، توێژینەوەیان بیر دەکەوێتەوە. بۆیە ئاساییە بەشێک لەو باسانەی بۆ ئەو ئامانجە دەنووسرێن، وەک پێویست بایەخی زانستی و ئەکایمییان نەبێت. ئەمەش لە بنەڕەتدا خەتای سیستمی زانکۆکانی کوردستانە، کە لە کۆمەڵگای کوردستان و ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ئەدەبی، هونەری و گرفتەکانی زمانی کوردی، خۆیان دابڕیوە و لە پەراوێزی کۆمەڵ و لە بورجێکی بەرزەوە، بۆ کۆمەڵ و گرفت و دیاردەکانی دەڕوانن. خوێندنی زانکۆ کراوەتە کەناڵێک بۆ وەرگرتنی بڕوانامە، نەک بۆ پێگەیاندنی پسپۆڕ و کادیری ئەکادیمی، زانستی، پەروەردەیی، ئابووری، تەکنیکی،  ئیداری و سیاسی...تاد. چ کارەساتێکە کاتێک زۆرینەی دەرچوانی زانکۆ، دوای شازدە ساڵ خوێندن، زۆرینەیان ناتوانن بە کوردییەکی دروست و رەوان بنووسن، یان بیر و بۆچوونی خۆیان بە باشی و بە جۆرێکی رووناکبیرانە، بە هیج زمانیکی بیانی دابڕێژن. کۆڵەوارترین قوتابی و خوێندکاری زانکۆ و ماجستەر و دکتۆرا، لە بواری زمان و زانینی زمانی بیاندا، لە وڵاتی ئیمەدا، کە کراوە بە جەهلستان، دەدۆزرینەوە.
دووەم: مامۆستای زانکۆ هەندێک ئیمتیازی هەبوو، لەوانە بەناوی خۆتەرخانکردنی زانستی، موچەکەی دووقات بوو. کەچی ئەگەر لە سەنتەرێکی باس لێکۆڵینەوە خەریکی توێژینەوە بووایە، کارەکەی بە (خۆتەرخانکردنی زانستی)! دانەدەندرا و دەبوو وەک هەر فەرمانبەرێکی ئاسایی، مووچە وەربگرێت. ئێمە، بەپێی بڕیاری دامەزراندنی سەنتەرەکە، دەتواندرا چەند کەسێک، بە پلەی بەڕێوەبەریی گشتی بۆ ئەنجومەنی کوردۆلجی دابمەزرێندرێن، بەڵام زانکۆ بۆ ئەوان دڵگیرتر و سەقامگیرتر بوو، هەروا لە زانکۆ هەندیک ئیمتیازی هەبوو، لەوانە وەرگرتنی زەوی، دابەشکردنی ئەو خانووانەی کە بۆ مامۆستایانی زانکۆ دروستدەکران و نزیکەی 150 خانوویەک بوون.

پێموابێت سەنتەرى کوردۆلۆجی گرفتی تریشی تووش هات کە پەیوەندی بە بوونی ئەو سەنتەرەوە هەبوو؟
 رەفیق سابیر:
بەڵێ، لە هەولێرەوە فشار دەهێندرا کوردۆلۆجی، وەک دەزگایەکی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، نەمێنێت و بخرێتە سەر ئەکادیمیای کوردی، کە پارتی دایمەزراندبۆوە. یان کوردۆلۆجی بخرێتەوە سەر زانکۆی سلێمانی، بەڵام کاک عومەر فەتاح، کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی ناوچەکانی ئیدارەی پێشووی سلێمانی بوو، قبووڵی نەدەکرد. کار گەیشتە ئەوەی، لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، پرۆژە یاسای کوردۆلۆجی، کە بە نووسراوی تایبەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پەرلەمانی کوردستان نێردرا، پێش ناردنی، دەستکاری بکرێت. لە پرۆژە یاساکەدا کوردۆلۆجی وەک دەزگایەکی سەر بە ئەنجومەنی وەزیران، ناسێندرا بوو، کەچی گۆڕیبوویان بەوەی کە کوردۆلۆجی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی، یەک بگرێتەوە. ئەم دەستکاریکردنە، دوای ئیمزاکردنی نووسراوێکی هاوپێچی پرۆژە یاساکە، کە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، واژۆی کردبوو، هەروا لە پشتی کوردۆلۆجییەوە، کرابوو. بڕوانن حکومەتێک، لە پشت جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەکەیەوە، ئەمە بکات، دەبێت چەند لەگەڵ گەلەکەی خۆی راستگۆ بێت؟
پێ دەچوو پرۆژە یاساکە، بۆ خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمان ئامادە بکرێت. رۆژێک یاساناس کاک کەریم برادۆستی، کە ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بوو، تەلەفۆنی بۆ کردم، لێی پرسیم کە ئایا ئێمە لەگەڵ ئەوەین کوردۆلۆجی، وەک لە پرۆژە یاساکەدا هاتووە، لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی یەک بخرێتەوە؟ پێ دەچوو پرۆژە یاساکە، بۆ خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمان ئامادە بکرێت. من حەپەسام. بۆ بەڕێزیم روونکردەوە کە شتی لەم جۆرە، لە پرۆژە یاساکەدا نەبووە، ئێمە دەمانەوێت کوردۆلۆجی وەک خۆی بمێنێتەوە. بە پەلە کۆپییەکی تری پرۆژە یاسایەکەم بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناردەوە و لە مەسەلەکە ئاگادارم کردن. پرۆژە یاساکە، دوای دووبارە ناردنەوەی، لە پەرلەمان خەوێندرا. پاش چەند مانگێک چووم بۆ لای سەرۆکی پەرلەمان، عەدنان موفتی. لەبەرچاوی چەند ئەندام پەرلەمانێک، لەبارەی پرۆژە یاساکە قسەم لەگەڵ کرد، بەڵام کاک عەدنان، بۆ خاتری پارتی، رازی نەبوو پرۆژە یاساکە بخاتە کاری پەرلەمانەوە. بەمەش هەڕەشەی نەهێشتنی کوردۆلۆجی وەک دەزگایەکی سەربەخۆ، زیاتر بوو.
لەلایەکی ترەوە ئەکادیمیای کوردی و سەرۆکەکەی، بایکۆتی کوردۆلۆجییان کردبوو. ئێمە بە نووسراو پێشنیازمان پێ کردن، لە هەندێک کار و بواری ئەکادیمیدا، پێکەوە هەماهەنگی هاوکاریی بکەین، بەڵام ئەکادیمیا، تەنانەت وەڵامی نووسراوەکەشیان نەدەداینەوە. ئەوان پێیان وابوو کوردۆلۆجی، وەک جێگرەوەی ئەوان لە سلێمانی، دروستکراوە. راستییەکەی ئەمە بەهانە بوو. رەنگە هەندێک لەوان لەپشت ئەو هەڵوێستە توندەی ئیدارەی هەولێرەوە بووبن، کە بەرانبەر کوردۆلۆجی وەریان گرتبوو، یان بە پێچەوانەوە، سەرۆکی ئەکادیمیا بڕیاری حزبەکەی بەجێ گەیاندبێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەکادیمیا رووناکبیرانە و زانستییانە نەبوو. بەرهەمی عەقڵییەتی تەسکی حزبی بوو. یان لەوەوە هاتبوو، کە هەندێکیان باوەڕیان بەخۆیان نەبوو، چونکە لەبەر هۆکاری حزبی، نەک لەبەر توانای زانستی و لێوەشاوەیی ئەکادیمی، لەوێ دامەزرێندرابوون.! ئێمە سەنتەرێکی باس و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان بووین، نەک رکابەری ئەوان. دەکرێت لە کوردستان چەندان سەنتەری لەم جۆرە هەبن، هەر یەکەشیان بە جیا کاری خۆیان بکەن.
دوای ئەم بێنە و بردەیە، رۆژێک، لاموایە سەرەتای ساڵی 2019 بوو، دکتۆر شەفیق قەزاز، کە ئەو کاتە سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بوو، هات بۆ لام لە کوردۆلۆجی. پێشنیازی پێ کردم کە کوردۆلۆجی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی یەکبخرێت، منیش ببمە جێگری سەرۆکی ئەکادیما. من پێشنیازەکەم رەت کردەوە.
سەرەنجام کاتی دەستوەشاندن هات. جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە کارەکەی نەما و عیماد ئەحمەد، خرایە جێگاکەی. لاموایە لە هەفتەی یەکەمی دەستبەکاربوونیدا تەلەفۆنی بۆ کردم تا یەکتری ببینین و باسی کوردۆلۆجی بکەین، وەک ئەوەی کوردستان، جگە لە مەسەلەی کوردۆلۆجی، هیج گرفتیکی تری نەبێت. لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی کاک محەمەد قەرەداغی، بەرپرسی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران، یەکترمان بینی. کاک عیماد کوردۆلۆجی وەک گرفتێک لەنێوان یەکێتی و پارتی وێنا کرد و وتی تا ئێستا چەند جارێک لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیی هەردوو حزب باس کراوە، دەبێ ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت. من روونکردنەوەم دا کە کوردۆلۆجی سەنتەرێکی باس و لێکۆڵینەوەیە، گرفتی بۆ کەس دروستنەکردووە و بەهانەی پێ دەگرن. پێشتر هەمان داوا لە کاک عومەریش کراوە، بەڵام پارێزگاریی کوردۆلۆجی کردووە.  کاک عیماد هەر پێی دادەگرت. گەیشتە ئەوەی وتی تۆ، بە هۆی کوردۆلۆجی زەرەر بە پەیوەندیی ئێمە و پارتی دەگەیەنێت. من بە زەردەخەنەیەکی گاڵتە ئامێزەوە وتم: لەوە دەچێت بە هۆی منەوە شەڕی نێوان ئێوە و پارتی هەڵگیرسابێت و من نەمزانیبێت! 
تا دەهات دانیشتنەکە ناخۆش دەبوو. بیرمکردەوە ئەم کێشە دروستکراوە  دوو ساڵ و نیو زیاترە بەردەوامە. روو لە هەر جێیەک دەکەین، بازگەیەکمان  بۆ داندراوە رێگامان پێ دەگرن. ئەگەر کوردۆلۆجی ماوەیەکی تریش، وەک ئێستا بمێنێتەوە، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەتواندرێت بە جۆرێکی تر پەک بخرێت، چونکە کارەکانمان، لەوانە بودجە و دامەزراندنی توێژەر و کارمەندی پێویست و کاری تریش، دەبێت یان بە رەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، یان بە راوێژکردن لەگەڵ ئەواندا بکرێن. لەم بیرکردنەوانەدا بووم پێم وت: باشە من رازی دەبم بەو مەرجەی لە بڕیارەکەدا بنووسرێت کە ئەم بریارە دوای رێککەوتنی سەرۆکی مەڵبەندی کوردۆلۆجی و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، لەسەر شێوەی یەکگرتنەکە، جێبەجێدەکرێ "ب داخەوە، لەبەر داخستنی دەزگاکانی حکومەت کۆپییەکی بڕیارەکەم دەستنەکەوت".

من هیوام بەوە بوو کە بتواندرێت کوردۆلۆجی، بە بودجە و ستافی تایبەتی خۆیەوە، لەژیر چەتری ئەکادیمی زانکۆ و چاودێریی ئیداری و دارایی زانکۆدا، درێژە بە کارەکانی بدات، هەر بەو جۆرەی هەندێک سەنتەری ئەکادیمی، لە سوید و ئەوروپا کار دەکەن. 
هەر لەوێ لەگەڵ کاک محەمەد قەرەداخی، بڕیارەکەمان بەو جۆرە نووسی کە من پێشنیازم کرد. کاتێک لەگەڵ سەرۆکی ئەو کاتەی زانکۆ، دکتۆر عەلی سەعید و جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری ئیداری، دکتۆر فاروق، دانیشتین، دوکتۆر عەلی وتی (ناتواندرێت ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت، چونکە من و تۆ پلەی وەزیفیمان وەک یەکە، لەڕووی یاسای ئیدارییەوە کەسمان ناتوانێ بەرپرسی ئەوی ترمان بین). لەوەش زیاتر وتی (تەنانەت تۆ دەسەڵاتت لە من زۆرترە، چونکە تۆ راستەوخۆ پەیوەندیت لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەڵام من پەیوەندیم لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵایە). بڕیار درا زانکۆ، بە نووسراوێک، وەڵامی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران بداتەوە.
دوای ئەوە عیماد ئەحمەد لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ من و دکتۆر فاروق کرد، کە دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵڵا، ئەودەم راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیران بوو، ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو. دوای گفتوگۆ عیماد ئەحمەد وتی گوایە من داوام لە دکتۆر عەلی کردووە نووسراوەکە، بەم شێوەیە، بنووسێت. من وتم وانییە، ئەمە مەسەلەیەکی یاسایی و ئیدارییە، با دکتۆر فاروق بفەرموێ و باسی بکات. دکتۆر فاروق روونکردنەوەیدا و پشتگیریی یاسایی و ئیداریی لە ناوەڕۆکی نامەکەی سەرۆکی زانکۆی کرد. پێدەچوو عیماد ئەحمەد لەوە قەڵس بووبێت کە هەم بڕیارەکەی سەقەتە و جێبەجێ ناکریت، هەم ئاگاداری سادەترین مادەکانیی یاسای ئیداریی حکومەتەکەی نییە! بۆیە دوای کەمێک هێنان و بردن، وەک کەسێک کە نەتوانێی هەستی پریمیتیڤی خۆی کۆنترۆڵ بکات، بە خۆهەڵکێشانێکەوە، کە لێی نەدەهات، وتی ئەگەر پلەی وەزیفی موشکیلە بێت، من پلەی وەزیر و زیاتریش دەدەم بە دکتۆر عەلی .
ئەو بەم قسەیەی تەنیا دیوێکی ناشرینی خۆی پێشان نەدا، بەڵکو جەهالەتی ئیداریی خۆی زیاتر سەلماند، چونکە، لەڕووی ئیداری و یاساییەوە، ئەو دەسەڵاتەی نەبوو پلەی وەزیر و زیاتر (کە دەکاتە جێگری سەرۆک وەزیر) بە خەڵک ببەخشێ. لەڕووی حکومی و حزبییشەوە، بەبێ رەزامەندیی سەرۆکی حکومەت و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، نەیدەتوانی بە ئارەزووی خۆی پۆست و پلەی وەزیفی ببەشێتەوە. ئەو ویستی، لە بەرانبەر مندا پۆز لێ بدات و خۆی وەک کەسێکی بەهێز پێشان بدات، بەڵام بچووک و لاواز هاتە بەرچاوم. بۆیە رێگام بەخۆم نەدا وەڵامی قسەکانی بدەمەوە.
عیماد ئەحمەد یەکەمین کاری، وەک جێگری سەرۆکی حکومەت، پەلاماردانی کوردۆلۆجی بوو. لەوە دەچوو، بیەوێت گوێڕایەڵی خۆی بۆ پارتی پێشان بدات و ئافەرینێک بکرێ، بڕیاری دابوو ئەم داواکارییەی ئەوان جێبەجێ بکات. ئەوەی ئەم بۆچوونەی زیاتر لەلا چەسپاندم، ئەوە بوو کە، وێرای پێداگرییە بێمانایەکەی، یەکسەر لەگەڵ ئیمزاکردنی بڕیارەکەدا، تەلەفۆنی هەڵگرت، وەک موژدەیەکی گرنگ بە کەسێک بدات وتی: دکتۆر مەسەلەی کوردۆلۆجیمان حەل کرد. دوای ئەوە تەلەفۆنەکەی دانایەوە. بە مەزەندەی خۆم قسەی لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، دوکتۆر نوری عوسمان، کرد. 

من وەک جاران لە کارەکەم، کە لەبەرچاوم کەوتبوو، بەردەوام بووم. دەمزانی، لەوە بەدواوە، دەبێت بە دەستی بەستراو درێژە بە کارەکانمان بدەین، بۆیە بیرم لە کاتێکی گونجاو دەکردەوە تا دەست لە کارەکە هەڵگرم. لەو دەمانەدا بوو برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک کەسێکی سەربەخۆ، پێشنیازیان پێ کردم لە لیستی کوردستانیدا، بۆ پەرلەمان، کاندێد بکرێم. دوای راوێژکردن لەگەڵ هاوڕێی زۆر هێژا و نزیکم، کاک جەلالی سام ئاغا، کە ئەو کاتە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی بوو لە سلێمانی، پێشنیازەکەم قبوڵ کرد، بەو هیوایەی پێکەوە لە دیوانی چاودێری و پەرلەماندا، درێژە بە بەرەنگاربوونەوەی فەسادی و بێدای بدەین(1). 
رۆژی 19ی ئاب، پێش سوێندخواردن، وەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە 387ی مەڵبەندی کوردۆلۆجی، بە واژۆی خۆم، دەستم لە کارەکەم هەڵگرت. پێش ئەوە پێشنیازم بە مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کرد، لە جێی من بە وەکالەت، درێژە بە کارەکان بدات، بەڵام وتی حەز ناکەم کاری ئیداری بکەم. بۆیە لەبەر بێکەسی و نەبوونی هیچ توێژەرێک لە کوردۆلۆجی، کارمەندێکی ترم، بە جۆرێکی کاتی و بە دەسەڵاتێکی دارایی و ئیداری زۆر بەرتەسکەوە دانا، تا ئەو کاتەی سەرۆکێک بۆ کوردۆلۆجی دیاری دەکرێت. دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، کوردۆلۆجی خرایەوە سەر زانکۆی سلێمانی و کرایەوە بەشێکی لاوەکی و زانکۆ و وەک جاران پەراوێز خرایەوە. بەمەش گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ هەتا هەتایە چارەسەر کران!!
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان