د. سیروان حەسەن

د. سیروان حەسەن

ئایا چین بە ڤایرۆسی کۆرۆنا فێڵی لە جیھان کرد؟

لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە جیھان لە دۆخێکی ترسناک و دڵەڕاوکێدا دەژێت ئەویش دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی زۆر خێرا و ترسناک لە ھەموو جیھاندا و زۆربەی وڵات و شارە پێشکەوتوو و ناسراوەکانی جیھانی گرتەوە. لە سەرەتاوە ئەمەریکا چینی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەھۆی بەکارھێنانی مار و شەمشەمەکوێرە و  ئاژەڵی جیاجیا وەکو خۆراک کە سەرچاوەی ڤایرۆسەکەیە ئەمەش پەتاکەی بڵاوکردەوە لەلایەکی تریشەوە چین ئەمریکای تۆمەتبار کرد کە بەھۆی شەڕی بایۆلۆجی میکرۆبیەوە دەیەوێت ئابووری چین بڕوخێنێت و ئەو ھۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاکە بوو.

دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لە چین راستەوخۆ چەند نەخۆشخایەکی گەورە دروستکرا بۆ چارەسکردن و کۆنترۆڵکردن و ژمارەیەکی زۆری تووشبوانی لە خۆگرت، دوای ماوەیەکی کورت حکومەتی چین بە فەرمی کۆنترۆڵکردنی پەتاکەی لە چین راگەیاند و سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانی نەخۆشخانەی ووھانی کرد بەبێ دەمامک و بێ جلوبەرگی خۆپاراستن وەکو نیشانەیەک بۆ نەمانی نەخۆشییەکە و سەرکەوتنیان بەسەریدا ھەرچەندە رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند کە نەخۆشییەکە بووە بە پەتایەکی جیھانی و ھەموو جیھانی گرتووەتەوە، لە دەرئەنجامدا ئەم پەتایە بووە ھۆی داڕوخانی ئابووری جیھان و زەرەر و زیانێکی گەورەی بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و گەیاندن و وەرزش و...ھتدی گەیاند، دوو بۆچوون ھەیە بۆ سەھەڵدانی ئەم پەتایە:
بۆچوونی یەکەم ئەوەیە کە چین ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردووەتەوە لە رێگەی جەنگی بایۆلۆجییەوە بۆ لێدان و شکاندنی ئابووری چین و ئەم بۆچوونە باوەڕپێکراوە لەلایەن وڵاتانی ھاوپەیمانی چینەوە کە بەربەرەکانی سیاسەتی ئەمەریکا دەکەن و زۆرترین زیانی ئابوورییان پێگەیشتوە وەکو ئێران و کۆریا و ئیتالیا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا، دوای تێپەڕبوونی کات پەتاکە زیانێکی گەورەی بە ئابووری ئەمەریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانیش گەیاند بەھۆی وەستانی کاری کۆمپانیاکانی گەشتی ئاسمانی و گەشتوگوزار و چالاکیی وەرزشی و کەرتی پیشەسازی، سەرباری گیان لەدەستدانی سەدان ھەزار کەس، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا چارەنووسی گونجاوی نەدۆزیەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.

بۆچوونی دووەم ئەوەیە کە چین خۆی ڤایرۆسەکەی بڵاوکردووەتەوە و بووەتە ھۆی پەتایەکی جیھانی، لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە کایەوە ئایا چین ھەموو جیھانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵەتاند و ئابوورییەکەی خۆی رزگار کرد كە ئەمە قسەی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانێتی ئەویش دوای فرۆشتنی پشکەکانی کۆمپانیا تەکنۆلۆژیا گەورەکانی چین بە نرخێکی زۆر نزم (نیمچە بەلاش) بە حکومەتی چین و رایانگەیاند کە حکومەتی چین تەکتیکێکی ئابووری بەکارھێناوە و تەڵەی بۆ ھەموو لایەک ناوەتەوە و ھەموو بوون بە داوەکەوە، بەو ھەنگاوەش ئابووریی چین پێش ئابووریی ئەمریکا دەکەوێت. 

حکومەتی چین ئاگادارە کە ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی دەیانەوێ ئابووریی چین بڕوخێنن، بۆیە دەستپێشخەری کرد و چەند ھەزار ھاوڵاتییەکی خۆی کرد بە قوربانی پێش ئەوەی ھەموو میللەت ببێیە قوربانی. چین بەم ھەنگاوە چەندین ملیار دۆلاری گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت لەکاتێکدا زۆربەی پشکەکانی کۆمپانیای وەبەرھێنان لە کارگە بەرھەمھێنەکانی (تەکنۆلۆژیا و پترۆکیمیاوی) موڵکی کۆمپانیای ئەوروپی و ئەمەریکا بوون، ئەمەش مانای ئەوەیە کە نیوەی زیاتری قازانجی وەبەرھێنانی ئەو کۆمپانیایانە بۆ کۆمپانیا بێگانەکان دەبێت نەک کۆمپانیا ناوخۆییە چینیەکان و ئەمەش زیانی ھەبوو لەسەر نزمبوونەوەی نرخی دراوی چینی (یوان) و بانکی ناوەندیی چین نەیتوانی چارەسەری کێشەی دابەزینی نرخی دراوەکەیان بکات تاکو وای لێھات حکومەت رایگەیاند کە ناتوانێت دەمامکی پێویست بکڕێت بۆ خۆپاراستن لە پەتاکە و سەرۆکی وڵات رایگەیاند کە حکومەت ناتوانێت بەرەنگاری نەخۆشییەکە ببێتەوە.

ئەم ھەواڵانە بوونە ھۆی بەپەلە نزمبوونەوەی نرخی پشکەکانی کۆمپانیا گەورەکان و حکومەت بە ھێوری چاوەڕێی دەکرد تاکو نرخی پشکەکان بە تەواوی دابەزی، لەو کاتەدا حکومەت ھەموو پشکەکانی کۆمپانیا ئەمەریکی و ئەوروپیەکانی کڕی بە نرخێکی زۆر نزم و ھەموو کۆمپانیاکانی ناو خاکی چینی خۆماڵی کرد بێئەوەی ھیچ قەیرانێکی سیاسی یان ھیچ شەڕێک بەرپا بێت. بەوەش چین قازانجێکی ئابووریی زۆر گەورەی کرد و زیانێکی گەورەشی بە ئابووریی ئەمەریکا و ئەروپا گەیاند.

سەرچاوەکان رایانگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا راستە بوونی ھەیە، بەڵام بەو مەترسییە کوشندەیە نییە کە باسی لێوە دەکرێت و رەنگە چین پێشوەخت چارەسەری بۆی ئامادە کردبێت، بەڵگەش ئەوەیە لە ماوەیەکی کورتدا لە پێش ھەموو وڵاتانی جیھانی کۆنترۆڵی پەتاکەی کرد. ئەگەر بۆچوونی دووەم تەواو بێت ئەوە حەقە رێز لەم تەکتیکەی چین بگیرێت کە توانی بە قوربانییەکی کەم ئابووریی خۆی رزگار بکات بێ ھەڵگیرسانی شەڕ و دروستبوونی قەیرانی سیاسی جیھانی.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan