کوردستانی

چەند بەڕێوبەرایەتییەکی نوێ دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


چەند بەڕێوبەرایەتییەکی نوێ دەکرێتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

لە پارێزگای هەڵەبجە چەند بەڕێوبەرایەتییەکی نوێ دەکرێتەوە بەمەش هەلی دامەزراندن بۆ ژمارەیەک کەس دەرەخسێنرێت.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو بەڕێوبەرایەتیانەی دەکرێنەوە سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە سەردانێکماندا بۆلای وەزیری دارایی داوای کردنەوەی چەند بانکێکمان کرد، چونکە لە هەڵەبجە تەنها یەک بانک هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد "دواتر بە فەرمانێک بڕیار درا لەسەر کردنەوەی دوو بەڕێوبەرایەتی زیادە لە پارێزگای هەڵەبجە کە بەڕێوبەرایەتی باجی میری و بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرە بوو، هەروەها پێشتر بەڕێوبەرایەتی باجی گومرگی هەڵەبجە کرابووە کە  لە ئێستادا بینایان بۆ دروست دەکرێت".

کاوە عەلی ئەوەشی خستەروو "بەڕێوبەرایەتی باجی خانوبەرە بینای هەیە، بەڵام بەڕێوبەرایەتی باجی میری بینای نیە و دەبێت بینا بۆ ئەوانیش دابین بکرێت".

جێگری پارێزگای هەڵەبجە وتیشی "لەم بەڕێوبەرایەتیانەدا پێویستمان بە ژمارەیەک فەرمانبەری نوێ دەبێت بۆ بەرێکردنی کارەکان، بۆیە داوامان کردووە کە فەرمانبەری نوێ بۆ ئەم بەڕێوبەراتییانە دابینبکرێت".
Qaiwan
Qaiwan