راپۆرت

توركیا بۆ شەڕی پەكەكە، لە لیبیاوە چەكدارە سورییەكان دەهێنێتە باشووری كوردستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


توركیا بۆ شەڕی پەكەكە، لە لیبیاوە چەكدارە سورییەكان دەهێنێتە باشووری كوردستان
مەودا میدیا – سەركۆ جەمال

یارییەكی نوێی توركیا لە كوردستان، ئەمجارەیان سووتەمەنی ئەو یارییەی توركیا پەنابەرە سورییەكانن، كە هەندێكیان چەندین ساڵە لە كەمپەكانی توركیا نیشتەجێن و بەشێكیشیان ئەو چەكدارانەن كە پێشتر توركیا بۆ شەڕی لیبیا رەوانەی كردبوون، ئەو زانیاریانەش چەند راپۆرتێكی ئەڵمانی ئاشكرایانكردووە.

ئەو پارەیەی بەناوی هاوكاری پەنابەران وەریدەگرێت شەڕی پەكەكەی پێدەكات
بەپێی ئەو راپۆرتە ، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لەرێگەی ئەو پارەیەی لە یەكێتی ئەوروپا بەناوی پشتیوانی پەنابەرانی سوری وەریدەگرێت، دەیەوێت ئەو پارەیە لە شەڕی دژ بە پارتی كرێكارانی كوردستان خەرج بكات، بەڵام هەواڵە بنەڕەتییەكە ئەوە نییە، بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە دەوڵەتی توركیا دەستیكردووە بە رەوانەكردنی هەندێك میلیشیای سوری لە لیبیاوە بۆ شەڕی پەكەكە لە سنوری هەرێمی كوردستان و ناوخۆی توركیاش بەڵام تا ئێستا لە مەشق و راهێناندان.

تا ئێستا نزیكەی 2000 چەكدار لە لیبیاوە بۆ شەری پەكەكە رەوانەی توركیا كراونەتەوە
زانیارییەكان ئەوەش ئاشكرادەكەن، نزیكەی 2000 چەكداری سوری كە پێشتر بۆ شەڕی لیبیا رەوانە كرابوون، رەوانەی توركیا كراونەتەوە بۆ ئەوەی راهێنانیان پێبكرێت لەسەر ئەركە نوێیەكەیان كە رووبەڕووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە لەناو خاكی باشووری كوردستان.

ئەو میلیشیایانە پێشینەیەكی توندڕەوی و خوێنڕشتنیان لە سوریا و لیبیا هەیە
ئەو میلیشیا سورییانەی كە لەناوخۆی توركیا ئێستا دەست بە راهێنانیان كراوە، دیارترینیان میلیشیاكانی "سوڵتان موراد" و "سولەیمان شا" ن، راپۆرتەكەی "ئی ئێن ئێف" كە بە ئەڵمانی نوسراوە و دواتر وەرگێڕانی سەر زمانەكانی دیكە كراوە، هۆشداری دەدات ئەو میلیشیایانە پێشینەیەكی توندڕەوی و خوێنڕشتنیان لە سوریا و لیبیا هەیە و ساڵانێكە پەیماننامەیان لەگەڵ هەواڵگری توركیا و حكومەتی ئەو وڵاتەدا هەیە، كە لەبەرامبەر پارەدا توركیا لە هەر شوێنێك بیەوێت شەڕیان پێدەكات.

مووچەی مانگانە بۆ ئەو چەكدارانە بڕاوەتەوە
هەر بەپێی ئەو راپۆرتە، هەریەكێك لەو چەكدارانە كە دەهێندرێنە باشووری كوردستان بۆ شەڕی پەكەكە، مانگانە مووچەیەكیان پێدەدرێت كە لە 300 دۆلار كەمتر نییە و 1700 دۆلاریش دەدرێت بە خێزانی چەكدارەكان.
تا ئێستا ووڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بەرامبەر بەكارهێنانی پارەی پەنابەرانی سوری بۆ شەڕی پەكەكە و ئەجێندا تایبەتەكانی توركیا لە سوریا و لیبیا بێدەنگە، هەرچەندە ئەمە یەكەمین جار نییە دەزگا راگەیاندنەكانی ئەوروپا و چەندین پەرلەمانتاری وڵاتانی ئەوروپی راپۆرتی گرنگ دەدەنە بەرپرسانی وڵاتەكەیان، بەتایبەت كە توركیا هەژاری و شەڕی ناوخۆی سوریای بەكارهێناوە بۆ لەخشتەبردنی گەنجانی سوری و بەكارهێنانیان وەك سووتەمەنی شەڕ لە هەر وڵاتێك كە بیەوێت.

ئەو راپۆرتانە لەكاتێكدایە لە دوایین هێرشیدا توركیا كە لە قوڵایی خاكی باشووری كوردستان بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە  ئەنجامیداوە، ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە، رەنگە هەر ئەمەش ناچاری كردبێت پەنا بۆ میلیشیا سوریەكان ببات.

توركیا لەماوەی 37 ساڵی رابردوودا،  لەناوخۆی وڵاتەكەی زیاتر لە 100 ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان و سەدان ئۆپەراسیۆنی بچوكی بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە ئەنجامداوە، لەوكاتەوەی لە دوای 1983 ش كە رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ هاتنەناو خاكی باشووری كوردستان ئەنجامدا، 23 ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی بۆ باشوری كوردستان ئەنجامداوە، كە بەپێی رێككەوتنەكە هەریەك لە عیراق و توركیا بۆ لەناوبردنی بزوتنەوە رزگاریخوازیەكانی كورد دەتوانن 10 كیلۆمەتر بچنە خاكی یەكترەوە.

هەر بەپێی زانیاری وەزارەتی بەرگری توركیا و بەشێك لە راپۆرتە هەواڵیەكانیش، لە قوڵایی خاكی هەرێمدا توركیا نزیكەی 30 بنكە و بارەگای سەربازیی دامەزراندووە و چەندین كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی باشوورەوە.

دوایین وێستگەی هێرشەكانی   توركیا هەفتانین-ی گرتەوە، زیاتر لە 20 ڕۆژە ناوچەكە كەوتووەتە بەر هێرشی چڕی سوپای توركیا، بەپێی زانیاریەكانیش دەوڵەتی توركیا لەو سنورەوە نزیكەی چوار كیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە  بۆ قوڵایی خاكی هەرێم. 


Qaiwan
Qaiwan