کوردستانی

هه‌ڵكشان و داكشانی ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 28 ساڵی رابردوودا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هه‌ڵكشان و داكشانی ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی 28 ساڵی رابردوودا
مه‌ودا میدیا-

به‌پێی ئامارێكی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری سلێمانی، هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 1991 به‌رزترین ئاستی رێژه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و له‌ساڵانی 2007 تا 2013 كه‌مترین ڕێژه‌ی هه‌ژاری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ كه‌ بریتی بووه‌ له‌ 5% .

مه‌ودا میدیا هه‌ڵكشان و داكشانی ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌ 28 ساڵی رابردوودا ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ بووه‌.

مه‌حمود عوسمان به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری سلێمانی به‌ مه‌ودا میدیای راگه‌یاند:"كۆمه‌ڵێك نیشانده‌ر هه‌ن كه‌ ڕێژه‌ی نه‌بوونییه‌كان ده‌ست نیشان ده‌كات، چونكه‌ نه‌بوونییه‌كان ته‌نها خۆراك نیه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌، هه‌ژارن له‌ ڕوو خوێندن، ته‌ندروستی، داهات و خه‌رجی، نیشته‌جێبوون، له‌ڕووی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌، له‌ڕووی ئاسایش و ئۆقره‌ییه‌وه‌، له‌ڕووی جیاوازیه‌كانی نێوان ژن و پیاو، ئه‌مانه‌ كۆمه‌ڵێك نیشانده‌ری ئاماری هه‌ژارین، له‌ڕێی ئه‌م نیشانده‌رانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ڕێژه‌ی هه‌ژاری چه‌نده‌ له‌وڵاتدا.

 مه‌حمود عوسمان ئاشكرای كرد پێش دروستبوونی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ساڵی 1990بۆ 1991 رێژه‌ی هه‌ژاری له‌هه‌رێمی كوردستان 90% بووه‌، 
دوای دروستبوونی حكومه‌تی هه‌رێم تا كاتی رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن هه‌نگاو به‌هه‌نگاو رێژه‌كه‌ كه‌می كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا خزمه‌تگوزارییه‌كان باشتربوون، له‌بواری خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌ك ئاو، كاره‌با، رێگاوبان، نیشته‌جێبوون، ته‌ندروستی، له‌بواری ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی نێوان ژن و پیاو، وه‌ له‌دوای ڕووخانی رژێمی سه‌ددام بارودۆخی هه‌رێم له‌ڕووی بودجه‌ و موچه‌وه‌ باشتربوو، بۆیه‌ كاتێك له‌ساڵی 2007 بانكی نێوده‌وڵه‌تی رووپێوییه‌كی ئه‌نجامدا له‌سه‌رتاسه‌ری عیراقدا، دووباره‌ هێڵی هه‌ژاری دیاری كرایه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عیراق، له‌و رووپێوییه‌دا ده‌ركه‌وت پارێزگاكانی هه‌رێم كه‌مترین نه‌بوونیان هه‌یه‌ له‌چاو پارێزگاكانی تری عیراقدا، 26% دانیشتووانی عیراق به‌گشتی كه‌وتنه‌ ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌، وه‌زۆر پارێزگای وه‌كو موسه‌ننا و بابل و میسان 50% ی دانیشتووانی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ بوو، له‌و ساڵه‌دا پارێزگاكانی هه‌رێم 5% ی دانیشتووانی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌بوو، وه‌پارێزگای سلێمانی له‌ناو هه‌موو پارێزگاكانی عیراقدا كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاری تێدابوو كه‌ بریتی بوو 3%.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری سلێمانی ئاشكرای كرد، له‌ 2007 تا 2013 هه‌رێمی كوردستان به‌باشترین بارودۆخی ئابوریدا تێپه‌ڕی، له‌ ساڵی 2013 جارێكی تر ڕووپێوی كرایه‌وه‌، 18% ی دانیشتووانی پارێزگاكانی عیراق له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌بوون، له‌هه‌رێمی كوردستان رێژه‌ی 5% ه‌كه‌ دابه‌زی  بۆ 3% وه‌ كه‌مترین رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ پارێزگای سلێمانی بوو له‌ ساڵی 2013 كه‌ بریتی بوو 2%ی دانیشتووان كه‌ له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌بوون.

مه‌حمود عوسمان وتیشی:" به‌داخه‌وه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی رابردوو كه‌تووشی قه‌یرانی دارایی و بڕینی بودجه‌ و موچه‌ و شه‌ڕی داعش بووین و زیاتر له‌ 2ملیۆن و 500 هه‌زار ئاواره‌ روویان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم كرد و نرخی نه‌وت زۆردابه‌زی، هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌ وایانكرد جارێكی تر تووشی قه‌یرانێكی باری كۆمه‌ڵایه‌تی ئابوری ببینه‌وه‌، له‌ ساڵی 2016 كاتێك ڕووپێوییه‌كه‌ ئه‌نجامدرایه‌وه‌ ده‌ركه‌وت دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان له‌ 16% ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌یه‌، وه‌پارێزگاكانی تری عێراق زیاتر 35% ی دانیشتووانی له‌ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌بوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماری سلێمانی ڕوونیكرده‌وه‌، ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 بوژانه‌وه‌یه‌كی ئابوری دروست بوو له‌هه‌رێمی كوردستان و شه‌ڕی داعش كۆتایی هات و زۆربه‌ی ئاواره‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنه‌كانی خۆیان و هاوكات خه‌رجی و داهات باشتر بوو بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2019 دا ده‌ركه‌وت ڕێژه‌ی هه‌ژاری له‌پارێزگاكانی هه‌رێمدا دابه‌زیوه‌ بۆ 5,5% وه‌كه‌مترین ڕێژه‌ له‌سلێمانیدا ده‌ركه‌وت كه‌له‌ 4,5%بووه‌، بۆیه‌ پێش بینی ده‌كه‌ین بۆ ساڵی 2020 ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی عیراق تێكنه‌چێت و ئه‌و گرژی و ئاڵۆزیانه‌ی كه‌هه‌یه‌ په‌ره‌نه‌سێنێت، ڕێژه‌ی هه‌ژاری و نه‌بوونی له‌و ئاسته‌ی كه‌ هه‌یه‌ زیاتر دابه‌زێت.   
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان