رەنا  ئەبتار

رەنا ئەبتار

كۆمارییەكان ترسیان لەوە هەیە ترەمپ كۆشكی سپی بەكاربهێنێت

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتیكردەوە یاسا پێشێل ناكات ئەگەر بڕیاری پاڵاوتنی بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەشێوەیەكی فەرمی لە كۆشكی سپی بخوێنێتەوە، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا ترەمپ وتی "ئەو كارەی ئەو یاساییە". هەروەها وتیشی "یاسا رێگری لە بەرپرسان دەكات لە بەكارهێنانی شوێنە فەرمییەكانیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەڵام ئەو یاسایە سەرۆك ناگرێتەوە و جێبەجی نابێت بەسەریدا". هەروەها پێشووتریش چەند جارێك، ترەمپ ئەوەی دوپاتكردووەتەوە كە كۆشكی سپی باشترین شوێنە بۆ خوێندنەوەی ئەو وتارە و لەبری ئەوەی رێوشوێنی ئەمنی تر بگیرێتە بەر و پارەی زۆر خەرج بكرێت با لە كۆشكی سپی بخوێنرێتەوە. ترەمپ دەڵێت "لەو بڕوایەدام كۆشكی سپی شوێنێكی باشە بۆ ئەو كارە، چونكە پارەی كەمتر خەرج دەكرێت".

لەڕاستیدا، ترەمپ هەوڵدەدات لەڕێگەی لێدوانەكانییەوە كۆشكی سپی بۆ راگەیاندنی وەك پاڵێوراوی رەسمی حزبەكەی بەكاربهێنێت، ترسی كۆمارییەكان كەمبكاتەوە و هەواڵی ئەنجامدانی خوێندنەوەی وتارەكەی لە كۆشكی سپی كتوپڕ نەبێت بۆ كۆمارییەكان. جۆن سۆن كە یەكێكە لە سەركردە دیارەكانی كۆمارییەكان لە ئەنجومەنی پیران وتی "ئایا ئەوە یاساییە؟ لەو بڕوایەدانیم ترەمپ بتوانێت ئەو كارە بكات، یاسای (هاچ) هەیە. بڕوام وایە هەر جۆرە وتارێكی لەو شێوەیە بۆ هەڵبژاردن لە هەر شوێنێكی فیدراڵی دەبێتە كێشە و گرفت". یاسای(هاچ) رێگەنادات كارمەندانی حكومی شوێنە فیدراڵییەكان بەكاربهێنن بۆ مەبەستی سیاسی، بەڵام ئەو یاسایە سەرۆك و جێگرەكەی ناگرێتەوە".

لەڕاستیدا ترەمپ ویستی وابوو وتاری بەدەستهێنانی رەزامەندی پاڵاوتنی بە فەرمی لەلایەن كۆمارییەكان لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجام بدات كە هەندێك چالاكیی كۆنگرەی نیشتمانیی حزبی بۆ گوازرایەوە، بەڵام هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ترەمپ بڕیاریدا كە شوێنەكە بگۆڕێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، هەڵمەتەكە بڕیاریداوە ئەو كۆنگرەیە بە شێوەیەكی زۆر بچوك لە ویلایەتی كارۆلینای باكوور لە 24ی مانگی داهاتوو ببەسترێت.

لە بەرانبەردا، هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بایدن وانیشان دەدەن پاڵێوراوی دیموكراتەكان لەلایەن حزبەوە بە فەرمی رەزامەندی لەسەر دراوە لە ویلایەتی دیلاوێر و پێویست ناكات بگوێزرێتەوە بۆ ویلایەتی وسكنسن كە شوێنی بەستنی كۆنگرەی نیشتیمانیی حزبی دیموكراتەكانە.

هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی بایدن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "پاش چەند هەفتەیەك لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەگەڵ زانایانی پزیشكی سووربوون لەسەر بڵاوبوونەوەی بەردەوامی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هەروەها لیژنەی كۆنگرەی نیشتمانی بەناوی كۆنگرەوە رایانگەیاندووە لە میلكۆنیەوە ناگوێزرێتەوە بۆ وسكنسن، لەسەر ئەو بنەمایەش جۆ بایدن، جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا وتاری رەزامەندنی حزبەكەی لە ویلایەتی دیلاوێر دەخوێنێتەوە". شایەنی باسە دیموكراتەكان كۆنگرەی نیشتمانی حزبەكەیان بۆ دیاریكردنی پاڵێوراوەكەیان بە شێوەیەكی فەرمی لە 27ی مانگی داهاتوو دەبەستن.

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، تائێستا لە راپرسییەكاندا جۆ بایدن لەپێشەوەی ترەمپەوەیە بە رێژەی زیاتر لە 10 خاڵ، تازەترین راپرسی كە رۆیتەرز و ئیبسۆس ئەنجامیاندا، دەركەوت 48%ـی ئەو دەنگدەرانەی ناویان تۆماركردووە دەنگ بە جۆ بایدن دەدەن لە بەرانبەردا 38% یان پاڵپشتی ترەمپ دەكەن، وە 14% ی دەنگدەران بڕیاریان نەداوە دەنگ بە كێ دەدەن.

لەژێر رۆشنایی ئەو ژمارانەدا، كەمپەینی بانگەشەی ترەمپ پاڵ بە سەربازگەی بایدنەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی یەكەم رووبەڕووبوونەوەی تەلەڤزیۆنی پێش كاتی دیاریكراوی خۆی لە 29ی ئەیلول. رۆدی جولیانی پارێزەری تایبەتی ترەمپ لە لیژنەی گفتوگۆ و رووبەڕووبوونەوەی سەرۆكایەتی داوایكردووە كاتی رووبەڕووبوونەوەكان پێشبخرێت بۆ پێش دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگدانی پێشوەخت كە لە هەندێك لە ویلایەتەكان لە نیوەی مانگی ئەیلول دەسپێدەكات. جولیانی لە داواكارییەكەیدا دەڵێت "وڵاتەكەمان لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە بێبەش بووە لە بەرنامە كلاسیكییەكانی هەڵبژاردن. عەقڵانی نییە كە ئەمەریكییەكان بێبەش بكرێن لە گوێگرتن و دید و بۆچوونی جیاوازیان بۆ خستنە پێش چاوی داهاتوویان پێش ئەوەی ملیۆنان خەڵك بچن بۆ دەنگدان". زیاتر لەوەش جولیانی پێشنیازی زیادكردنی رووبەڕووبوونەوەكانی كردووە بۆ 4 بەریەككەوتن كە یەكەم رووبەڕووبونەوە لە 29 ی ئەیلول ئەنجام دەدرێت و دووەم و سێیەمیش لە مانگی تشرینی یەكەم، هەروەها جولیانی گەشبینە بەوەی كەمپەینی هەڵبژاردنەكانی ترەمپ دەبێتە هۆی دەرخستنی خاڵە لاوازەكانی بایدن و گۆڕینی بۆچوونی جەماوەری ئەمەریكی و باشتركردنی ژمارەی راپرسییەكان لە بەرژەوەندیی سەرۆكی ئەمەریكا.

لە ئێستادا هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ترەمپ ئاهەنگی سەركەوتن دەگێڕن بەسەر هەڵمەتی بانگەشەی جۆ بایدندا بەهۆی كۆكردنەوەی 165 ملیۆن دۆلار لە مانگی تەموزدا بە بەراورد بە هەڵمەتی بانگەشەی بایدن كە 140 ملیۆن دۆلاریان كۆكردووەتەوە. رۆنا مكدانێڵ، سەرۆكی لیژنەی كۆمارییەكان وتی " 9 رۆژمان ماوە بۆ سەركەوتن، لەو ماوەیەدا بەیەك دەستی سەركەوتوو كاردەكەین بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ و كۆمارییەكان. ئەمەریكییەكان دەزانن هەڵبژاردەی هەستیار دەستنیشان بكەن لە مانگی تشرینی دووەم، كولتووری گیرەشێوێنی و رەتكردنەوە درووست دەبێت بە هەڵبژاردنی بایدن، بەڵام ئەمەریكییە نایابەكان دەگەڕێنەوە ئەگەر دووبارە ترەمپ هەڵبژێرنەوە."

هێشتا دەنگدەران لەچاوەڕوانیدان بایدن پاڵێوراوێك دەستنیشان بكات بۆ جێگری سەرۆك، لەو بڕوایەدان پێش بەستنی گۆنگرەی نیشتیمانیی حزب لە 17ی مانگی داهاتوودا بایدن جێگرەكەی رابگەیەنێت، بایدن وتی ئەم هەفتەیە جێگرەكەی دیاریدەكات، هەفتەكە دێت و دواشی دەخات بۆ هەفتەی داهاتوو. بڕیارە ئەمڕۆ لیستی پاڵێوراوەكان بڵاوبكاتەوە، كامالا هاریس،  سیناتۆری ئەمەریكی و سۆزان رایس، راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی لە لیستەكەدان، خۆشبەختانە وادەدەكەوێت كارین باس، جێگری دیموكراتەكان دەستیكردبێت بە پاشەكشێ دوای ئەوەی لێدوانەكانی بووە جێگەی گفتوگۆی جەماوەر كە وادەركەوت پاڵپشتی رژێمی شیوعی بكات.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هێمن سەعید
سەرچاوە: رۆژنامەی شەرقولئەوسەت

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan