سەرکۆ یونس

سەرکۆ یونس

بودجەی (2021)ی عیراق

بڕیارە لەماوەی داهاتوودا ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی دارایی (2021) بنێریتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەر یاساکە و پەسندکردنی پێش کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراوی یاسایی تایبەت بە بودجە.
ئەوەی پەیوەندی بە بودجەی ساڵی دارایی (2020)ەوە هەیە ئەوە تەنیا لەلایەنی یاساییەوە ئەنجومەنی نوێنەران حکومەتی ناچار و پابەندکردووە کە پێویستە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی(2020) رەوانەی پەرلەمانی عیراق بکات و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت بە فیلتەری پەرلەماندا بڕوات بەبێ چوونە ناو وردەکاری و شێوازی خەرجییەکان و داهاتەکانەوە، شایانی وەبیرهێنانەوەیە قەبارەی بودجەی ساڵی دارایی (2020) بەنزیکەیی (140 بۆ 146) تریلیۆن دینار خەمڵێنرا بوو بە کورتهێنانی زیاتر لە (40) ترلیۆن دینار.

حکومەتەکەی مستەفا کازمی هۆکاری سەرەکی بۆ نەبوونی بودجەی (2020) دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابوورییەی کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا سەریهەڵدا و بوو بەهۆی لابردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی و پێکهێنانی کابینەی کاربەڕێکەر و پاشان هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بارودۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزکرد و هەر بۆیە حکومەت نەیتوانی بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان.

لەئێستادا حکومەتە کاربەڕێکەرەکەی کازمی لە هەوڵی دانانی پرۆژە یاسای بودجە و پلانی ستراتیژی سێ ساڵەیە هەر بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی تەکنیکی حکومەتی هەرێم لە بەغدادن و بەشداریی کۆبوونەوەکانی بودجەی گشتی بۆ ساڵی دارایی (2021) و پلانە ستراتیژییەکە دەکەن.

پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی دارایی (2021 ) بە نزیکەیی (150) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و هەموو بودجەکە تەنیا بۆ خەرجی بەگەڕ (النفقات التشغیلیە) دەڕوات وهیچ بەشە بودجەیەک نامێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان هەرچەندە لەناو بودجەکەشدا هەبێت.
تائێستا ئەوەی کە هەیە ناوەند رێژەی لە (12.67%)ی بودجەی عیراقی بۆ هەرێم داناوە بە مەرجی پێدانی رۆژانە (250) هەزار بەرمیل و نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان رادەستی ناوەند بکات، شایانی باسە تائێستا رێکكەوتن ئیمزا نەکراوە و لە دوایین پێشهاتدا ناوەند داوا دەکات دەستوور بنەما بێت بۆ رێکكەوتن.

خەمڵاندنی بودجەی ساڵی دارایی (2021)ی عیراق لەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوت دانراوە بە رێژەی (95%) بە نرخی (45)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە لەئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی چالاکی ئابووری لە جیهاندا نرخی نەوت جێگیر نییە و لە هەڵکشان و داکشاندایە، ئەمەش مەترسی لەسەر داهاتووی بودجەکە دروست دەکات و سەرەڕای ئەوەش هەرێم و ناوەند تائێستا رێکنەکەوتون.
لەلایەکی ترەوە بڕیاری دیاریکردنی هەناردەکردنی نەوت لەلایەن رێکخراوی ئۆپیکەوە عیراق ناتوانێت هەناردەی نەوتی رۆژانە زیاد بکات بۆ ئەوەی داهاتی زیاتری دەستبکەوێت و بەپێی بریارەکە عیراق بە هەرێمی کوردستانەوە پێویستە لە(23%) هەناردەی نەوت کەم بکاتەوە بە ئامانجی جێگیربوونی نرخی نەوت.

هەروەها دیاردەی کورتهێنان چەندین ساڵە بەرۆکی بودجەی گشتی عیراقی گرتووە و بووەتە مۆتەکە و بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنی ئابووریی عیراق لە بودجەی (2020)دا نزیکەی زیاتر لە (40) تریلێۆن دینار کورتهێنان خەمڵێنراوە و وا دەردەکەوێت لە بودجەی گشتی (2021)دا بڕی کورتهێنانەکە زیاتر هەڵدەکشێت بۆ زیاتر لە (50)تریلیۆن دینار.

هەروەها قەیرانی قەرزەکانی عیراق یەکێکی ترە لە ئاستەنگەکان کە ساڵانە بەهۆی سوودەکانییەوە زیاتر کەڵەکە دەبێت و لەئێستادا بەغدا (120) ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی لەسەر شانە و لەم بارودۆخە نالەبارەی ئابووریی و دارایی عیراقدا حکومەت ناچار دەبێت کە قەرزی ناوخۆ و دەرەکی بکات بە بڕی (15) تریلیۆن دینار قەرزی ناوخۆ و بڕی (5)ملیار دۆلار قەرزی دەرەکی بەپێی یاسای قەرزکردن بەمەبەستی پێدانی مووچە و خەرجیەکانی حکومەت، بەڵام وا دەردەکەوێت دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادە نین قەرز بدەن بە عیراق بۆ پێدانی مووچە، هەر بۆیە مستەفا کازمی رێکاری تری گرتووەتەبەر بە مەبەستی دەستکەوتنی داهاتی زیاتر لەوانە نەهێشتنی دیاردەی فرەمووچەیی و دەست بەسەرداگرتنی خاڵە سنوورییەکان و بڕینی مووچەی بن دیوار و زیادکردن و یەکخستنی باجی گومرگی و کەمکردنەوەی هاوردە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
ئەگەری هەیە بەم رێکارانەی سەرۆک وەزیران تاڕادەیەک قورسایی کورتهێنانی بودجە لەسەر شانی دارایی حکومەت سووک بکات
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan