بۆری ئاوی دووی دوكان-سلێمانی شكا و چەند گەڕەكێك بێئاو دەبن

مەودا میدیا-
بەیانی ئەمڕۆ دوای چاككردنەوەی، جارێكی تر بۆری ئاوی دووی دوكان-سلێمانی شكایەوە و بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی 72 كاتژمێر چەند گەڕەكێكی سلێمانی بێئاو دەبن.

ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند” دوێنێ‌ سێ‌ پەمپ لە هێڵی دووی ئاوی دوكان-سلێمانی چاككراوەتەوە و ئەم بەیانییەش بەڕێكەوتوون بۆ سەر پرۆژەكە بەمەبەستی كاركردن بەو سێ‌ پەمپەی، بەڵام بەداخەوە پێیان راگەیاندوون كە بۆری ئاوی دوكان-سلێمانی هێڵی دوو لە ناوچەی قولەرەیسی شكاوە”.

وتیشی” هۆكاری شكانی ئەو بۆرییە دەگەڕێتەوە بۆ كاركردنی ئامێرێكی شۆفڵ لە پرۆژەیەك لە ناوچەی قولەڕەیسی، بەڵام لە ئێستادا هەموو تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لەو شوێنەن بۆ ئەوەی بەزووترین كات چاك بكرێتەوەو دابەشكردنی ئاو دەستپێبكاتەوە”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد” گەڕەكەكانی دەرەوەی شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود، راپەڕین، تاسلوجە، چەمچەمال، شۆڕش، تەكیە، بازیان، گۆپاڵە، باینجان و ئەڵڵایی بێئاو دەبن تا ئەو كاتەی بۆرییەكە چاك دەكرێتەوە”.
ئ پ

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان