مەودا میدیا-
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرایکرد هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەستپێکردووە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڵاتییان.
عەقید سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند “تۆمەتبارێکیان بەناوی ( ا – د ) تەمەن 21 ساڵ دانشتووی شاری کەلار بەتۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی بە هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدۆی ژنان دەستگیرکردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە و پشکنینی مۆبایلەکانی دەرکەوت کە ناوبراو شەش هەژماری لە بەرنامەی تیکتۆک، سناپ چات بەکارهێناوە بەمەبەستی هەڕەشە کردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدۆ و وێنەی تایبەتی ژنان”.
ئەوەشی خستەڕوو “لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی مادەی (2)ی یاسای خراپ بەکارهێنانی موبایل راگیراوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە، تۆمەتبار بەو ئەکاونتانە هەڕەشەی لە خەڵکی کردوە کە لەسەر وێنەکە دانراوە، هەرکەس سکاڵای لەدژی هەیە سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات و سکاڵا تۆمار بکات”.
ب ح