مەودا میدیا-
حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دابیکردنی غاز بۆ عیراق ئاشکرایکرد لەلایەن هەردوو كۆمپانیای كرێسنت پترۆلیۆم و دانا غاز، كە كارپێكەری هاوبەشی كێڵگەی كۆرمۆرن، ئاگاداركرانەوە كە دەستیان كردووە بە دابینكردنی غازی سرووشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وەزارەتی كارەبای عیراق بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا. حكومەتی هەرێم ئەم ئاگاداركردنەوەیەی تەنها لە كاتی راگەیاندنی فەرمی كۆمپانیاكاندا پێگەیشت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند “وەك قەوارەیەكی دەستووری و دانەبڕاو لە كۆماری فیدراڵیی عیراق، حكومەتی هەرێم هەمیشە پابەند بووە بە بەهێزكردنی ئاسایشی وزە لە عیراق، ئەم ئامانجەی لە رێگەی وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخانی وزە و خستنەگەڕی ئەو ژێرخانە بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەموو عیراقییەكانی كردووە، حكومەتی هەرێم هەرگیز دژی دابینكردنی غاز یان كارەبا بۆ هیچ بەشێكی عیراق نەبووە ، بەو مەرجەی ئەو جۆرە رێكخستنانە بە پابەندبوونی تەواو بە چوارچێوەی گرێبەستە كارپێكراوەكان و بە ڕەزامەندیی حكومەتی هەرێم وەك لایەنی گرێبەستكار ئەنجام بدرێن”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی پێشكەوتنی بەرچاویان لە بەهێزكردنی هاوكارییەكان لە كەرتی وزەدا بەدەستهێناوە. لە پاشخانی ئەم كەشە ئەرێنییەدا، بڕیاری تاكلایەنانەی كۆمپانیاكان بۆ دەستپێكردنی دابینكردنی غاز بەبێ ڕەزامەندی حكومەتی هەرێم و لە دەرەوەی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات، بە پێشێلكردنی گرێبەستەكە هەژمار دەكرێت، هەروەها دەستوەردانێكی بێپاساوە بۆ ئەو رێكارە دامەزراوەییانەی كە پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی رێكدەخەن”.
ئەوەشی خستەڕوو “كرداری كۆمپانیاكان بە تایبەت، بووە مایەی نیگەرانی چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار داوای گازی سوروشتی زیاتری بۆ دامەزاروەكانی وزەی هەرێم، كە پێویستییان بە بڕی زیاتری گازی سرووشتی هەیە، ئەم داوایە لەپێناو دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عیراق بووە، بەڵام بە داخەوە لە جیاتی هاوكاری و هەماهەنگی لە گەڵ حكومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدان و گەیشتن بە ئەم ئامانجە، كۆمپانیاكانی كرێسنت و دانا گاز بڕیاری تاك لایەنەیان دا كە خزمەت بە ئەم مەبەستە ناكات”.
باسی لەوەشکرد “حكومەتی هەرێم، راگەیەندراوە فەرمییەكەی كۆمپانیاكان رەتدەكاتەوە كە تیایدا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی رێكارەكانی دابینكردنی غاز. حكومەتی هەرێم نە رەزامەندی دەربڕیوە و نە ڕێگەی بەم هەنگاوە داوە، و هەر ئاماژەیەك بەوەی كە پشتیوانی یان پاڵپشتی لە بڕیارە تاكلایەنانەكەی كارپێكەرەكان كردبێت، ناڕاست و چەواشەكارانەیە”.
وتیشی “حكومەتی هەرێم ئێستا هەڵسەنگاندنی لێكەوتە یاسایی، گرێبەستی و كارپێكردنەكانی كردارەكانی كۆمپانیاكان دەكات و سەرجەم ڕێوشوێنە گونجاوەكان دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی مافەكانی بەپێی گرێبەست، هەروەها پاراستنی ئەو چوارچێوە گرێبەستییەی كە پرۆژەی كۆرمۆر بەڕێوەدەبات و پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و عیراق لە سێكتەری وزە”.
ب ح