مەودا میدیا-
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئاشکرایکرد کێشەکانی خانەنشینان لە وەرگرتن و فەوتانی چەند ساڵی مووچە و نەخۆشی و نەبوونی چاودێری تەندروستی زۆرە و فەرامۆش کراون، ئەگەر حکومەتی هەرێم هاوکاریی حکومەتی عیراق نەکات لە چارەسەرکردنی گرفتەکانیان سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن.
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند “بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەبری پاداشت، خانەنشینانیان فەرامۆش کردووە و شاندی دانووستانکاری هەرێم تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکیان لەبارەی خانەنشینانەوە نەکردووە، بەڵام بەڵێنیانداوە، کە دەبێت هەموو ئەو ماف، مینحە و ئیمتیازاتانەی دەدرێت بە خانەنشینان هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد “سەبارەت بە مافەکانی خانەنشینان، یاداشتێکیان ئاڕاستەی شاندی دانووستانکاری هەرءم کردووە و داوا لە هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەن بەرگریی لە چەسپاندنی مافەکانیان بکەن، بە تایبەت شێوازی دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان کە دەبێت سەرەتای هەموو مانگێک بێت و جیابکرێتەوە لە مووچەی فەرمانبەران و لەگەڵ خانەنشینانی عیراقدا خەرج بکرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو “داوایان کردووە پاداشتی کۆتاییهێنانی خزمەت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە دوای (2025/1/1)وە خانەنشین کراون، هاوشێوەی عیراق خەرج بکرێت، هەروەها لە ساڵی (2016)وە بە بڕیاری حکومەتی هەرێم پلە بەرزکردنەوە راگیراوە و هەر خانەنشینێک بە لایەنی کەمەوە دوو پلەبەرزکردنەوەی فەوتاوە و دواتر خانەنشین بووە کە ئەمە زوڵمێکی زۆر گەورەیە”.
باسی لەوەشکرد “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێم لە هەولێر بەبێ هۆکار خزمەتی خانەنشینانی لە (42 و 45 ساڵەوە بۆ 35 ساڵ) کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا ساڵێکی خزمەت بۆ مووچە گرنگە و بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەن ئەو ساڵانە بۆ خانەنشینان بگەڕێننەوە کە بەبێ پاساو کەمکراوەتەوە”.
ب ح