مەودامیدیا-
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ناسراو بە (سێنتكۆم) كۆنترۆڵكردنی گەرووی هورمزی لەلایەن هێزەكانی خۆی و هاوبەشە هەرێمییەكانییەوە راگەیاند و سەپاندنی هەر جۆرە رسووماتێكیشی بەسەر كەشتییە تێپەڕبووەكاندا رەت كردەوە.
لە راگەیەندراوێكدا كە فەرماندەییەكە لە هەژمارە فەرمییەكانی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو بانگەشانەی بەدرۆ خستەوە كە باس لە وەرگرتنی رسوومات بە بڕی 5.2 ملیۆن دۆلار دەكەن لەو كەشتییانەی بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبن و جەختی كردەوە كە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەكە لەژێر پاراستنی ئەمەریكادا بەبێ هیچ بەرامبەرێكی دارایی بە رووی دەریاوانیی ئازاد و سەلامەتدا كراوەیە و بە كردەییش هەزاران كەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو پێیدا تێپەڕیون”.
هاوكات سێنتكۆم بەركەوتنی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكی (یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن)ـی بە هەر گورزێكی ئێرانی لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستانئاسا) یان داواكردنی هاوكاری بۆ چۆڵكردن و گواستنەوەی سەربازەكانی رەت كردەوە و روونی كردەوە كە “گرووپی هێرشبەری یاوەری كەشتییە فڕۆكەهەڵگرەكە ئەركە جەنگییەكەی خۆی بە سەركەوتوویی تەواو كردووە و مانگی رابردوو بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا”.
ئ پ