باڵندەی کام دارستان بە زمانی خۆی ناخوێنێ؟

رۆژی 21ی شوباتی هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاریكراوه‌، له‌و ڕۆژه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی زمانه‌وانی له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ڕێوه‌ده‌چن، زیاتر له‌شەش هه‌زار زمان له‌جیهاندا هه‌ن، به‌ڵام ته‌نها 100 جۆریان زمانی فه‌رمین، زمانی کوردی-ش سێیەم دەوڵەمەندترین زمانه‌ له‌جیهاندا، له‌ عیراق زمانی كوردی دووه‌م زمانی فەرمییە و له‌ باشووری كوردستان زمانی فەرمی حكومه‌ت و خوێندنه‌. له‌ سوریا زمانی كوردی دانی پێدانه‌نراوه‌، به‌ڵام ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای كوردستان زمانی كوردی وه‌ك زمانی فەرمی به‌كاردەهێنێت.

زمان یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گه‌شه‌كردنی منداڵان، ته‌نها رێگه‌یه‌ بۆ فێربوون له‌ په‌روه‌رده‌داو به‌ زمان ده‌چێته‌ ناو چالاكی‌و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها ئاستی ژیری‌و رۆشنبیریی گه‌وره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات، به‌ڵكو منداڵانیش به‌ زمان ئاسته‌كانیان له‌ رووی زیره‌كی‌و ژیرییه‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌، ئه‌ركی زمان ته‌نها پێدانی زانیارییی و گواستنه‌وه‌ی هه‌سته‌كان نییه‌، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی وروژاندنی بیرو ئایدیای نوێ‌، پاڵنه‌رێكه‌ بۆ جوڵاندن‌و بیركردنه‌وه‌، سرووشتێكه‌ بۆئه‌وه‌ی زیاتر بیرو هۆش بكرێته‌وه‌.

هۆکاری سەرهەڵدانی رۆژی جیهانی زمانی دایک:

رۆژی جیھانی زمانی دایک، له‌ رۆژی بزاڤی زمانی ساڵی 1952ی به‌نگلادیش (رۆژھه‌ڵاتی پێشووی پاكستان, پێش ئەوەی سه‌ربه‌خۆیی لەو وڵاتە وەربگرێت) سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، کاتێک ساڵی 1952 خوێندکارانی زانكۆی داكا لە بەنگلادیش دژی سیاسه‌تی یه‌كزمانی ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی، 11 كه‌س به‌ده‌ستی ھێزه‌ ئه‌منییه‌كانی پاكستان كوژران، ساڵی 1956 ده‌وڵه‌ت به‌ناچاری دانی به‌ زمانی به‌نگالیدا نا.

رێكخراوی یۆنسكۆی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە 21ی شوباتی 1999ی ھه‌موو ساڵێكی وه‌ک رۆژی جیھانی زمانی دایك ناساند و ئه‌و رۆژه‌ی وه‌كک بیرھێنانه‌وه‌یه‌ک بۆ قوربانیانی خوێندکارانی به‌نگلادیش به‌ رۆژی زمانی دایک ناساند، دواتر یه‌كه‌م ئاهه‌نگی سه‌رتاسه‌ری جیهانی بۆ رۆژی زمانی دایک له‌ 21ی شوباتی ساڵی 2000 له‌ژێر دروشمی بەرەوپێشبردنی ئاشتی‌و فرەزمانی لە جیهان‌و پاراستنی هەموو زمانە دایکییەکان بەڕێوەچوو.

گرنگییه‌كانی خوێندن به‌ زمانی دایک:

1-زمانی دایك شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌و هۆكاری به‌ستنه‌وه‌ی تاكه‌كانه‌.

2-یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ بنیاتنانی بیرو رۆشنبیریی.

3-هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ره‌نگدانه‌وه‌و وه‌رگرتنی خوو ره‌وشته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک.

4-له‌ڕێی زمانی دایكه‌وه‌ منداڵا ده‌توانێت زیاتر خودی خۆی بناسێنێت، هه‌ست به‌ ناسنامه‌ی خۆی بكات.

5-منداڵا به‌ زمانی دایكی ده‌توانێت، تواناكانی خۆی بچه‌سپێنێت‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بپارێزێت.

6-خوێندن به‌ زمانی دایك یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی منداڵا له‌ڕووی زانستییه‌وه‌، زانیارییه‌كان باشتر وه‌رده‌گرێت‌و ده‌توانێت باشتر گوزارشت له‌ناخی خۆی بكات.

7-له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌، زمانی دایک هۆكارێكی باشه‌ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست‌و سۆز به‌رانبه‌ر ده‌وروپشت‌و یارمه‌تیده‌رێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ هاوسه‌نگی هۆش‌و ده‌روونی.

مەترسی و گرفته‌كانی خوێندن به‌ زمانی دووه‌م لای منداڵان:

لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌، كه‌ خوێندن به‌ زمانی دووه‌م له‌ سه‌ره‌تادا، كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر منداڵان هه‌یه‌، كار ده‌كاته‌ سه‌ر زمانی دایک، بۆیه‌ زۆر له‌ زاناكان پێیان باشه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ دوابخرێت بۆ دوای (9) ساڵی له‌پێناو پاراستنی زمانی دایكیدا.

1-فێربوونی زمانی دووه‌م له‌ سه‌ره‌تادا لای منداڵان ده‌بێته‌هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا زمانییه‌كانی زمانی دایک، وا له‌ منداڵان ده‌كات جارێكیتر به‌ یاساكانی زمانه‌كه‌ی خۆیدا بچێته‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای زمانی دووه‌م.

2-چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه‌، كه‌ ئه‌و منداڵانه‌ی سه‌ره‌تا زمانی دووه‌م وه‌رده‌گرن، زمانی دایكیان كه‌موكوڕیی تێده‌كه‌وێت، چونكه‌ ناتوانێت له‌یه‌ک كاتدا دوو یاساو دوو ده‌ستووری دوو زمان به‌ رێكوپێكی وه‌ربگرێت، له‌وباره‌دا یه‌كێكیان زاڵ ده‌بێت، كه‌ به‌ زۆری زمانی دووه‌مه‌ یاخود تێكه‌ڵیان ده‌كات‌و ده‌بێته‌هۆی ناته‌واوی له‌ یاسا زمانییه‌كاندا زمانی یه‌كه‌م كه‌ل ده‌بێت.

3-شلایخه‌ر (Shlaykher) پێی وایه‌ فێربوونی زمانی دووه‌م هه‌ندێك منداڵان له‌ داهێنان‌و بیركردنه‌وه‌ دواده‌خات، ده‌بێته‌هۆی خنكاندنی زمانی دایک.

4-فێربوون به‌ زمانی دووه‌م، كێشه‌یه‌كه‌ وا له‌ منداڵان ده‌كات، دایكک و باوكیش په‌لكێش ده‌كات بۆ یارمه‌تیدانی له‌ كێشه‌كه‌یداو ئه‌وانیش هه‌وڵی فێربوونی بده‌ن، زۆرجار ته‌له‌فزیۆن‌ و ئامێره‌ ئه‌لكترۆنی‌و یارییه‌كانیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌كارده‌هێنن.

5-فێربوون به‌ زمانی دووه‌م ده‌بێته‌ هۆی داڕمانی توانای خوێندكارو ده‌ركه‌وتنی باری ده‌روونی خراپ‌و كه‌متوانایی له‌ فێربووندا. هه‌روه‌ها زمانی دووه‌م ده‌بێته‌ ژاوه‌ژاو و تێكه‌ڵكردنی بیره‌كان لای منداڵان، كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ته‌نها یاساكان تێكده‌شكێن‌و دواتر زاراوه‌و ده‌سته‌واژه‌كانیش تێكده‌چن.

هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی:

مووسا عەنتەر، نووسەر و بیرمەندی گەورەی کورد لە باکووری کوردستان بۆ داگیرکەران: ئەگەر زمانی کوردی من بناغەی دەوڵەتی تۆ دەهەژێنێ ، مانای ئەوەیە تۆ دەوڵەتەکەت لەسەر خاکی من دروست کردووە.

ئیسماعیل بێشکچی، کۆمەڵناسی تورک و گەورە داکۆکیکاری مافی کوردان دەڵێت ” ئەگەر بتەوێت نەتەوەیەک سەرشۆڕ و کۆیلە و بێ ناسنامە بێت ، پێویستە ئەلف بێ ی ئەو نەتەوەیە لەناو ببرێت و رێگا نەدرێت بە زمانی دایکی خۆی بدوێت “.

مامۆستا زارا محەمەدی، بۆ ماوەی دە ساڵ ، دێ بە دێ ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕا و منداڵانی فێری نووسین و زمانی شیرینی دایک دەکرد ، لە بەرانبەر ئەو هەوڵ و تەقەللایەی ، دەسەڵاتی ئاخوندەکانی پەت و سێدارە ، بڕیاری دە ساڵی زیندانییان بۆ دەرکرد.

داگیرکەرانی کوردستان چۆن بە چاوێکی شۆڤینیانەی پڕ لە کینەو رق لە گەلی کورد دەڕوانن، لە هەمان کاتدا پلانی ستراتیژی و توکمەی هاوبەش دادەڕێژن بۆ پاکتاو و ئەنفالکردنی ئەم زمانە ، وەك ئەوەی لە باکوور (تورکیا ) ، رۆژهەڵات ( ئێران ) و ( سوریا ) پیادە دەکرێت ، زمانێکی قەدەغەکراو و سەرکوتکراو کەوتە ژێر کاریگەری زمانەکانی عەرەبی ، فارسی و تورکی .

کورد لە نەتەوە دێرینەکانی رۆژهەڵاتی ناوینە ، زمانەکەی بە یەکێ لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی سەر گۆی زەوی دادەنرێت ، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و لە پەیمانی سایکس – پیکۆ ، بەسەر چوار وڵاتی سەردەستەی یەك وڵات ، یەك ئاڵا ، یەك ئاین ( ئێران ، تورکیا ، عێراق ،سووریا ) ، وەك سەرجەم قەوارەکانی رۆژهەڵاتی ناوین دابەشکرا ، لەو سەردەم و تا ئێستا قوربانی زۆری داوە و لە خەباتی بێ وچاندایە لە پێناو پاراستنی خاك و زمانەکەی ، کۆڵی نەداوە و هەرگیز دەستبەرداری نەبووە .

زمانی کوردی وەک زمانی دایک، بە 735 هەزارو 320 وشەی سەرەکی، سێیەم زمانە لەدوای فینلانداو کۆری، زۆرترین وشە لەخۆ دەگرێت، زمانی کوردی بەھەموو شێوەزارەکانییەوە کۆی گشتیی یەک ملیۆن‌و 200 هەزار وشەی تێدایەو بەھەموو دەربڕین‌و دەستەواژەکانییەوە یەک ملیۆن‌و 600 هەزار وشەی لەگەڵدایە.

بەبڕوای مێژوو نووسان، بنەڕەتی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زایین (5000 پ.ز) کە دەگەڕێتەوە بۆ زمانە ھیندۆ ئەوروپییەکان، هەروەها لەکۆنترین دەقە ئایینییەکانی زمانی کوردیدا پەرتووکی رەشی ئێزدییە کە پەرتووکی پیرۆزی باوەڕی ئێزدییەکانە.

ب ح

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان