به‌رپرسێكى پێشووى ئه‌مه‌ریكا باس له‌ كشانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى و كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر كورد ده‌كات

مه‌ودا میدیا-

بەرپرسێکی پێشووی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، بڕیاری کشانەوەی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی هەڵسوکەوتی کورد نەبووە، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا بۆ کەمکردنەوەی پابەندبوونە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڤیکتۆریا تایلۆر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری عیراق و ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەلمۆنیته‌ر وتى “کشانەوەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە هەرێمی کوردستان وه‌ك “کۆتایی سەردەمێک”ه‌ ئەم پێشهاتە لێکەوتەی گرنگی هەیە بۆ دۆخی سیاسیی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان هه‌یه‌”.

تایلۆر جەختی لەوە کردەوە کە بوونی ئەمه‌ریکا لە هەولێر تەنها بوونی سەربازیی نەبووە، بەڵکو رۆڵێکی رەمزی و سیاسیشی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە.

بە وتەی ئەو، بوونی ئەمه‌ریکا بە جۆرێک لە گەرەنتی ئەمنیی لە بەرانبەر فشارەکانی بەغدا و گرووپە چەکدارەکانی عیراق دادەنرا.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا و چۆڵکردنی بەشێکی زۆری کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و کشانەوەی سیستەمی بەرگریی پاتریۆت وایکردووە کورد زیاتر هەست بە لاوازی بکات.

واشنتۆن توانای گرنگی وەک بەرگریی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشتیوانی سیاسیی بۆ ناوچەکە دابینکرد، کە ئێستا کەمبوونەتەوە.

بە بۆچوونی ئەو هەرێمی کوردستانیش دوای کشانەوەی ئەمه‌ریکا زیاتر رووبه‌ڕووى فشارەکانی بەغدا دەبێتەوە، چونکە ئیدارەی ترەمپ رۆڵی کارا نابینێت لە نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا، وەک ئیدارەکانی پێشووتر کردوویانە.

وتیشی “کشانەوەی ئەمه‌ریکا، زیاتر بە دەرئەنجامی سیاسەتی گشتیی ئیدارەی ترەمپ دەبینێت کە کۆتایی بە ئەرکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لە عیراق و سوریا و کەمکردنەوەی پابەندبوونە دەرەکییەکانی واشنتۆنە”.

روونیشیکردەوە “ئیدارەی ترەمپ زیاتر مەیلی پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکان و سەرکردە بەهێزەکانی هەیە، هەروەها پرسە ئاڵۆزەکانی دیموکراسی عیراق و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە وەک بەربەست بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی دەبینێت”.

بە گشتیی تایلۆر پێی وایە کشانەوەی ئەمه‌ریکا لە عیراق و کەمبوونەوەی پشتیوانی واشنتۆن بۆ کورد نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە سیاسەتی ناوچەیی ئەمه‌ریکا.

ع

بابەتی تر

نوێترین هەواڵەکان