هێمن  سەعید

هێمن سەعید

كاریگەریی دۆمینە لە ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەب- ئیسرائیل

تیۆری دۆمینە كارلێكێكی زنجیرەیی بەدواییەكدا هاتووە كە هەندێكجار بەهۆی روودانی گۆڕانێكی بچوكەوە لە وڵاتێكەوە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ، وەك بەهاری عەرەبی و بڵاوبوونەوەی فیكرەی شیوعیەت و هەڵوەشانەوەی یەكێتیی سۆڤێتی جاران و...هتد. ئەم تیۆرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد، بەتایبەت كاتێك ڤێتنام كەوتە بەرشەپۆلی شیوعیەت، لەناو ئەمەریكاوە دەوترا ئەگەر ڤێتنام بچێتە بەرەی شیوعیەت ئەوا كۆمەڵێك لە وڵاتانی تری وەك لاوس و كەمبۆدیا و مالیزیا و ئیندۆنیسیا و فلیپین و تایوان و... بەدوایدا دەچنە بەرەكەوە و دەگۆڕێن بۆ شیوعیەت، هەربۆیە ئەمەریكا بەتوندی بەرهەڵستیی شیوعیەتی كرد لە ڤێتنام و بەو هۆیەشەوە شەڕێكی ناوخۆیی تولانی و كارەستبار روویدا لە ڤێتنام.

ئاساییكردنەوەی یەك لەدوای یەكی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل، كاریگەریی دۆمینەیە كە سەرەتاكەی بە ئیمارات دەستیپێكرد و لەوانەشە كۆتاییەكەی لە وڵاتانی عەرەبییەوە بپەڕێتەوە بۆ وڵاتێكی غەیرە عەرەبی وەك توركیا و وڵاتانی باكوور و باشووری ئەفەریقا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند "كوەیت دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاتەوە". دوێنێش یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند "قەتەر ئامادەییەكی باشی هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل". چاوەڕێشدەكرێت هەریەكە لە سودان و سعودیە و مەغریب و سەڵتەنەی عومان بەدوای یەكدا بچنە ریزەكەوە.

سعودیە ویستی زۆرە، بەڵام ترسی زۆرترە
سعودیە ویستی زۆری هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام لەلایەك مەترسییەكی زۆری ناوخۆی هەیە كە دەكرێت كێشە و گرفتی بۆ درووست بكات، لەلایەكی دیكەشەوە سعودیە سەركردایەتی مسوڵمانانی سوننەی جیهان دەكات و پێگەیەكی گەورەی هەیە وەك سەنتەری ئایینی و چاوی وڵاتانی دیكەی لەسەرە و شوێنی زیارەتكارانی مسوڵمانانی جیهانە، دەترسێت كاردانەوەی خراپی هەبێت بۆی، هەربۆیە هێشتا دوودڵە و ترسێكی زۆری هەیە ئەو هەنگاوە بنێت.
ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكی باسی لە دەمەقاڵێیەكی توندی نێو بنەماڵەی ئال سعود كردووە سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی سعودییە لەگەڵ ئیسرائیل، كە بێگومان بەرەی محەمەد بن سەلمان فشار دەكات بۆ نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل.

عیراق رێگا خۆشدەكات بۆ نزیكبوونەوە لە ئیسرائیل
عیراق لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق لە ساڵی 2003وە بە بەراورد بە رژێمی بەعس كە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل بوو، رێگەی خۆشكردووە كە لە داهاتوودا بچێتە ئەو بەرەیەوە، كۆمەڵێك رووداو لەدوای ساڵی 2003وە روویاندا كە بە ئاراستەی نزیكبوونەوە و كرانەوەی عیراق دێت بەڕووی ئیسرائیلدا وەك:

یەكەم: ئیسرائیل هاوكاریی زۆری ئەمەریكای كرد بۆ رووخانی رژێمەكەی سەدام حسێن، بەتایبەت لەڕووی ھەواڵگرییەوە.
دووەم: هەوڵێك هەبوو ئاڵای نوێی عیراق لەسەر شێوەی ئاڵای ئیسرائیل بێت.
سێیەم: سڕینەوەی (ماعدا أسرائیل) لەسەر پاسپۆرتی عیراقی، كە پێشتر لەسەری نووسرابوو هەڵگرانی ئەم پاسپۆرتە بۆیان هەیە سەردانی وڵاتانی دنیای پێبكەن جگە لە ئیسرائیل.
چوارەم: لابردنی ناوەندێکی توێژینەوەی فەلەستینی لە بەغدا كە سەنتەرێكی توێژینەوەی بەهێز بوو لەسەر ململانێكانی ئیسرائیل- فەلەستین كاری دەكرد.
پێنجەم: یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەناوی (میسال ئالوسی) سەردانی ئیسرائیلی كرد، دواتر پەلاماردرا و ویستیان ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەران لێبسەننەوە، بەڵام ئەو هەوڵە شكستی پێهێنرا.
شەشەم: لە ساڵی 2018، سێ شاندی عیراقی سەردانی ئیسرائیلیان كرد.
حەوتەم: گۆڕینی ناوبردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەن عیراقەوە لە زایۆنییەوە بە ئیسرائیل.
هەشتەم: پرۆژەی شامی نوێ لەنێوان عیراق و میسر و ئوردن ھەوڵێكە بۆ بەستنەوەی عیراق لە رێگەی ئوردن و میسرەوە بە ئیسرائیل، كە پێشتر و لە ساڵی 1979 میسر و لە ساڵی 1994 ئوردن پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییكردووەتەوە.
نۆیەم: نیو ملیۆن عیراقی جولەكە لە ئیسرائیل دەژین، وەك كەمە نەتەوەیەك مافیان بەسەر عیراقەوە هەیە.
دەیەم: هاتنە سەرکاری مستەفا کازمی دوور لە مەزهەبگەرایی و نزیک لە عەلمانی و مۆدێرگەرایی و دوور لە ئێران و نزیک لە رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمەریکا دادەنرێت.

تێبینی: تائێستا سعودیە و كۆمكاری عەرەبی هیچ لێدوانێكیان بە باش یان بەخراپ لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل.

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan