هێمن  سەعید

هێمن سەعید

گۆڕینی ئۆپۆزسیۆن لە حزبەوە بۆ تاک

چەمكی "ئۆپۆزسیۆنی سیاسی"بە حزبێك یان گروپێك یان رەوتێك دەوترێت كە رەخنە لە حكومەت بگرێت، بەڵام چەمكی "رەخنەگری سیاسی" بە كەسێك دەوترێت كە دەكرێت مەیلی بۆ حزبێك یان رەوتێكی سیاسی هەبێت یاخود سەربەخۆ بێت و بەهەمان شێوە رەخنە لە حكومەت بگرێت، بەڵام بۆ ئەوەی رەخنەگری سیاسی بگات بە دەسەڵات پێویستی بە رێكخستنێكی سیاسی هەیە كە پێی دەوترێت حزبی سیاسی.

"حكومەت ئۆپۆزسیۆن بە دوژمنی خۆی دەزانێت"
 لە سیستمی دیموكراسیدا ئامانجی حزبی سیاسی ململانێكردنە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، بەڵام ئەو حزبەی نەگەیشتە دەسەڵات دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزسیۆن و چاودێری حكومەت بكات و رەخنەی لێبگرێت. لە هەرێمی كوردستاندا هەرچەندە حكومەت بانگەشەی پیادەكردنی دەسەڵاتێكی دیموكراسی دەكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆن بە دوژمنی خۆی دەزانێت و دژایەتی دەكات، ئەوەش بەهۆی زاڵبونی هزری شۆڕشگێڕییەوەیە بەسەر هزری دیموكراسیدا، چونكە لە هزری دیموكراسیدا پرەنسیپی ململانێ و كێبڕكێ رێژەییە، هەرلایەك بگاتە دەسەڵات لاكەی دیكە قبوڵی دەكات، بەڵام لە هزری شۆڕشگێڕیدا دۆڕان جێگەی قبوڵ نییە. سەڕەرای دژایەتی و سەركوتكردنی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن حكومەتەوە، بەڵام خۆشیان ناتەبا و ناكۆكن، گرفتی قوڵی ناوخۆییان هەیە و دەستەمۆی دەسەڵاتن، پۆست و پارە دەست و دەم و و ئەژنۆیانی شكاندووە.

"ئۆپۆزسیۆن و قەیرانی بێ متمانەیی بوون"
لە هەڵبژاردنەكانی خولی چوارەم و پێكهێنانی كابینەی هەشتەم، هێزە سیاسیەكانی كوردستان چاویان لە عیراق كرد، هەمووان بەشدارییان لە حكومەتی بنكە فراوان كرد، لێرەوە سەرەتای بێ‌ هیوا بوونی خەڵك دەستی پێكرد، چونكە خەڵك بۆیە دەنگی بەو پارتە ئۆپۆزسیۆنانەدا هەتا بەردەوام بن لە رەخنەگرتن لە حكومەت و چاودێربن بەسەر كارەكانیانەوە و شەڕی چاكسازی و گەندەڵیان بۆ بكەن، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ویستەی خەڵك، ئەوان چوونە حكومەت، لەم كاتەدا ئەو پارتانە دوو گوتاریان هەبوو، لە میدیاوە رەخنەیان لە حكومەت دەگرت و وەك ئۆپۆزسیۆن مامەڵەیان دەكرد، بەڵام واقیعەكە شتێكی تری نیشانی جەماوەر دەدا ئەویش ئەوەبوو كە لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بەشدارن و یەكی چەند وەزارەتێكیان وەرگرتووە و لە پۆستەكانی تری حكومەتیشدا بەشدارن، بەم هەنگاوەیان نیگەرانییەكی گەورەیان بۆ خەڵك دروستكرد، چونكە چاوبڕینە پۆست و ئیمتیازات وایكرد نەتوانن لەبەرەی گەلدا بمێننەوە و جەماوەریان لە دەستدا، جەماوەر ئەمەی لەبیر نەچووەوە و ئەوەبوو لە كۆتا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و عیراق لە ساڵی 2018، جەماوەری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد و بەوەش زەبرێكی كوشندەیان لە پێگەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان دا، چونكە زۆربەی ئەوانەی بایكۆتیان كرد و نەچوون بۆ دەنگدان دەنگدەری هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان و جەماوەری ناڕازی بوون لە حكومەت.

"ئۆپۆزسیۆن گەڕایەوە پێش 2009"
حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن لەپاڵ نەبوونی هێز و گرفتی ناوخۆیی و ناتەبایی لەگەڵ یەكتر بێ متمانەیی خەڵكیشیان چوویە سەر، هەر لەبەرئەوەشە لەئێستادا دەنگێكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆنی حزبی نابینرێت، ئەوەی هەیە تەنیا دەنگی ناڕازی شەقامە، جارێكی دیكە بارودۆخەكە گەڕاوەتەوە پێش 2009، ئەمجارە رای گشتی توڕەترە، لەبری نا دادپەروەری و نا یەكسانی، خەڵكی برسیە و نانی لێگیراوەتەوە، ئەمجارە دەنگی ناڕازی جەماوەر لە پارێزگایەكەوە گواستراوەتەوە بۆ سەرتاسەری هەرێم، ئەندام پەرلەمانی بوێر و رۆژنامەنووسی ئازا و نووسەری زیرەك و چالاكەوانی چالاك و میدیای رەخنەگری بەهێز هەن لە مەیدانەكەدا، بەڵام ئەوەی غیابە نەبوونی حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێزە پشتیوانی لەم شەپۆلی دەنگە ناڕازیە سروشتیە بكات و لەخۆی بگرێت و ئاراستەیان بكات، ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێم و ئەگەری هەیە دۆخەكە سەربكێشێت بۆ گرژی و ئاڵۆزی و هەمان رووداوی 17ی شوباتی 2011 دووبارە ببێتەوە، بەڵام ئەمجارە كۆنترۆڵكردنی ئەستەم دەبێت و روودانی كارەسات چاوەڕوانكراو دەبێت.

*توێژەر لە ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan