کوردستانی

بزووتنەوەی گۆڕان: نەوشیروان مستەفا قەڵەمێکی بەبڕشت و راستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیریی بووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بزووتنەوەی گۆڕان: نەوشیروان مستەفا قەڵەمێکی بەبڕشت و راستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیریی بووە
مەودا میدیا-

کەمێک پێش ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لە روونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی نەوشیروان مستەفا بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت نەوشیروان مستەفا قەڵەمێکی بەبڕشت و راستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری  و سیاسەت بووە.

بزووتنەوەی گۆڕان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "دوای بڵاوبوونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار کە کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ نەوشیروان مستەفا کە مێژوو سەلماندویەتی یەکێک بووە لە رابەرە هەرە دیارو کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و راستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری  و سیاسەت بووە، لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵکی راستگۆ و پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهید حاڵی ڕوداوەکان و خەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی روداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا".

لە روونکردنەوەکەی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە "نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە رابەر و سەرکردە گەورەکانی میلەتەکەمان و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، کاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری کردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەک سەرکردەیەکی کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە، وەک ئەندازیار و رابەری راپەڕینی 1991، وەک پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێکەوتنەکانی نێوان دوو هێزی شەڕکەری یەکێتی و پارتی، وەک کەسایەتیەکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیکەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕێخستنی بزوتنەوەی چاکسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی  دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ".

ئاماژە بەوەشکراوە "وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژوویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژوو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆز و راستگۆو خەمخۆری نیشتمان، بە هەموو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوا دەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی  راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاودەکرێنەوە".

لە کۆتایشدا هاتووە "دواجار دەبێ ئەو راستیە بزانین، کە ئەو رقە پەنگخواردووەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan