کوردستانی

سێ پۆستی ئیداری لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تیادا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سێ پۆستی ئیداری لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تیادا دەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ سێشەممە 60مین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو کە یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە پەیوەندیی هەبوو بە دانانی بەڕێوەبەری گشتی نوێی  بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدنادنکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد بۆ هەر پۆستێک سێ کاندید دیاریکراوە.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ سێشەممە 60مین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو کە شەش بڕگەی لە خۆ دەگرت و سێ بڕگەیان پەیوەندیی هەبوو بە دانانی بەڕێوەبەری گشتی نوێی  بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدنادنکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری کۆمەڵایەتی سلێمانی".

ئاماژەی بەوەشکرد "بڕگەی دووەم تایبەت بوو بەوەی کە  17 گوندی ناحیەی عەربەت داوایانکرد بگەڕێنەوە سەر قایمقامی سلێمانی ئێمەش ئەمڕۆ داواکارییەکەیانمان پەسەند کرد، هەروەها کۆتا بڕگەش بریتی بوو لە بابەتی سووتانی دارسنووبەرەکان کە ئەم بابەتە پێویستی بە روونکردنەوەی زیاتر بوو، بۆیە داوامان کرد پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی و سەرۆکی شارەوانی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن خۆشبەختانەش ئامادە بوون، کۆمەڵێک پرسیار و سەرنج و رەخنەیان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنەوە ئاراستەکرا ئەوانیش وەڵامییان دانەوە".

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی پێدانی ناوی کاندیدەکان بۆ ئەو سێ بەڕێوەبەراتییە وتی "هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بۆ پۆستی بەڕێوەبەری رۆشنبیری بزووتنەوەی گۆڕان ناوی سێ کاندیدی ناردبوو، هەروەها بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەش بزووتنەوەی گۆڕان ناوی سێ کاندیدی ناردبوو، بۆ پۆستی بەڕێوەبەری کاروباری کۆمەڵایەتیش کۆمەڵی ئیسلامی ناوی سێ کاندیدی ناردبوو".

س.س