کوردستانی

زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ ئاشکرا دەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ ئاشکرا دەکرێت
 مەودا میدیا - کاروان نوری

زانیاری نوێ لەسەر کوژرانی دوو خوشکەکەی چەمچەماڵ ئاشکرا دەکرێت دوای ئەوەی لە ناوچەی شوان كوژران و تەرمەكانیان شاردرابوونەوە، دوای لێکۆڵینەوە باوک و براکەی بە ئەنجامدەری تاوانەکە تۆمەتبار کران.

محەمەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە مەودا میدیای راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا چوار کەس لە مامی دوو خوشکە کوژراوەکەی چەمچەماڵ دەستگیرکراون و یەکێک لەوانە دانی بە تاوانەکەدا ناوە کە بەشداربووە لە شاردنەوەی تەرمەکان دوای ئەوەی کە کوژراون، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە سێ مامەکەی دیکەی کچەکانیش بەشداربوون".

بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئەوەشی روونکردەوە "تا ئێستا ئەو سێ مامەی دیکەی کچەکان کە تۆمەتبارن بە بەشدارییان لە تاوانەکەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا نەناوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی خۆمان بۆ دەستگیرکردنی باوک و براکەشی کە تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکەن، بەڵام تا ئێستا دەستگیر نەکراوە".

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا دوو كچی تەمەن 17 ساڵ و 19 ساڵ لە گوندی برایم ئاغای ناوچەی شوان كوژران و تەرمەكانیان شاردرابوونەوە، لەدوای پشكنین و توێکكاری بۆ تەرمەكان كەسوكاریان ئامادەنەبوون وەریبگرنەوە، بۆیە لەلایەن ئیدارەی چەمچەماڵەوە و هاوڵاتییانەوە بەخاكسپێردرانەوە.
Qaiwan
Qaiwan