بژار  حەکیم

بژار حەکیم

بایدن و ھەرێمی سوننە

دەنگۆی دروستبوونی ھەرێمی سوننە، بابەتێکی نوێ نییە بۆ عیراق، چونکە دابەشکردنی عیراق بەسەر نەخشە رێگەی ھەر سێ ھەرێمدا، سوننە، شیعە و کورد پرۆژەی پێشووتری جۆ بایدنە.

لەگەڵ ھەڵبژاردنی خولی نوێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا، کە ئێستا جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، لە ململانێیەکی بەھێزدان بۆ بردنەوەی کورسی سەرۆکایەتیی ئەمەریکادا، لە عیراقیش دەنگۆی دروستبوونی ھەرێمی سوننە باسەکەی تۆختر بووەتەوە.

پێش ساڵی 2014 لە عیراق دروستبوونی ھەرێمی سوننە، بووە مژارێکی گرنگی دۆسیەی سیاسیی عیراق و تەنانەت وەک پرۆژەش بەوردی کاری لەسەرکرا، بەڵام دوای ئەم پرۆژەیە ناوچە سوننە نشینەکانی عیراق، ھاتنی کتوپڕی داعش بۆ موسڵ، جگە لە وێرانکردنی ناوچەکانیان ھاوکات بیرۆکە و پرۆژەی ھەرێمی سوننەشی بیر ھەمووان بردەوە.

دیموکراتەکان پشتیوانیی لە دروستبوونی ھەرێمی سوننە دەکەن لە عیراق، ھەر بۆیەش جۆ بایدن کە خاوەنی پرۆژە چارەی کێشەکانی عیراقە، نەخشەی دابەشکردنی عیراق بۆ سێ ھەرێم بە پێویست دەزانێت و بەتەواوی پشتیوانی لێدەکات.

دیموکراتەکانی ئەمەریکا دەیانەوێ لە سەردەمی حوکمی ئەواندا، بەشێک لە کێشە کەڵەکەبووەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکرێن، ئەگەر بۆ کۆمارییەکانی ئەمەریکا ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دەستکەوت بێت، ئەوا بۆ دیموکراتەکانیش چارەسەرکردنی کێشەکانی عیراق و یەمەن و ئەفغانستان و سوریا دەستکەوتێکی دیکە دەبێت.

لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سوننەکانی عیراق، لە قەتەر و ئیمارات کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی دروستبوونی ھەرێمی سوننە، بەڵام لە بەرانبەردا شیعەکان کەوتنە ئامادەکاریی و پرۆژەکە مت کرا.

دواجار پرۆژەکەی جۆ بایدن، کە ھاوکات بیرۆکەی زووتری بەشێک لە سیاسەتمەدارانی عیراقیش بووە، ھەرێمی سوننە، شیعە و کورد، پرۆژەیەکی گونجاوە بۆ ئیدارەدانی عیراق و کەمکردنەوەی کێشەکان.

بۆیە زوو یان درەنگ، لەسەر دەستی بایدن بێت یان ئوسامە نوجەیفی، ئێران و شیعەکانی عیراق پێیان خۆشبێت یان نا، ھەرێمی سوننە دروست دەبێت.

کورد گەر یاریزانێکی باش بێت، لەنێوان ھەردوو ھەرێمی سوننە و شیعەدا دەتوانێ خود بژێویەکی باش دەستەبەر بکات.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan