کوردستانی

هەواڵێکی خۆش لەبارەی ناردنی 320 ملیارەی هەرێم لەلایەن بەغداوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەواڵێکی خۆش لەبارەی ناردنی 320 ملیارەی هەرێم لەلایەن بەغداوە
مەودا میدیا - کاروان نوری

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بۆ ئەم مانگە پاساوێکی یاسای ھەیە و دەکرێ فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەھۆیەوە دەستەبەری (320) ملیار دیناری مانگی رابردوو بکەن.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "بۆ ئەم مانگە پاساوێکی یاسای ھەیە و دەکرێ فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەھۆیەوە دەستەبەری (320) ملیار دیناری مانگی رابردوو بکەن، چونکە یاساکان لە رۆژی دەرچوونیان یان بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەی وەقائعی عیراقی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و پەیوەندی بە رابردوەوە نیە". 

روونیشیکردووەتەوە "بەپێی رێکەوتنێکی پێشووی نێوان ھەرێم و بەغدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان (320) ملیار دیناری مانگی رابردووی ماوە، کەواتە پێویستە حکومەتی ھەرێم لە چوارچێوەی ئەو پاساوە یاساییە داوای مافەکانی مانگی رابردوو بکا و بۆ رێککەوتنێکی نوێش ئامادەی گفتوگۆ بێت".

هەر لەسەر ئەم بابەتە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای دەنگدانی لەسەری، بابەتەکە دەنێردرێت بۆ سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر بکات، ئەگەر بێتوو ئەم بابەتە دوا بکەوێت ئەوە بەغدا بە پشتبەستن بە رێککەوتنی پێشوو دەبێت 320 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستان بنێرێت و لە دوای ئەم مانگەوە بەو یاسایە کار بکات کە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر دراوە".

ئەمە لە کاتێکدایە دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پرۆژە یاسایی قەرز بەبێ ئامادەبوونی کورد، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگی لەسەر درا، بڕیار درا، تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان نەوت رادەستی بەغدا دەکات ناردنی 320 ملیار دینارەکە رابگیرێت.

 ک.ن
Qaiwan
Qaiwan