کوردستانی

وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان دەکرێن

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزیرانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان دەکرێن
مەودا میدیا - کاروان نوری

بەمەبەستی یەکلاکردنەوەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ لەنێوان سیستەمی خوێندنی ئۆنلاین و سیستەمی ناوپۆل، بڕیاردراوە بە بانگهێشتکردنی هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ پەرلەمانی کوردستان.

سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجامدرا، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە بانگهێشتكردنی وەزیری پەروەردە و وه‌زیری خوێندنی باڵا له‌ هه‌فته‌ی داهاتوو بۆ خستنەڕووی پلانی وەزارەتەکانیان بۆ دڵنیابوون لە چارەنوسی خوێندن".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "ئێستا کە لەمانگی 12 نزیک دەبینەوە تائێستا بەرچاومان روون نییە بۆ ئەوەی بزانین خوێندکاران چۆن دەوامەکانیان بکەن، ئایا هەر بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەبێت، یاخود دوای کەمبوونەوەیەکی سنورداری کۆرۆنا پرۆسەی خوێندنی ناوپۆل دەستپێدەکاتەوە، ئێمە دەمانەوێت ئەو دوو وەزیرە بێن و چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵمان بۆ دیاری بکەن".

جەختیشیکردەوە "هەرچەند ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە تەواوی کەمیکردووە، بەڵام پێمان وانییە بابەتەکە تەنها کۆرۆنا بێت و بەشێکی پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانەوە، چونکە لە ئێستادا ئەگەر دەوامی خوێندنی ئەمساڵیش ئاسایی بکەنەوە، مامۆستایان بایکۆتی پرۆسەی خوێندن دەکەن و دەوام ناکەن".
Qaiwan
Qaiwan