کوردستانی

"دوو هەفتەی دیکە دانیشتوانی شنگال دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"دوو هەفتەی دیکە دانیشتوانی شنگال دەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان"
مەودا میدیا - کاروان نوری

فه‌رمانده‌ی پێشتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال ئاشکرای دەکات، بەپێی ئەو پلانە بێت کە لە ئێستادا جێبەجێ دەکرێت لە 10 بۆ 15 رۆژی دیکە هاوڵاتییان دەتوانن بگەڕێنەوە شنگال.

قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی پێشتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال لە لێدوانێکی تایبەتدا بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر پرسی شەنگال رێککەوتن، هێزەکانی عیراق ماوەی چەند رۆژێکە دەستیان کردووە بە هاتن بۆ ناوچەکانی شنگال و ئاڵای عیراق لەسەر فەرمانگەکان هەڵدەدەن".

سەبارەت بە گەڕانەوەی هێزی عیراقی بۆ شنگال چەند رۆژی دیکەی پێدەچێت و هاوڵاتییان دەتوانن بگەرێنەوە ناوچەکانی خۆیان، ناوبراو جەختیکردەوە "بەپێی ئەو پلانە بێت کە لە ئێستادا جێبەجێ دەکرێت ئەگەر هیچ حاڵەتێکی جیاواز روو نەدات لە 10 بۆ 15 رۆژی دیکە هاوڵاتییان دەتوانن بگەڕێنەوە شنگال و ژیانی ئاسایی خۆیان بەرێ بکەن".

پێشتر بەئامادەبوونی نەتەوەیەکگرتووەکان ‌و نوێنەرانی هەرێم‌ و بەغدا، رێککەوتنێک واژۆ کرا، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی ‌و سەربازی ‌و ئیداریی شنگال، بەئامانجی ئەوەی رەوشەکە ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
Qaiwan
Qaiwan