کوردستانی

دابەشکردنی مووچە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان ناهێنێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


دابەشکردنی مووچە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان ناهێنێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتییان خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی پێنەدانی مووچە بەڕێوەچوو، بە تایبەت لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانەکە بە شێوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو، ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی رایدەگەیەنێت خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام دەبێت.

عادل حەسەن،  ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "مووچەی حەوت مانگی ئەمساڵ تاوەکو ئێستا چارەنووسی دیار نییە، بۆیە مامۆستایان و فەرمانبەران بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان".

لەبارەی ئەوەی لە دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ی ئەمساڵ بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان یاخود نا عادل حەسەن وتی "ئێمە بەردەوام دەبین لە خۆپشاندان و ناڕەزایەتی، بەڵام ژمارەی بەشداریکردنی خەڵک بڕیار لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دەدات".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وتی "سبەینێ کاتژمێر 10:00ی بەیانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەست بە خۆپیشاندان دەکەینەوە، دواکارن هاوڵاتییان بێن و بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین درێژە بە ناڕەزایەتییەکان بدەین".

س.س
Qaiwan
Qaiwan