کوردستانی
کارکردن لە پرۆژەی جووت سایدی نێوان باشماخ - پێنجوێن بەردەوامە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - کاروان نوری
دوای ئەوەی ساڵى 2014 و لە کابینەى هەشتدا لەسەر پارەى پترۆ دۆلار پرۆژەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە، قایمقامى قەزای پێنجوێن ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا کارکردن لە پرۆژەی جووت سایدی نێوان باشماخ - پێنجوێن بەردەوامی هەیە.
زانا رەحمان، قایمقامى قەزای پێنجوێن بەمەودا میدیای راگەیاند "لە ئێستادا کارکردن لە پرۆژەی جووت سایدی نێوان باشماخ - پێنجوێن بەردەوامی هەیە و بە تەواوکردنیشی سوودێکی گرنگی بەتایبەت بۆ ئەو بارهەڵگرانە هەیە کە سەردانی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ دەکەن".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی ئەوەی ئەو رێگەیە یەک سایدە، بەشی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بەناو پێنجوێندا هاتوچۆ دەکەن، بەشێکی زۆری شەقامەکانیان هەڵوەشاندووە بۆیە ئۆمێدمان هەیە بە تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە سوودێکی زۆر بە شۆفێران و دانیشتوانی قەزای پێنجوێن بگەیەنێت".
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵى 2014 و لە کابینەى هەشتدا لەسەر پارەى پترۆ دۆلار پرۆژەکە چووە بوارى جێبەجێکردنەوە. کابینەى نۆ گواستییەوە بۆ سەر بودجەى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە. ئێستا زۆرینەى شەقامەکە دوو چین قیرکراوە و چینى کۆتایی ماوە.
هاوکات پرۆژەکە 10 کیلۆمەتر درێژە، 70%ی کارەکانی تەواوبووە، 30%ی کارەکانی ماوە، ماوەی یاسایی 611 رۆژە، زیاتر لە چوار هەزار رۆژی بەسەردا تێپەڕیووە، بودجەکەی 34 ملیار دینارە، 20 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە.