د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

نوکتە و گاڵتەجاڕی

لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە دانیشتنی نێو هاوڕێیان، لەسەرکار رۆژ نییە  بە دەیان نوکتە و تانە و تەشەری  تازە نەبیستین و نەبینین بەتایبەتی لەسەر دەسەڵات و خراپی کارەکتەرەکانی دەسەڵات و کردار و گوفتاریان. نوکتە و تەنز چەکێکی کاریگەرە دژ بە دەسەڵات جا ئەو دەسەڵاتە کۆمەڵایەتی، سییاسی یان ئایینی بێت.

نوکتە و قەشمەریات و کۆمیدی رەش دەرچوی ژیانی زەحمەت و بێدەسەڵاتی و بێدەرامەتی و بوونی فشاری زۆری رۆژانەی سەخت وتاڵ و دنیای پڕ لە کێشە و شەڕ و گێژاوە.. ئەو جۆرە نوکتانە کاتین و بۆ ماوەیەکی کورت و لە کاتی کێشەیەکی تایبەتی بە دەیار دەکەون و لە پاشدا بەسەر دەچێ و تامی نامینێ. 

هەر میللەتە نوکتەی گاڵتەجاڕی تایبەتی بە خۆی هەیە و یەکێک لە دەرەوەی ئەو میللەتە رەنگبێ نە باش تێی بگات و نە بزانێ باس لە چی دەکات. بەپێی هەندێ توێژینەوە دروستکردنی ئەو قەشمەرجاڕییانە نیشانەی زیرەکی و بەئاگایی و هونەرمەندی و تێگەیشتنی قەشمەرەکەیە بەتایبەتی گەر گرنگی بە رێساکانی کۆمەڵایەتی بدات و شێوە و وشەی گونجاو بەکاربهێنێت و دوورکەوێتەوە لە وشەی نەشیاو و بریندارکردنی پیرۆزییەکانی خەڵک و وەک چاودێری سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، ئەوا نوکتەکانی سەرکەوتووتر دەبێت و زیاتر دەگات بە خەڵک، هەروەها ئەو گاڵتەجاڕییە یارمەتی کەسی وەرگر دەدات تا مێشکی زیاتر بەکاربهێنێت و بەرهەمهێنتر بێت و ژیان لای خۆشتر بێت.

لە هەموو دنیا و لە هەموو کات و زەمانێک گاڵتە و توانج گرتن هەڵوێستێک بووە و بەکارهاتووە وەک رەخنە تا هەستی توڕەیی و فشار لەسەر کۆمەڵ کەمبکاتەوە بەتایبەتی کە میللەت لەناو گێژاو و  بێئومێدایە کە ناتوانن رێگاچارەی تر بدۆزنەوە بۆ گۆڕینی ئەو حاڵەتەی کە کۆمەڵگا تێیدا دەژی بەتایبەتی لەژێر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و بێتوانا و چەقبەستووانە کە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و مادییەکان و سیاسییەکان ناکەن. ئەم جۆرە قەشمەریاتە بۆ بەهێزکردنی مەعنەویاتی میللەتە و کەسەکان وا هەست بکەن کە زاڵ بوون بەسەر ئەو هەموو کێشە و خراپانە و لەگەڵ ئەو هەموو کیشانەش دەتوانن بەرگە بگرن و پێبکەنن.

گاڵتەجاڕی و نوکتە بەرهەمی فیکری هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵە، لە دەوڵەمەند و هەژار، لە تێگەیشتوو و نەزان، لە ژن و پیاو، لە ئیماندار و بێئیمان، باس لە هەموو ناکۆکی و زۆرانبازییەکانی ژیان دەکەن.

نوکتە و قەشمەریات بە زۆر شێوە بڵاودەبێتەوە لە نووسینی چیرۆک و لە رۆژنامەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نمایشی تەلەفزیۆنی و شانۆ و سکێتچ و مەنەلۆجی کۆمیدییەکان و کاریکاتێر و وێنە. لەو نووسەرانە وەک عەزیز نەسین، برناردشۆ، شکسپیر، مۆلییەر، محەمەد ماغوت، شێرکۆ عەبدوڵڵا و هتد، لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی کوردی وەکو کەشکۆل و بەرنامەی بەرنامە و مقۆمقۆ و هتد،  شارلی شاپلن وعادل ئیمام لەو ئەکتەرانەن کە زۆر لەسەر ئەو لایەنە کاریان کردووە، بەشێوەی مەنەۆلۆج لەناو کوردا دیار نییە، بەڵام بەشێوەی یوتوب هەندێ کوردی تازە پێگەیشتووی کۆمیدی هەن لەو بوارە کار دەکەن وەک پێشەوا، زۆربەی کات ئەو نوکتە و تەنز ئامێزانە بێ خاوەنن و نازانن کێ بڵاوی کردوونەتەوە و ئەوە رێگایەکە بۆ خۆشاردنەوە لە دەسەڵات و زەبر و زەنگی دەسەڵات، هەندێكجاریش دەزانرێت، بەڵام هێندە بڵاودەبێتەوە خاوەن هەر نامینێت وەک مەعقول چییە کە کەوتبووە سەرزاری هەموو کەسێک.

زۆرجار دەسەڵات هەوڵی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە گاڵتەجاڕییە دەدا تا میللەت سارد بکاتەوە لە هەوڵی گۆڕینی رژێم بە شێوازی تر و شێوەیەکی ئازادی دەربڕین بدات بە دەسەڵاتەکەی کە گوایە میللەت ئازادی رادەربڕینیان هەیە. 

هەندێ لە سیاسییە بەناوبانگەکانی دنیا حەزیان کردووە بزانن میللەت چۆن باسیان دەکەن لەڕیگای ئەو نوکتانەی لەسەریان کراوە. جەنڕاڵ دیگۆل لە کۆتایی حوکمکردنی دەڵێت ئێستا میللەت منی خۆش ناوێ و گرنگ نەماوم لایان، چونکە نوکتە و کاریکاتێرەکان کە دەکرا لەسەرم زۆر کەمبووەتەوە، جەمال عەبدولناسر لەڕیگای نوکتەکانی کە لەسەری كراوە سیاسەتی پەیڕەو کردووە، عەرەفات چاودێریی کردووە و رقی پێبووەتەوە، هەموومان دەزانین مام جەلال زۆری حەز لەو نوکتانە بووە کە لەسەری کراون و خۆشی بەخۆشی دەیگێڕاوە و دوور نییە هەندێكجار خۆشی نوکتەی تازەی لەسەر خۆی دروست کردبێت.

نموونەی هەندێ لەو نوکتانەی لەم رۆژانەدا باون:
- نەوە: وەی نەنەگیان چەند جوانی دەڵیی چواردە ساڵانی.
- نەنک: ئەیچۆن جەرگی جەرگم ئەی وڵات پەنجا ساڵ چووەتە دواوە.
- کوڕ: تکایە چیتر تەنیا وێنەی کچ لەسەر شامپۆ دامەنێن، بە خوا و بە پێغەمبەر ئێمەی کوڕیش خۆمان دەشۆین.
- گەنجێک قودیلکەی عەلادینی دۆزییەوە و داوای لە خێوەكە کرد کوردستان ئازاد بکات، بەڵام خێوەکە وتی من سیاسەت ناکەم و گەنجەکەش وتی باشە من دەرچووی 2010م تەعینم بکە، خێوەکە وتی با کورستانت بۆ ئازاد بکەم ئاسانترە.
- نەوتم بۆ بکەرە رستەوە، ترحێو! هەبوایە ئەمخستە سۆپەوە.
- دەنگی جیهازی پارە ژماردن لەکاتی موچە وەرگرتن: وەزیر: تڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕڕ، پەرلەمانتار: تڕڕڕڕڕڕڕڕ، مودیر عام:تڕڕڕڕڕڕ، فەرمانبەرو پێشمەرگە: جڕرت.
- وتیان گەر کارەبا بتگرێ بەختت هەڵدەستێ و ژن دێنی، بەدرێژایی رۆژ دەستم خستە ناو پلاکی کارەبا، کارەبا هەر نەیگرتم.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan