کوردستانی

کەجەکە: پارتی رێگە نادات کۆمەڵگەی ئێزدی بگەڕێتەوە بۆ شنگال

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەجەکە: پارتی رێگە نادات کۆمەڵگەی ئێزدی بگەڕێتەوە بۆ شنگال
مەودا میدیا-

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە رایدەگەیەنێت پارتی هەم لەناو رای گشتی کورد و هەم لە دەرەوە هەوڵدەدات رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بزووتنەوە و گەل، ئاماژەی بەوەشکردووە پارتی رێگەنادات کۆمەڵگای ئێزدی بگەڕێتەوە بۆ شنگال.

لە راگەیەندراوێکدا کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە رایدەگەیەنێت "راگەیاندنەکانی پەدەکە و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم رۆژانەی دواییدا دەستیان بە پروپاگەندەیەکی دژ و هەڵخەڵەتاندن کردووە لە بەرامبەر بزوتنەوەکەمان، بەوەش نەوەستاون و زانیاری هەڵە و ناڕاست دەدەن بە کوسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی لە باشوری کوردستان و بەغدا و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن لە دژی بزوتنەوەکەمان هانیان بدەن، چەند نوێنەرایەتیەکی بیانیش لەسەر بنەمای زانیاریە ناڕاست و پێچەوانەکانی پەدەکە هەڵخەڵەتاون و لە دژی بزوتنەوەکەمان لێدوانیان بڵاوکردەوە. دەبێت نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی ئەوە بزانن کە لێدوانەکانیان کە لەسەر بنەمای زانیاریە ناڕاستەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک بڵاودەکەنەوە، زیان بە یەکێتی و یەکڕیزی کورد و ئارامی ناوچەکە دەگەیەنێت".

ئاماژە بەوەکراوە "پەدەکە هەم لەناو رای گشتی کورد و هەم لە دەرەوە هەوڵدەدات رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر بزووتنەوە و گەلەکەمان، بەم مەبەستەش پروپاگەندە بۆ رەشکردنمان دەکات و هەوڵ دەدات رەوایەتی بە دەسەڵاتی فاشیست و قڕکەری ئاکەپە-مەهەپە بدات و بزووتنەوەکەمان بە ئامانج دەگرێت، بیانوو دێنێتەوە، رووداوەکان پێچەوانە دەکات و بەم شێوەیە هەوڵدەدات زانیاری ناڕاست بڵاوبکاتەوە، هەروەها هێرشەکەی دوو رۆژ لەمەوبەری ناوچەی ئامێدی کە کرایە سەر هێزەکانی گەریلا، بەشێکی ئەو کارانەیەتی. هەم بەو هێرشە، هەم بە پرۆپاگەندەی دوای هێرشەکەش، ویستیان رێگە بۆ هێرشێکی بەرفراوان خۆش بکەن".

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە "پەدەکە پرۆپاگەندەی هەڵخەڵەتاندن و پێچەوانەکردنی راستیەکانی بەرفراوان کردووە و پرۆپاگەندەی ئەوەش دەکات کە توندوتیژیەکانی ناو خۆپێشاندانەکانی باشوری کوردستانیش گوایا بزوتنەوەکەمانی لە پشتە. بزووتنەوەکەمان هەر زوو هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا کربوو. جارێکی تریش بە پێویستمان زانی کە لەم بارەیەوە هەڵوێستمان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین، ئەو پرۆپاگەندانەی گوایا گەلی باشوری کوردستان هیچ داواکاری و کێشەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و دیموکراسی نییە، بەڵکو هێزەکانی دەرەوەن کە دەیانەوێت بارودۆخی باشور بشێوێنن بە زانابوون دەکرێت، ئەوەی بووەتە هۆکاری ئەنجامدانی چالاکی و ناڕەزایەتی گەل، ئەوا سیاسەتە هەڵەکانی دەسەڵاتی باشورن".

"جارێکی تریش ئاشکرا دەبێت کە پرۆپاگەندەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دوورن لە راستیەوە و بە زانابوون دەکرێن و هەوڵ دەدەن بیکەن بە بیانووی هێرشکردنە سەر بزوتنەوەی ئازادی، ئەم هێرشانەی دژی گەل و تێکۆشانی ئازادی لە باکور، رۆژئاوا، شنگال، مەخمور، باشور و رۆژهەڵات رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبن. ئەم جۆرە پرۆپاگەندانە، رەوایەتی دەدەن بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی گەلی کورد و دواڕۆژی ئازادی گەلەکەشمان دەخاتە مەترسیەوە"، کەجەکە وتویەتی.

راشیگەیاندووە "پەدەکە هاوکات شەڕێکی قوڕسی دەروونی و تایبەت بەڕێوە دەبات و دەڵێت، پەکەکە حکومەتی باشوری پێ قبوڵ نییە، ناهێڵێت خەڵک بگەڕێتەوە سەر گوندەکانی خۆیان، رێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی خەڵکی ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان، لە باشور گێرەشێوێنی دروست دەکات، ئامانجی ئەم هەموو پرۆپاگەندانە ئەوەیە کە گەل هەڵخەڵەتێنێت و رەوایەتی بدات بە هێرشەکانی دژی پەکەکە، لە راستیدا پێشووتریش ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە گوایا، پەکەکە پێگەی باشور دەخاتە مەترسییەوە، بەم پروپاگەندەیەش هەوڵدەدات بیانوو بۆ هێرشەکانی بهێنێتەوە، ئێستاش ئەو توندوتیژیانەی لە چوارچێوەی چالاکی و خۆپێشاندانەکانی گەلدا دێنە ئاراوە، دەخاتە ئەستۆی بزووتنەوەی ئازادی و هەوڵدەدات ئەم ئیدیعایانەی بسەلمێنێت، بە هێزی بکات و رەوایەتی بە هێرشەکانی خۆی بدات".

"داواکاریەکانی گەل راست و رەوان، بەڵام رووداوە توندوتیژیەکان زیان بە چالاکیە راست و رەواکانی گەل دەگەیێنێت و دەیانەوێت ئەمە بکەن بە بنەمای هێرش و گێرەشێوێنی هێزەکانی دوژمن. بۆیە توندوتیژیەکان کە زیان بە چالاکی و داواکاریە دیمۆکراسیەکان دەدەت، ناڕاستن.لە لایەکی ترەوە وڵامدانەوەی داوا رەواکانی گەل بە توندوتیژی، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. بۆیە پێویستە کێشەکان بە دانیشتن و دیالۆگ لەگەڵ جەماوەر و هەڵوێستێکی دیمۆکراسیانە چارەسەر بکرێن"، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە.

لە کۆتایشدا کەجەکە وتوشیەتی "ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئازادی، لە ناو هیچ هەوڵدانێکی نانەوەی توندوتیژی لە باشوری کوردستاندا نین و لایەنگری ئەوەش نین و هەوڵدانێکی لەم چەشنەش قبوڵ ناکەین، ئەم جۆرە ئیدیعایانەش پروپاگەندەی ناڕاستن، ئەوانەی ئەم جۆرە لێدوانانە بڵاودەکەنەوە، هەوڵدەدەن کێشەکان پەردەپۆش بکەن و لە بەرپرسیارێتی رابکەن. بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە لە دژی ئەم جۆرە لێدوان و پروپاگەندە قێزەوەنانە هەڵوێستیان بخەنەڕوو و پوچەڵی بکەنەوە".

س.س
Qaiwan
Qaiwan