عیراقی
کازمی: ئەمساڵ ساڵی ئاشکراکردنی نهێنییەکانە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند رێگەنادەن وڵاتەکەیان وەکو وڵاتانی تر مایەپوچ بێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە ساڵی 2021 ساڵی ئاشکرابوونی نهێنییە گەورەکان دەبێت بەتایبەتی لەبواری گەندەڵیدا.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکییدا کە ژمارەیەک لە وەزیر و مامۆستایانی زانکۆ تێیدا بەشداربوون و میدیا عێراقییەکان ناوەڕۆکەکەیان بڵاوکردووەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە کە عیراق لە ساڵانی رابردوودا وێران بووە و هەرگیز پرۆسەی گەسەسەندنی بەخۆیەوە نەدیوە.
جەختیشیکردووەتەوە "توانیومانە بەردەوام بین لە پێدانی موچەی فەرمانبەران و چاکسازییمان کرد و وەرەقەی سپیی ئابوریمان ئامادە کرد، هەموو ئەوانەش سەرباری قەیرانی قورسی دارایی و کۆرۆنا".
کازمی لەبارەی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی تردا ڕوونیکردووەتەوە "لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکان، دەتوانم بە متمانەوە بیڵێم کە کاری ئەم شەش مانگەی حکومەت بووەتە هۆی دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێزتر و متمانەیەکی باشتری هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ عیراق و حکومەتەکەى، هەموو دراوسێکانمان هەوڵی پشتگیریکردنی هەستانەوەى عیراق دەدەن، هەمووان تێگەیشتوون کە هاوسەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێویستی بە عێراقێکی بەهێز هەیە."
سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختیشیکردەوە کە ڕێگە نادەن عیراق دووچاری مایەپوچبوون ببێتەوە وەکو هەندێک وڵاتی تر کە دووچاری ئەوە بوونەتەوە.
باسی لەوەشکردووە کە ساڵی 2021 ساڵی ئاشکرابوونی نهێنییە گەورەکانە بەتایبەتی لەبواری گەندەڵی و نادادپەروەرییەکانەوە.