کوردستانی

بڵێسە جەبار فەرمان: بە یاسا دەستی کورد بەستراوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڵێسە جەبار فەرمان: بە یاسا دەستی کورد بەستراوە
مەودا میدیا-

پەرلەمانتارێکی یەکێتی رایگەیاند لە پەرلەمانی عیراق بە یاسا دەستی کورد بەستراوەتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە شەڕی داهاتووی کورد و عەرەب لەسەر نان و قوت و ئابووریە.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند "دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان، عەرەب بنەمای زۆرینە و کەمینە بەرانبەر بە کورد بەکار دەهێنن لە پەرلەمان".

ئاماژەی بەوەشکردووە "فراکسیۆنە عەرەبییەکان، بنەمای تەوافق لەبەر چاو ناگرن، بەپێی یاسا دەستی کوردیان بەستۆتەوە و دەیانەوێ هەرێم هەموو نەوت رادەست بکات".

روونیشیکردووەتەوە "شەڕی ئەم جارەی عەرەب و کورد لەسەر ماف و ئازادی نیە، لەسەر نان و قوت و ئابوریە، باوەڕ ناکەم بەبێ رێکەوتنی سیاسی لە دەرەوەی پەرلەمان هیچ پێشنیار و دەنگێکی کوتلە کوردستانیەکان لەناو پەرلەمان بەجدی وەربگرن".

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ شەممە، پەرلەمانی عیراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کرد و بڕیارە سبەی دووشەممە، پەرلەمان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکات.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، بودجەی ئەمساڵی عیراق زیاترە لە 164 تریلیۆن دینار و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 71 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبێت، پێشنیازکراوە 47 تریلیۆن و 817 ملیار دیناری بە قەرزکردن پڕبکرێتەوە.
 
لە پڕۆژەیاساکەدا پشکی هەرێم بە نزیکەی 13 ترلیۆن دینار دیاریکراوە و بەهای هەر 100 دۆلارێکیش بە 145 دینار و نرخی هەر بەرمیلە نەوتێکیش بە 42 دۆلار مەزەندەکراوە.

ب.م
Qaiwan
Qaiwan