کوردستانی
دادگای پێنجوێن داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتاری گۆڕان دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
سکاڵای یاسایی لەسەر دوو پەرلەمانتاری گۆڕان تۆمارکراوە و بەڕێوەبەری گومرگی باشماخیش روونکردنەوە لەبارەی سکاڵاکەوە دەدات.
دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن، لەسەر سکاڵایەکی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەی باشماخ، داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردووە پاریزبەندی لەسەر هەردوو پەرلەمانتاری گۆڕان، عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد لاببات بۆئەوەی لەبەردەم دادگادا ئامادەبن.
سکاڵاکەی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەی باشماخ پەیوەندی بە قسە و لێدوانەکانی ئەو دوو پەرلەمانتارەوە هەیە لەبارەی بوونی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە دەروازە سنورییەکە.
لەسەر هەمان بابەت بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ بێبەریبوونی خۆی لەو سکاڵایە راگەیاند و لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە "بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ، هیچ سكاڵایەكی تۆمار نەكردوە، ئەو سكاڵایە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە تۆمار كراوە و هیچ پەیوەندیەكی بە ئێمەوە نیە".
ماوەیەکی زۆرە ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەتایبەتی عەلی حەمەساڵح باس لەوە دەکەن کە لە دەروازە سنورییەکاندا قاچاخچێتی دەکرێت و کاڵاکان بە نایاسایی و بەبێ پشکنین دەهێنرێنە ناو هەرێمی کوردستان.
ب.م