کوردستانی

وتەبێژی گۆڕان لەبارەی کارەکانی فراکسیۆنی حزبەکەی لە بەغدا روونکردنەوە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وتەبێژی گۆڕان لەبارەی کارەکانی فراکسیۆنی حزبەکەی لە بەغدا روونکردنەوە دەدات
مەودا میدیا-

وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند دیدگای بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا دوو پایەی هەبووە؛ یەکێکیان نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و دووەمیان پەیوەندیی دەستووریی نێوان هەرێم و بەغدا.

عەدنان عوسمان، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە "دیدگای بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەغدا دوو پایەی هەبوو".

ئاماژەی بەوەکردووە "پایەی یەکەم، نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، نەک حزبەکان".

سەبارەت بە پایەی دووەمیش، روونیکردووەتەوە "پەیوەندی دەستووری و قانونی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا".

ئەمە لەکاتێکدایە کە فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەڵپەساردووە و دوێنیش سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکە بوون بە بەشێک لە هاوپەیمانێتی هیوا.

هاوپەیمانێتی هیوا لە 15 پەرلەمانتاری کورد پێکهاتووە و دوێنێ دووشەممە هاوپەیمانێتییەکە راگەیەنرا.

بەهار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کە بەشێکە لە هاوپەیمانێتی هیوا بە مەودا میدیای راگەیاند "ئێمە سەرەڕای ئەوەی ئەندامین لەو هاوپەیمانێتییە، بەڵام پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حزبەکانی خۆمان نەپچڕاندووە".

ب.م

Qaiwan
Qaiwan