کوردستانی

ئەمەریکا لە بواری کەرتی غازی سروشتی نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی کردووە

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئەمەریکا لە بواری کەرتی غازی سروشتی نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی کردووە
مەودا میدیا-

کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر زانیاریی گرنگ لەبارەی رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی کەرتی وزە و غازی سروشتی ئاشکرا دەکات.

رۆب وۆلەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر، لەمیانی گفتوگۆیەکی ئۆنلایندا کە پەیمانگای واشنتۆن رێکیخستبوو، بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەکرد "ئەمەریکا نێوەندگیری کردووە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا لە بواری کەرتی وزە و غازی سروشتی".

 وۆلەر رایگەیاند "نەک تەنها لە بواری غاز و وزە، بەڵکو لە رووی سیاسییشەوە ئەمەریکا رۆڵی هەبووە لە نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتیدا".

وتیشی "ئەمەریکا لە پشت پەردەوە بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی ئەرێنی لە نزیککردن و پێکەوە کارکردنی نێوان هەردوو پارتی سەرەکیی هەرێمی کوردستان و پارتەکانی دیکەی ئەم ناوچەیە".

پرۆژەی غازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک کۆمپانیاکانی داناغاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد، بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بۆ قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردن و فرۆشتنی نەوت و غاز لە کێڵگەکانی (کۆرمۆر) و (چەمچەماڵ) لە هەرێمی کوردستان.

هەرێمی كوردستان خاوەنی 5 تریلیۆن و 700 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتییە، كە دەكاتە 3% یەدەگی غازی سروشتی جیهان.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan